یاخیبوونی مانا لە دژی بەستەڵەکی واقیع
بیروڕا 10:32 AM - 2026-05-19
لە فەلسەفەی کۆندا، پێناسەی واقیع زۆر کورت و سنووردار بوو. بۆ نموونە
وەها بیر دەکرایەوە تەنیا ئەو بابەتانە ڕاستەقینەن کە لە چرکەساتی خۆیدا لەبەر
چاوماندا ئامادەن و دەتوانین بەرکەوتنمان لەگەڵیاندا هەبێت، هەر شتێک لە دەرەوەی
سنووری مادی و بینراودا باسبکرایە، وەک نەبوو یان وەک خەیاڵێکی پووچ و بێبڕست
سەیری دەکرا و دەبووە ئەفسانەیەکی سەرگەردانی دوور لە کەژ و چیای واقیعی.
داگیرکەرانی کوردستان، ڕێک بە پشتبەستن بەم جۆرە بیرکردنەوە کۆن و
چەقبەستووە سەرەتاییانە سەیری دۆزی ڕەوای کورد دەکەن، ئەوان دەیانەوێت دەوڵەتی
کوردستان و مافی حاشاهەڵنەگری گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی وەک بابەتێکی تەمومژاوی،
تاریک و خەیاڵی نیشان بدەن، گوایە پڕۆژەیەکە تەنیا لەناو کۆشکی خەیاڵ و خەونی
تاکەکانی کورددا دەخولێتەوە و لەسەر ئەرزی واقیعدا هیچ ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی نییە،
بەڵام کاتێک بە چاویلکەی فەلسەفەی هاوچەرخ و زانستی بوونناسییەوە (ئۆنتۆلۆژیا)،
لەم هاوکێشە ئاڵۆزە ورد دەبینەوە ئەوا حەقیقەتێکی درەوشاوە دەبینین، تێدەگەین ئەم
جۆرە پێوەرانەی داگیرکەر بۆ نەبوونی دەوڵەتی کوردستان لە بنەڕەتدا هیچ بنەمایەکی
زانستی و فەلسەفی هاوچەرخی تێدا نییە، بەڵکو تەنیا بڵق و وەهمێکی سیاسیی شۆڤێنیانەیە
داڕێژراوە. تیۆرە دێرین و ژەنگاوییەکان وەک پەردەیەک بۆ شاردنەوەی حەقیقەتێکی
مێژوویی قووڵ بەکاردەهێنن، حەقیقەتێک ساڵانێکی زۆرە بە پیلان و هێزی ئاگر و ئاسن
چەپاندوویانە و لە ترساندا نایانەوێت دانی پێدا بنێن.
مارکوس گابریل، فەیلەسوفی گەنج و ناوداری ئەڵمانی، لە تیۆریی ڕیالیزمیی
نوێدا پەیامبەری ئەوە دەکات هیچ شتێک وەک جیهانێکی نەگۆڕ و وەستاوی یەکگرتوو بوونی
نییە. ئەو دەرگایەکی نوێمان بەڕوودا دەکاتەوە و پێمان دەڵێت جیهان لە کایەی
هەمەچەشن و فرە ڕەهەند پێکهاتووە، واتا شتەکان فیزیکی بن یان فیکری و سیاسی، تەنها
کاتێک ڕاستەقینەن کە لەناو کایەی تایبەت بە خۆیاندا تەماشا بکرێن. پشتبەست بە
تێڕوانینەکەی مارکۆس گابرێل دەتوانین بڵێین جیهان تەنیا یەک کتێبی داخراو نییە
هەموو دێڕەکانی بە یەک رەنگی مەرەکەب بنووسرێن و بەرەو تەنیا یەک ئاراستەش بڕۆن،
بەڵکو پەرتووکخانەیەکی گەورەیە و مانای هەمەچەشن دەبەخشن. ئەم تێڕوانینەش دەرگای
بیرکردنەوە بەڕووی فرەیی، دەوڵەمەندی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە مۆنۆپۆڵکردنێکی
حەقیقەتدا دەکاتەوە.
دەوڵەتی کوردستان لە کایەی داگیرکەردا وەک مەترسی و دێوەزمە و خەیاڵێکی
یاخی دەردەکەوێت، بەڵام لە بەرانبەردا لە کایەی مانای مرۆڤی کورددا وەک
حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر و پێویستییەکی ژیاریی قووڵ بوونی هەیە. گابریل بە توندی
ڕەخنە لەو باوەڕە باوە دەگرێت کە دەڵێت ئەگەر شتێک لە مێشکدا بە بێ ئەوەی بوونی
مادی هەبێت، کەواتە واقیع نییە و خەیاڵێکی بێبنەمایە. ئەو پێداگری دەکات لەوەی
مرۆڤەکان خۆیان خودی واقیع و حەقیقەت بەرهەم دەهێنن، بۆ نموونە زۆرینەی سیستەمە
دیموکراسییەکانی جیهان کاتێک بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان درووست بوون، ئەوە
خودی خەونەکانی مرۆڤ درووستی کردوون و ئێستاش وەک ئامڕازی بەرجەستە بۆ بەڕێوەبردنی
مرۆڤایەتی مامەڵەیان لە تەک دەکرێت، نەک پێشتر بوونیان هەبوو بێت و مرۆڤ بە ناچاری
وەک واقیعێکی مادی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، وەک چۆن بیرۆکەی کۆماری و مافی مرۆڤ لە
سەردەمی پاشایەتییە ڕەهاکانی ئەوروپادا وەک خەیاڵێکی یاخی دەبینرا، بەڵام دواتر
بووە واقیعێکی باڵادەست. (شایەنی
باسە سەرجەم سیستەمەکانی دیکەی جیهان هەمان کێبڕکێیان لە نێوان خەیاڵ و واقیع ئەزموون
کردووە).
ئەگەر سیاسەتی نێودەوڵەتی لەمڕۆدا هاوتەریبی هاوکێشەی داگیرکەران بێت
لە بەرانبەر بە کورد، ئەمە بەو مانایە نییە ناسنامەی ئێمە خەیاڵییە و لەسەر ئەرزی
واقیع بوونی نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە زلهیزەکان لە ناو کایەی مانایەکی
بەرژەوەندخواز و چاوچنۆکدا نوقم بوون و بە ئەنقەست چاوی خۆیان لە ئۆنتۆلۆژیای
نەتەوەیەکی زیندوو نوقاندووە. ماف، ئازادی و دەوڵەت بەرهەمی مێشک و ئامانجی باڵای
مرۆڤن، بۆیە ناتوانرێت حەقیقەت بەو پێوەرە مادییە ڕووت و بێگیانە بسەلمێنرێت.
فەیلەسوفی هاوچەرخی فەرەنسی کاترین مالابۆ، پێمان دەڵێت: مێشکی مرۆڤ و
واقیعی سیاسی وەک کۆمپیوتەرێکی ڕەق و بێهەست نییە، پڕۆگرامێکی نەگۆڕ و بەستوویان
تێدا بێت. واتا بە پێچەوانەی بیری چەقبەستووی داگیرکەرەوە کە دەیەوێت نەبوونی
دەوڵەتی کوردستان وەک دۆخێکی هەمیشەیی و کۆنکرێتی و جێگیر پیشانی جیهان بدات.
مالابۆ فۆکەسی لەسەر ئەوەیە سروشت و مێشک
هەمیشە کایەی گۆڕانکاری و نوێبوونەوەن. ئەم ئارگۆمێنتە کوتومت ئەو جێژوانە
ئارامەیە کە ئیرادەی کوردی تێدا لەدایک دەبێت. کورد تەنها کۆمەڵە جیناتێکی کۆتکراو
و زنجیرکراو نییە مەحکوم بێت بە ژێردەستەیی ئەبەدی، بەڵکو بوونێکی چالاک و زیندوو
و ڕاپەڕیوە. مێژووی کورد خۆی سمفۆنیایەکە لە گەشە و نوێبوونەوە، هەموو جارێک
داگیرکەر جا بە ناوی ئاشتییەکی فێڵاوییەوە بێت یان بە شەڕ و جینۆساید هەوڵی
سڕینەوەی دەدات، کەچی کورد لە خۆڵەمێشی خۆیەوە لە ڕێگەی ئەزموون و بەرگرییەوە
دووبارە خۆی دادەتاشێتەوە و لە دایک دەبێتەوە.
سەرلەنوێ دێینەوە سەر ئەو خاڵەی کاتێک سیاسەتی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە
داگیرکەر دەکات و واقیع کورت دەکەنەوە بۆ بەرژەوەندییەکی کاتی و کورتخایەن، ئەوا
گابریل داکۆکی دەکات و دەڵێت: ناکرێت حەقیقەت تەنها بەوە پێناسە بکرێت کە لەلایەن
خاوەن دەسەڵات و زلهێزەکانەوە ناونراوە. کەواتە دەوڵەتی کوردستان، هەرچەند لای
نەیاران وەک چیرۆکێکی خەیاڵی و ئەفسانەیی وێنا بکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا بوونێکی
داینامیکی و تەقینەوەییەکە تەنها خۆی مەڵاسداوە بۆ چرکەساتی گۆڕانکاری.
ئێمە ئازادین، چونکە دۆخی ئێمە نەگۆڕ و بەستەڵەک نییە. ئەگەر مێشکی
مرۆڤ و ژیان پڕ بن لە دەرفەتی نەبینراو و گۆڕانکاریی کتوپڕ، کەواتە هیچ سنوورێکی
سیاسی بە زۆر سەپێندراو لەم جیهانەدا ئەبەدی نییە و بوونی دەوڵەتی کوردستانیش لە
کایەی خەیاڵەوە باز دەداتە ناو کایەی ڕاستەقینە، بەڵام تەنها بەو مەرجەی ئیرادەی
مرۆڤی کورد وەک هێزێکی داهێنەر کار بکات و ئەو بۆشاییە مێژوویی و بایۆلۆژییانە
بقۆزێتەوە کە مێژوو بۆی هێشتووەتەوە.
پێویستە نەبین بە کۆیلەی ئەو پڕۆگرامە سیاسییانەی ئەوانی تر بۆیان
داناوین، چونکە مێشکی ئێمە توانای هەیە واقیعێکی هاوچەرخ و سەربەخۆ دابتاشێت. بەم
پێیە، ئامانجەکانی گەلی کورد نەک هەر خەیاڵ نییە، بەڵکو ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەیە
کە داگیرکەر بە هەموو هێز و ئامڕازە پڕوپاگەندەکانییەوە دەیەوێت بە خەیاڵ
بیناسێنێت، چونکە ئەو لە قووڵایی ناخ و دەروونیدا لە ڕاستەقینەبوونی ئەم واقیعە و
لافاوەکەی دەترسێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03




دابەزێنە

