riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 08:21 PM - 2026-05-18
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

ئۆرگانی یەکەم، یان کۆمیتەی نموونەیی
(12)
کۆمیتەی نموونەیی یان ئۆرگانێکی نموونەیی لە هەیکەلی خوارەوە، لە حزبدا، نموونەیەکە بۆ بەریەککەوتنی حزب لەگەڵ جەماوەر، لەگەڵ شار و دامەزراوەکانی، جا ئەگەر ئۆرگان لە شارۆچکە بێت و یەک دانە بێت، وەک ئەوە وایە حزب لەو دامەزراوەیە کورت کرابێتەوە و ئەرکی نوێنەرایەتی حزب و پاراستنی هەیبەت و جێگەی حزبی لەو جوگرافیایەدا سەرەکی و زۆر گرنگ دەبێت.

بیرۆکەی گۆڕانکاری لە ئۆرگان، بچوککردنی، یان گەورەکردنی، یاخود گۆڕینی جۆر و ناوەکەی بیرۆکەیەکی رەسەن و رەوای حزبایەتییە، بە مەرجێ رێوشوێنی حزبی وەک لیژنەی پێسپێردراو، یاخود بە زۆرینە و کەمینەی دەنگدان لە سنووری دەسەڵاتی ئۆرگانەکە پێک بێت.

چونکە ئەسڵ لە دامەزراوە و ئۆرگانەکان بیرۆکەی ئەوەیە خزمەت بە ئامانجەکانی حزب بکات، ئەوە راستە لە رەوتی ژیانی حزبایەتیدا روودەدات ئۆرگانێک وا کۆن بێت و لەگەڵی رابێن کە دەستکاریکردنی وەک خەوش و کەموکوڕی دەربکەوێت و نەیاری تەقلیدی بۆ پەیدا دەبێت، بەڵام هەمیشە دەبێ بیانوو و هەنجەتەکە ئەوەبێت ئۆرگان بۆ ئەوەپێکدێت ئەرک راپەڕێنێ نەک پەرستگایەکی پیرۆز بێت کە دەستکاری هەڵنەگرێت.

لێرە ئێمە وا باسی دەستەواژەی (کۆمیتەی نموونەیی) ناکەین کە باشترینەکانە و بێین بیناسێنین، بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە، وەک نموونە نەخشی (کۆمیتەیەک) بکێشین و بیکەینە ماپێکی حزبی و لەبەردەست خۆمان دایبنێین و کاری لەسەر بکەین.

نموونەی بەشەکان لەو نموونەیەیە و مەرج نییە دەستکاری قبووڵ نەکات

1 - کۆمیتەی نموونەیی یەکەیەکی ئۆرگانییە، لە سنوورێکی جوگرافی دیاریکراودا قەڵەمڕەو و بەشداری حزبی و کاریگەری حزبی دیاریکراو دەردەخات.
2 - هەیکەلی هەڤاڵێتی لە کۆمیتە چۆن دەبێت؟ بەشێوەیەکی نەریتی وایە: لێپرسراوی کۆمیتە، جێگر و ستافی ئەندامانی کۆمیتە، لە خوار کۆمیتەوە، بەشەکان دێن، ئۆرگانی خوارتر وەکو کەرت، یان بە پێی پێوەرە تازەکان، بەشی هەڵبژاردن (بنکە و وێستگە و هتد...).

بەشەکان بریتین لە: هەموو بەشەکانی کە لە ئۆرگانە باڵاکانی سەرو هەیە، دەشێ بە بچووکتر دووبارە ببنەوە. واتە:

-بەشی رێکخستن: کاری رێکخستن دەکات بە هەیکەلی هەنگ و شانە و بازنە یان هەر ناونیشانێکی پەسەندکراو ئەندام ئیدارە دەدا کە گیانباز و سەربازی خەباتی حزبایەتییە، کۆبوونەوەی حزب رێکدەخات و شێوازەکانی کاری رێکخراوەیی رەنگڕێژ دەکات، ئەندام بۆ حزب زیاد دەکات و لەناو ئۆرگانەکانی حزبدا رێکیان دەخات و ئەرکیان پێ دەسپێرێت

-بەشی میدیای نوێ: ئەم بەشە جێی بەشی راگەیاندن دەگرێتەوە، بەو ئیعتیبارەی میدیای کلاسیکی، وەکو تیڤی و رادیۆ و رۆژنامە، بەشێک دەبن لە میدیایی رەسمی حزبەکە و راستەوخۆ کاری حزبی و رێکخستن ناکەن. بەشی میدیای نوێ واتا خستنەگەڕی هەموو سەکۆکانی سۆشیال میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ چالاکی حزبی، چالاکی کۆمیتە و سەکۆ و بازنەکان....هتد.

-بەشی تێکۆشەران: تێکۆشەران و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی کە لەو بەشە ئۆرگانییە خۆیان رێک دەخەن، واتا بەشی رێکخستنی دێرین، زیندانی سیاسی، پێشمەرگەی دێرین دەبن و دەبنە ئەندام لەو بەشە و بۆ هەموو ‌هەڵسوڕاوێکی حزبی لە سنووری جوگرافیای کۆمیتەدا ئامادە دەبن.

-بەشی ئیدارە: بەشی(ئیدارەی فەرمانبەران) یان باشترە بڵێین، ئەو هەڤاڵانەی کۆمیتە کە ئیشی ئیدارە دەکەن، لە چوارچێوەی سەرچاوە داراییەکانی (بۆهاتوو) و (پەیداکراو) ئیدارەی دارایی حزبیش دەکەن.

-بەشی شەهیدان: بەشی خزمەتکردن بە کەسوکاری شەهیدان لە سنووری جوگرافیای دیاریکراوی کۆمیتە، دیارە ئەمە لەو چوارچێوەی لە توانایدایە و پاشان لە سەرووی خۆشیان خاوەندارێتی لە کێشەکانیان دەکەن.

-بەشی هەڵبژاردن: سەرەکیترین کاری کۆمیتە دەکات لە هەموو خولێکی هەڵبژاردندا، ئەم بەشە لە شێنەییدا سەرپەرشتی دۆسێی هەڵبژاردن و سەرپەرشتی وێستگە و ناوەندەکانی هەڵبژاردن لە سنووری جوگرافی خۆی دەکات، سەرپەرشتی داتا و گرفتەکانی دەنگدەرانی حزب دەکات و ئەرکەکانی فریاکەوتن و دەنگدان و کەموکوڕییەکانی هەڵبژاردن بەسەر دەکاتەوە.

بۆ حزبی دیموکراتی و مەدەنی بەشی هەڵبژاردن زۆر گرنگە و ماکی مانەوە و گەشەی رەوایەتی حزبەکەشە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket