riklam

نفوز و نفوس

بیروڕا 11:19 AM - 2026-07-04
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

زۆر باسی نفوز و باڵانس و بڕیار دەکەن. تەنانەت بێ ئەوەی ئەم پرسە پەیوەست بکەن بە بەها نەتەوەییەکان و نرخە سیاسییەکانی ئەوی بە دەستیان هێناوە. واتا خۆیان لەوە نەبان دەکەن ئەوی هەیانە چۆنیان بە دەستهێناوە و بە کام پشتیوانی هەرێمایەتی جێگیریان کرد کە ئەمڕۆ پۆزی پێوە لێ دەدەن؟
ئەی ئەگەر ئەو پشتیوانیییە زانی بارن بەسەرییەوە و سەرنجیدا باشترە هاوسەنگی بکاتە سیاسەتی لەمەودوای؟
میللەتی هوشیاری کورد یادەوەری تیژە لەسەر ئەوی قەوماوە، با تەنانەت ئەهلی بەرژەوەند و هەندێک دەستەبژێری شاش پێیان وابێ هەر خۆیان لێی دەزانن. ئاخر هەر ئەو میللەتە هۆشیارە خۆشی نەزۆک نییە و پێویست بێت دەستەبژێری لۆک بەرهەم دێنێ، لە جێی ئەوانەی هەموو دوا رۆژیکی باشتریان لەسەر گەلەکەمان بلۆک کردووە بۆ ئەوەی مەجبوری نادادی و ناڕەوایی بێت.
قەومی نەجیبی کورد ئایندەی خۆی لەسەر دیواری بنبەست و بازنەی داخراو پەک ناخات و بۆ هەموو دەورانێک دەریچەی دەربازبوونی هەیە. چارەنووسی شایانی خۆی لەسەر چارەڕەشی و گەمارۆی بێ پەروایی تاپۆ ناکات. بۆتانی ناسەلمێنێ.

وتەزای (نفوز و بەڵانس و بڕیار ) وتەزای ئەوانەیە تەنها بەرپێی خۆیان دەبینن و کەیفیان بەو کەمە دەسەڵاتە دێت کە لە غەفڵەتی ناڕەوادا بۆیان دابین بووە. لە کاتێکدا ئەوی لایانە ناوی خۆشناوی دامەزراوە رەسمییەکانی کوردستانە و ئەمان بە بارمتە بۆ بەرژەوەندی تەسکی ، حزبایەتی تەسک، بەکاریدێنن.
دەنا ئەگەر قسە نفوز و بەڵانس و بڕیار بێت دەتوانین بۆ ساتێکیش بێت ، هەر بۆ حوجە و مەنتیق بێژین :
برایان ! یەکێتی بەغدادی لێ گرتوون و خۆشتان لە خوێن تالکردنی خۆتان لە بەغداد قسور ناکەن، تا ئەوەی بەداخەوە یەک ملێۆن دەنگەکەتان هەر وەک نەبوو لێ کردووە. دەڵێین بە داخەوە چونکە هیچ نەبێ دەنگی کوردە جا زەرد بێ یان سەوز دەبوایە بە حیساب و کیتابێکی وردتر مامەڵەی ئەو ئەمانەتەتان رایی بکردایە.
وێجا ئەوە بەغدادی پایتەخت و بێنە ئەو دیو حەمرین: لە کەرکوک کە قسەیەکتان ناڕوا و شریتی ناوچە دابڕاوەکان لە موسڵ و خانەقینیش لمی تەراویلکەیە، کە جاران خۆتان پارێزگارتان دادەنا و دەڤەرەکە وەک باخچەی پشتەوەی زۆنی زەرد بوو.
ئەوە هەرێمی کوردستانیش کە زۆر بە 39 کورسییەکەیەوە باسی زۆرینەتان دەکرد، ئێستا رەنگی تری گرتووە و دەنگی تری هەیە. مەسەلە هەر رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ نییە ، بەڵکە لە هەموو کوردستان بە قسەی تازە و روانگەی نوێ شپرزەکراون و دەبێ ئێوەش شتێک بڵێن. کچی کارتی دەستتان هەر ئینکاری و هەر بە بارمتە بردنی دامەزراوەکانە. وەڵا بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنەکەشمان سەرچێغ نەچێ، کەمێکیش پەیچ و سایتەکانی بازاڕی رەش کە هیچیان تیا نەهێشتۆتەوە لە بێشەرمی و بێسەوادی خیتابی سیاسییان.
قوربان ئەگەر باسەکە نفوز و باڵانس و بڕیار بێت خراپ نییە ئەم پێدراوانەشتان لە لا بێت کە ژماردمان.

بەڵام راستێکەی باسەکە وەک دایکەکەیە کە نامانەوێ قۆڵی منداڵەکە بێشێ، چونکە فەرەزەندی خۆنە . دەنا مەعلومە کێ پەرۆشی ئەم کوردستانەیە؟ هەر ئەوەی خوێنی بۆ دا ، راپەڕینی بۆ کرد و لەبەر سۆزی دایکایەتیش چاوی لە پۆست بەڵانس و پایە نەبوو، بەڵام بێ گومان چاوی لە ئایندەی گەشی میللەتەکەیەتی و بۆ ئەمەش شەراکەتی بڕیاری دەوێ تا ستۆپ بە بڕیاری فەلاکەتبار بکرێ و هەڵە و چەوتییەکان ڕاستبکرێتەوە.
مەسەلە نفوز نییە، مەسەلە نفوسە.
بەڵانس بۆ ئەوە خاسە و بڕیار بۆ ئەوە چاک.
نفوسی ئێمە بەرزە، گەرەکمانە کورد و کوردستان پایەدار بێت و لە خەمی داهاتوو بڕەخسێ، میللەتەکە نان و گوزەرانی بە بارمتە نەبرێ و حوکمڕانییەکەی وەکو جاران راوەستاو بێت، وا بەری دڵ بکرێت کە خودی میللەتەکە وەک هەمیشە گیانبازی بۆ بکات.

PUKMEDIA 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket