riklam

عيراق: متمانەمان بە تۆماری دەنگدەرانی كۆمیسیۆنی هەرێم نییە

چاوپێکەوتن 01:54 PM - 2018-02-07
.

.

ڕزگار حەمە محێدین جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عىراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە متمانەیەن بەو تۆماری دەنگدەرانە نییە كە لە لای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستانە و ئامادەیی خۆشیان بۆ هاوكاریكردنیان دەردەبڕدێت بە مەبەستی پاكکردنەوەی و دەشڵێت: ״لە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستاندا تا ئێستا 26 هەزار‌ و 500 ناوی دووبارە و وەهمی ‌و مردوومان پاك كردووه‌تەوە״.

جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عىراق لە چاوپێكەوتنێكدا باس لەو ڕێوشوێنانە دەكات كە گرتوویانەتە بەر بۆ ڕێگری لە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا و دەڵێت: ״سندووقی دەنگدان كە بە سندووقی زیرەك ناو دەبرێت ناهێڵێت وەرەقەی زیاتری تێ بكرێت و هەركەسێك كە دەنگی دەچێتە ناو سندووقەكەوە خۆی عەد‌ و فەرز دەكات ‌و كوتلەكان ‌و قەوارە سیاسییەكان ‌و كاندیدەكان جیا دەكاتەوە بەبێ كردنەوەی سندووقەكە ‌و كردنەوەی وەرەقەكان״.

سەرەتا لەوەوه‌ دەست پێ دەكەین كە ئامادەكاریی تەواو كراوە بۆ هەڵبژاردنەكانی عىراق؟

ڕزگار حەمە محێدین: هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە تەنانەت هەمواری یاسای هەڵبژاردنیشمان كردووە، لە لایەن پەرلەمانی عيراقەوە دەنگی لەسەر دراوە، ئەوەی كە ماوەتەوە دابینكردنی بودجەی هەڵبژاردنەكانە كە 260 ملیار دینارە، ئەگەر تا 5/2/2018 دابین نەكرێت كێشەی گەورەمان بۆ درووست دەبێت، وەعدیشمان لە سەرۆكی پەرلەمانی عيراق وەرگرتووە كە لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا بۆمان دابین بكرێت.

گۆڕانكاریی چی لە یاسای هەڵبژاردنەكانی عيراقدا كراوە؟

ڕزگار حەمە محێدین: سه‌باره‌ت به‌ كردنەوەی بنكەی دەنگدان كە بە شێوەی دەستی فەرزی دەنگەكان دەكرا، ئێستا ئێمە ئامێری ئەلیكترۆنی بەكار دەهێنین ‌و لە یاساكەدا جێی كراوەتەوە، بۆ هەڵبژاردنەكانی دەرەوە كاری هونەریی زۆری دەوێت، بۆیە داوامان لە پەرلەمانی عێراق كردووە دەسەڵاتمان هەبێت بەكاری بهێنین، ئەمەش بكرێت‌ و ئەوەش لە لایەن سەرۆكی پەرلەمانی عيراقەوە بەڵێنمان پێ دراوە لە یاساكەدا ئەو دەسەڵاتانەمان بۆ دیاری بكرێت‌ و پێمان بدرێت.

دەوترێت سندووقی زیرەك بەكار دەهێندرێت، ئەوە چۆن ڕێگری لە ساختەكاری دەكات؟

ڕزگار حەمە محێدین: ئێمە دوو ئامێر بەكار دەهێنین، یەكێكیان ئامێری تەحقیقە كە لە لایەن كۆمپانیای ئەندێرا كە كۆمپانیایەكی ئیسپانی گرێبەستمان كردووە دابین دەكرێت، ئەو تەحقیقە هەموو دەنگدەرێك دوای ئەوەی كارتی دەنگدان‌ و بایۆمەترییەكەی دەخرێتە ناو ئەو ئامێری تەحقیقەوە دڵنیای دەكاتەوە لەوەی كە ناوی هەیە‌ و زانیارییەكانی ڕاستن دوای دانانی پەنجەكانی دەستی، پاشان بیسەلێمنێت كە ئەو كەسە خۆیەتی، ئەوجا مافی دەنگدانی هەیە.

دوای ئەوەی كە دەنگی دا وەرەقەی دەنگدانەكە دەخاتە سندووقی زیرەكەوە كە گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی كۆری كردووە، هەردوو ئامێرەكە تەواوكەری یەكتر دەبن بۆ ڕێگرتن لە ساختەكاری‌ و دووجاردەنگدان.

تەنانەت سندووقی دەنگدان كە بە سندووقی زیرەك ناو دەبرێت ناهێڵێت وەرەقەی زیاتری تێ بكرێت، سندووقە زیرەكەكە كۆمەڵێك خاسێتی باشی تێدایە، لەوانە هەركەسێك كە دەنگی دەچێتە ناو سندووقەكەوە خۆی عەرد‌ و فەرز دەكات ‌و كوتلەكان‌ و قەوارە سیاسییەكان ‌و كاندیدەكان جیا دەكاتەوە بەبێ كردنەوەی سندووقەكە ‌و كردنەوەی وەرەقەكان، بە ڕێگەی سێرڤەری ئەلیكترۆنی بە مانگی دەستكردی تایبەتەوە هەموو دەنگەكان ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ مەركەزی پارێزگاكان، لە دوای ئەوەش هەموو دەنگەكان دێتە كۆمیسیۆنی بەغدا.

بە تۆماری بایۆمەتری دەنگدان ئەنجام دەدرێت؟

ڕزگار حەمە محێدین: بەڵێ بە تۆماری بایۆمەتری دەنگەدان ئەنجام دەدرێت‌ و ئەو كەسانە پێشتر هەر 10 پەنجەكەیان مۆر كردووە، لە كۆی 24 ملیۆن و 400 هەزار دەنگدەری عێراقی، 11 ملیۆن ‌و 800 هەزار كەس لە عێراقدا بایۆمەتریی كردووە، ڕێژەیەكی باشە‌ و پڕۆژەیەكی ستراتیژییە ‌و بۆ ماوەی 14 ساڵ بەردەوام دەبێت، تا ئەو كاتەی هەموو عێراق بایۆمەتری ئەنجام دەدەن.

زۆرێك لە هاووڵاتییانی هەرێم ئەو بایۆمەترییەیان نەكردووە، ئەوە چارەسەری چۆن دەبێت؟

ڕزگار حەمە محێدین: ئەوانەی بایۆمەترییان نەكردووە لە 2014ەوە كارتی دەنگدانیان هەیە ‌و زانیارییەكانی لەسەرە ‌و تەنها جیاوازی لەگەڵ بایۆمەتری ئەوەیە كە تەنها یەك پەنجەیان بەسمە‌ و مۆر كردووە، ئێمە بەراوردی بەسمەكان دەكەین ‌و هەر کەسێک دەنگ بدات بەو كارتە، دوای چركەساتی دەنگدانی 30 ڕۆژ ئەو كارتی دەنگدانەی قوفڵ دەبێت، تا هیچ هاووڵاتییەك نه‌توانێت دوو دەنگ یان زیاتر بدات ‌و تەنها مافی ئەوەی هەیە یەك دەنگ بدات.

متمانەتان بە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان هەیە؟

ڕزگار حەمە محێدین: ناتوانین بڵێن متمانەمان پێی هەیە.

كێشەكانی لە چیدایە كە لێی دڵنیا نین؟

ڕزگار حەمە محێدین: لەبەر ئەوەی ناوی دووبارە ‌و وەهمی، ناوی مردووی تێدایە ‌و ئیشمان لەسەر كردووە، لە ڕێگەی فۆرمی خۆراك لە وەزارەتی بازرگانی‌ و ناوی مردووان لە لای وەزارەتی تەندرووستی ‌و تەنانەت لەگەڵ وەزارەتە ئەمنییەكانیش، دیارە ئێمە توانیومانە تا ئاستێكی باش پاكی بكەینەوە، لە هەرێمی كوردستان 26 هەزار ‌و 500 ناوی دووبارە ‌و وەهمی‌ و مردوومان دەركردووە، بەردەوامیش دەبین لەسەری بۆ پاكکردنەوەی.

بەو تۆمارەی ئێستاوە هەڵبژادنەكانی عيراق لە هەرێمی كوردستان دەكرێت یان بە تۆماری دەنگدەرانی كۆمیسیۆنی بەغداوە؟

ڕزگار حەمە محێدین: ئەو هەڵبژاردنەی لە 12/5/2018 دەكرێت هەموو ئەو پێوەر ‌و میكانیزمانەی خۆمان بەكار دەهێنین بە بەكارهێنانی ئامێرەكانمانەوە ‌و بەو تۆمارە دەكرێت كە لە لای عێراق هەیە.

سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن یان ئەوە بۆ كۆمیسیۆنەكەی هەرێم بەجێ دەهێڵن؟

ڕزگار حەمە محێدین: ڕێكکەوتنێكی پڕۆتۆكۆڵی لە نێوان كۆمیسیۆنی عێراق ‌و هەرێمدا هەیە، بەڵام تا ئێستا قسە لەسەر ئەوە نەكراوە كۆمیسیۆنی عێراق ئەو هەڵبژاردنانە ئەنجام بدات، ئەگەر كۆمیسیۆنی هەرێم داوای هەر هاوكارییەكمان لێ بكەن، ئەگەر داواش لە كۆمیسیۆنی عێراق بكرێت بۆ ئەوەی ئێمە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان ‌و سەرۆكایەتیی هەرێم ئەنجام بدەین، ئەوكات ئەنجوومەنی كۆمیسیاران كۆ دەبنەوە بۆ بڕیاردان لەسەری.

دەوترێت ژمارەی مردووەكانی تۆماری دەنگدەران لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەرێم زۆرە؟

ڕزگار حەمە محێدین: بەڵێ بوونی هەیە، بەڵام ژمارەكەی بە تەواوی نازانین، بەڵام ئەو تۆمارەی لای كۆمیسیۆنی بەغدا هەیە ئەوە بەكار دەهێندرێت‌ و بەردەوام دەبین لە پاكکردنەوەی.

دەوترێت كۆمیسیۆنی هەرێم داوای هاوكاریی لە ئێوە كردووە بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران؟

ڕزگار حەمە محێدین: داوایان لە ئێمە كردووە ئەو تۆمارەی پاكمان كردووه‌تەوە پێیان بدەین، ئێمەش لە هاوكاریكردن لە پێناوی پاكوبێگەردی‌ و شەفافییەتی هەڵبژاردنەكان ئامادەین پێیان بدەین.

كۆمیسیۆنی بەغدا ئاگاداری ئەوە ژمارە زۆرەیە که‌ عەرەبی ناوچەكانی تری عێراق لە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمدا هەیە؟ ئەوە چۆن چارەسەر دەكەن؟

ڕزگار حەمە محێدین: ئێمە كۆمیسیۆنێكی سەربەخۆین، سەر بە هیچ لایەن ‌و نەتەوەیەك نین ‌و هەموو لایەك پێكەوە خزمەت دەكەین، چۆن خزمەت بە هەولێر ‌و سلێمانی و كەركوك دەكەین بە هەمان شێوە خزمەت بە بەسڕە و زیقار ‌و سەماوە دەكەین.

بە پێی ڕێكکەوتنێك كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كەركوك لە دەست كورد وەردەگیرێتەوە، دەدرێت به‌ یەكێك لە پێكهاتەكانی تر، ئەوە مەترسییەكانی چیین؟

تا ئێستا بە فەرمی كۆمیسیۆن لەوە ئاگادار نەكراوەتەوە كە بەرپرسی ئۆفیسی كۆمیسیۆن لە كەركوك دەدرێتە كەسێكی تر، بڕواش ناكەم ئەو كارە جێبەجێ بكرێت.

بۆ هەڵبژادنەكانی پەرلەمانی عێراق جگە لە سێ لایەنەكە هیچ هاوپەیمانێتییەكی تری كوردی ڕاگەیه‌ندراوە؟ دەرفەتی ئەوە ماوە یەكێتیی و پارتی لەو هەڵبژاردنەدا ببنە هاوپەیمان؟

ڕزگار حەمە محێدین: هاوپەیمانێتی كۆتایی پێ هاتووە لە 11/12/2018وە ناگەڕێینەوە سەر ئەوە، ئێستا وادەی پێشكەشكردنی لیستی كاندیدی قەوارەكانە كە دەبێت تا 10/2/2018 بگاتە كۆمیسیۆنی باڵای عێراق.

لە عێراق و هەرێمی كوردستان چەند هاوپەیمانێتی هەیە؟

رزگار حەمە محێدین: تا ئێستا 205 حزب وەك قەوارە ناوی خۆیان تۆمار كردووە ‌و 27 هاوپەیمانێتی كراوە، ئەو 27 هاوپەیمانێتییە لە 143 حزب پێك هاتوون، لە هەرێمی كوردستان تەنها یەك هاوپەیمانێتی كراوە كە لە نێوان گۆڕان‌ و كۆمەڵ ‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ‌و دادپەروەری كراوە، هاوپەیمانێتییەكەی خانەقینیش لە نێوان یەكێتیی ‌و شیووعی ‌و پارتی كرابوو، پارتی كشاوەتەوە لێی‌ و تەنها یەكێتیی ‌و حزبی شیووعی پێكەوە ماون.

پێشتر هەر لایەنێك دەبوو 50 ملیۆن دینار بدات، ئەوكات دەیتوانی بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكات، ئایا كەم كراوەتەوە یان وەك خۆیەتی؟

ڕزگار حەمە ئەمین: بۆ ئەو لایەنانەی لەناو هاوپەیمانێتییەكدان 50 ملیۆن دینار دەدەن، ئەوانەشی بە لیستی جیا بەشداری دەكەن كەم كراوەتەوە بۆ 15 ملیۆن دینار ‌و ئەو كاندیدانەی لە دەرەوەی حزب‌ و قەوارەكان خۆیان كاندید دەكەن بۆیان كراوەتە 10 ملیۆن دینار، ئەم بڕیارە ڕۆژی 30/1/2018 دەرمان كرد وەك ئەنجوومەنی كۆمیسیۆن بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بەوانە بدرێت كە ئەو توانا ماددییەیان نییە.

 

PUKmedia ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket