riklam

حەسەن کوێستانی پەیامبەری ئاشتی

بیروڕا 03:33 PM - 2026-05-17
سەعدی ئەحمەد پیرە

سەعدی ئەحمەد پیرە

یەکێک لە ناخۆشترین هەستەکانی مرۆڤ لەدەستدانی هاوڕێ و هاوخەبات و هاوسەنگەرەکانیەتی . راستە بەدرێژایی مێژووی دۆزی کورد سەدان هەزار ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەمان لەدەستچووە ، بەڵام هەندێ هەڤاڵ وهاوسەنگەرمان کاتێک لەدەست دەچن شوێن و مەکانیان تا ئەبەد پڕ نابێتەوە و هەمیشە لەهزرو یادەورییەکانماندا بە زیندوویی دەمێننەوە .

قەدەری ئێمەی کورد ئەوەیە هەموو مرۆڤەکانمان هەر لەدایکبوونیانەوە پرۆژەی شەهیدبوونن ، تاکو میللەتەکەشمان نەگاتە ئاواتی مافی چارەنووسی خۆی هیچ تێکۆشەرێکی کورد لەم قەدەرە بەدەر نیە . شەهیدبوونیش لەرێگای خەباتو تێکۆشانی نەتەوەییدا شەڕەفێکی گەورەیە و لە تۆماری مێژوودا دەنووسرێتەوە ، بەڵام زامە قووڵەکە لێرەدایە کاتێک سەرکردەیەک و پێشمەرگەیەکی ئازاو نەبەز کە لە دەیان داستانی پێشمەرگایەتیدا رووبەرووی دوژمن دەبێتەوە ، بەڵام دواتر بەدەستی براکانی خۆیەوە بە غەدر شەهید دەکرێ . چیرۆکی شەهیدبوونی سەرکردەی تێکۆشەری کورد کاکە حەسەن کوێستانیش  یەکێکە لە لاپەڕە هەرە ڕەشەکانی شەڕی براکوژی ساڵانی نەگبەتی ناوەڕاستی نۆهەتەکان .

دوای ئەوەی شەهید کوێستانی و سەرکردایەتی یەکێتی گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کەوا ململانێی خوێناوی نیوان کورد لەدوای راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری کوردستان  بێهوودە و ئازاربەخشە بۆ میللەتەکەمان و خەریکە ئەم شەڕە نەگرییسە دەسکەوتە مەزنەکەی راپەرینمان لەدەستبدات ، وەک پێشمەرگەو سەرکردەیەک کە دەیانو سەدان هاوڕێ وهاوسەنگەری بینی بە دەستی براکانیەوە شەهید دەبن ، ویستی بە هەنگاوێکی بوێرانە لەرۆژێکی وەک ئەمڕۆ ١٧-٥-١٩٩٤ لەگەرمەی شەڕی خوێناوی براکوژیدا ببێتە پەیامبەری ئاشتی و ویستی ئاوێک بەم ئاگرەدا بکات و کڵپەی ئاگرەکە دامرکێنێتەوە . بەڵام ئەفسوس دەستی ڕەشی تیڕۆر لە بۆسەیەکی نامەردانەدا گیانی خۆی وشەش پێشمەرگەی دلێری لێسەندەوە .

لەم شەڕە نەگرییسەدا دەیانو سەدان پێشمەرگەی ئازاو قارەمانمان لەدەستدا ، کاک حەسەن کوێستانی یەکێک بوو لەو سەرکردە گەورانەی کە بە خەباتی خۆی گەیشتە ترۆپکی ئازایەتی وسەرکردایەتی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە .

ئەو هەر لە بیستەکانی تەمەنیدا لەساڵی ١٩٧٢ لەگەڵ دەرکەوتنی بڵێسەی خەباتی ژێرزەمینی و دامەزراندنی رێکخراوی کۆمەڵەی رەنجدەراندا هاتە کوڕی خەبات وتێکۆشانی کوردایەتی و لە رێکخستنە نھینیەکانی کۆمەڵەدا کادیرێکی بە جەرگ و ئازا لەناو جەماوەری دەڤەرەکەی خۆیدا دەستی بە کاری حزبی کرد . لەگەڵ ئاشکرابوونی هێڵی نهێنی رێکخستنی کۆمەڵە لە ساڵی ١٩٧٧ لەهەولێر کە دەیان نێکۆشەری رێکخستنە نهێنیەکەی هەولێر لەلایەن دەزگاکانی رژێمی بەعس دەستگییرکران ، ئەو لەگەڵ دەیانیتر لە ئەندامانی رێکخستنە نهێنیەکان خۆی شاردەوەو بۆ جێگرتنەوەی ئەو شڵەژانە جەرگبڕەی هێڵەکانی رێکسختنی هەولێر ، کۆمەڵەی رەنجدەران کۆمیتەی راپەڕێنی دامەزراندو سەرکردایەتییەکەی بە حەسەن کوێستانی سپێردرا ، کە ئەویش رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە رێکخستنەوەی هەڤاڵانی کۆمەڵە لە سنووری دەڤەری رواندز وچۆمان وناوچەکە .

ساڵی ١٩٧٩ کاتێک پەیتا پەیتا ئەندامانی رێکخستە نھینییەکان پەیوەندییان بە هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانییەوە دەکرد ، حەسەن کوێستانی یەکێک بوو لەوانەی شاری بەجێهێشت و چووە کۆڕی خەباتی شاخ و هەر زوو کرایە لێپرسراوی کۆمیتەی ئازادی ودواتر بووە رابەری سیاسی هەرێمی ٧ باڵەک ، لەدەیان شەڕی نەبەردیدا ئازایەتی خۆی سەلماند ئەوەش وایکرد بکرێتە لێپرسراوی عەسکەری مەڵبەندی ٣ ی یەکێتی لەساڵی ١٩٨٣ . هەر لەبەر ئازایەتی لەرووی عەسکەری ولێوەشاوەیی لەرووی سیاسییەوە ساڵی ١٩٨٤ لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بە ئەندامی یەدەگی سەرکردایەتی هەڵبژێریدرا ، ساڵی دواتریش کرایە لێپرسراوی مەڵبەنی سێی هەولێر .

دوای پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفال وکیمیابارانی ناوچەکانی کوردستان وچۆڵبوونی بەرەکانی شەڕی دژی رژێمی بەعس ، لە کاتێکدا بێئومیدی باڵی بەسەر کوردستان بەگشتی کێشابوو ، ئەو لە خەبات نەکەوت و گۆڕەپانەکەی جێنەهێشت ، بەڵکو قارەمانانە رابەڕایەتی مەفرەزە پارتێزانەکانی یەکێتی کرد و سەرکردایەتی چەندین چالاکیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی خۆشناوەتی، باڵەکایەتی، کاروخ، قەندیل، دۆڵی ئاکۆیان، بێتواتە دەیان هەڵمەتی پێشمەرگانەی کرد کە بوونە هۆی سەرسوڕمانی دەزگاکانی بەعس لەمانەوەی چالاکی پێشمەرگە بەم گڕووتێنەوە .

لەئەیلولی ساڵی ١٩٩٠ کاک حەسەن بە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵبژێردرا ، لە رۆژانی راپەرینی سەرتاسەری کوردستانیش لەساڵی ١٩٩١ رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ئازادکردنی ناوچەکانی شەقڵاوەو مەسیف وئۆردوگاکانی دەوروبەری هەولێر . لەکاتی گەڕانەوەی سوپای حەڕەس جەمهوری بەعسیش بۆ داگییرکردنەوەی کوردستان لەشەڕی دەستەویەخەی (کۆڕێ) نەبەردییەکی بێوێنەی نوواند ونەیهێشت سوپای بەعس بەوێدا تێپەڕێ .

کاتێک شەڕی خۆکوژی لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٤ سەریهەڵدا ، ئەو یەکێک بوو لە باڵە کۆترئاساکان کە هەرگیز لەگەڵ ئەو شەڕە خوێناوییەی برایاندا نەبوو بۆیە زۆر بە پەرۆش بوو بۆ راگرتنی ئەم شەڕە قێزەوننە و بەدەستپێشخەرییەک هاتە ناو مەسەلەکەوە هەوڵیدا بە راگرتنی شەڕو ئاساییکردنەوەی دۆخی کوردستان رۆڵێکی مێژوویی بگێڕێ وسەروەرییەک بۆ میللەتەکەی تۆمار بکات ، بەڵام بەداخەوە دەستی غەدر گەیشتە خۆی وشەش هەڤاڵی تێکۆشەر کە لەگەڵ خۆیدا بوون کەوتنە ناو بۆسەیەکەوە و شەهیدکران .

حەسەن کوێستانی وەکو سونبوڵێکی ئازایەتی و قارەمانییەتی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەیشتە کاروانی شەهیدانی رێگای خەباتی گەلی کوردستان .

دروود بۆ گیانی کوێستانی و هەڤاڵەکانی .

PUKMEDIA

وێنەی سەعدی ئەحمەد پیرە و حەسەن كوێستانی:

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket