riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 10:14 AM - 2026-05-17
ستران عەبدوڵلا

ستران عەبدوڵلا

(11)

هەڤاڵەکانی سەنگەری پێشەوە

لێرە لە دیوی هەڤاڵەکان و مەرجی هەڤاڵی دڵسۆز و شایستەوە لە داکۆکیکردن لەو سیاسەتە راستانەی حزب دەدوێین.

هەڤاڵەکانی حزب چۆن دەتوانن مەرجێکی سەرەکی ئەندامێتی کە داکۆکییە جێبەجێ بکەن؟

رەنگە هەبن بڵێن زمان پاراو و رەوانی قسەکردن و ئازایەتی دەرکەوتن لە مینبەرەکانی گشتییەوە، هونەرێکە هەموو هەڤاڵێک نایزانێ و لە چوارچێوەی دابەشبوونی ئەرکدا هەڤاڵ هەیە ئازایە لە رێکخستن و نهێنیپارێزی و لە داڕشتنی بەرنامە و تاکتیک و مەرج نییە واهەڵکەوێ کە جەسوور و ئازای مینبەرەکان بێت، راستییەکەی ئەمە هەنجەتێکی لاواز و کورتهێنە، چونکە هەڤاڵی بوارەکانی نهێنیپارێزی و رێکخستن و نەخشەدارێژ دیار و بە ناونیشانن و هەموو کەسێک دەزانێ لە کوێن و چەند کەسی دەگمەنن، داخۆ چۆن لە رەدوبەدەلی مەرجی داکۆکی ئاشکرادا ئەم هەموو خەڵکە بوونە حەریفی بوارەکانی تر؟

ئەسڵەن لە بنچینەدا هەڤاڵی دەگمەن دەگمەنن و هەڤاڵانی زۆرینە هەڤاڵانی داکۆکی و رەوانبێژانی روونکردنەوە و چوونە ناو جەماوەر و چوونە مینبەرە گشتییەکانن.

هەندێک هەڤاڵ بۆ داپۆشینی ئەم کێماسییە لە ئەرکی حزبایەتی دیسانەوە دەڵێن هەموو کەسێک و هەموو کەیسێک ناچێت و نابرێتە مینبەری گشتی راگەیاندنەوە، یان هەموو هەڤاڵێکی جوامێر و هەموو هەڤاڵێکی خانم خاس ئەدگار و بچمی جوانی دەرکەوتنی ناو کایەی میدیای نییە، ئەمە ئەوکاتە راستە کە مینبەری گشتی داکۆکی لە حزب تەنها کورت بکرێتەوە لە مینبەری میدیا و سەکۆکانی میدیای کلاسیکی و میدیای نوێوە، لە ئەسڵدا مینبەری گشتی بۆ داکۆکی لە سیاسەتەکانی حزب لە ئۆرگانی خودی حزبەکەوە دەست پێدەکات تا کۆڕ و کۆڵان و بازاڕی گشتی، تا مزگەوت و مۆڵ و مەودای تری گەیاندنی را و روانگەکانی حزب، پەرلەمان مینبەرە و زانکۆ و سمینار و دامودەزگای حزب مینبەری جیاجیان بۆ داکۆکی و بۆ دروستکردنەوەی روانگەکانی حزب و داکۆکیکردن لێی.

بەداخەوە بە مەبەست و بۆ خۆدزینەوە لە ئەرکی پیرۆزی داکۆکیکردن لە سیاسەتی گشتی حزب، هەڤاڵ هەیە بیانووی جۆربەجۆر دەهێنێتەوە:

1 - جارێک بە بیانووی ناڕوونی سیاسەتەکە، یان تێنەگەیشتن لێی، یان تەنانەت رێگەگرتن لە ئیجماعی حزبی بۆ ئەوەی نوقسان دەربکەوێت و ببێتە بیانوو بۆ خۆدزینەوە لە پیادەکردن و لە داکۆکیکردن لێی.

2 - جارێک بە بیانووی ئەرک و روانگە گشتییەکانی نیشتمان و گوایە داکۆکی لە تەبایی و پێکەوەیی و خۆنیشاندان وەک فیگەری نیشتمانی و نەتەوەیی، سەرووی حزبەوە. ئەمەش بێگومان زۆرجار لەسەر حیسابی حزب و پێگەی حزب بێ ئەوەی ئەوە مسۆگەر بکرێت دەتوانرێت روانگە نیشتمانییەکان لە دەرەوەی بەشداری کارای حزبەکە سەربخرێت.

3 - جارێکی تریش بەبیانووی ئەوەی گوایە داکۆکی ئەرکی میدیایە، نەک هەموو هەڤاڵێکی حزب.

ئەمانە هەمووی بیانووی نابەجێن و خۆدزینەوەیە لەو ئەرکە، جگە لەوەی کێماسییە لە ئەرکی حزبایەتی، لەگەڵ خۆشیدا کۆمەڵێک دیاردەی نابەجێی حزبی دروست دەکات، کە سەرنجام لاوازی دەکات و گیانی بەرپرسیارێتی و هەڤاڵبەندی ناوخۆی حزب و نێو هەڤاڵەکانیش لاواز دەکات، بەم شێوەیە:

1 - گیانی بەرپرسیارێتی و هەڤاڵێتی بە ئاشکرا لاواز دەکات و بە تەنگەوەهاتن و داکۆکی لە راست و دروستی سیاسەتەکانی حزب وەک دروشمی بەتاڵ و بۆش نیشان دەدات، کە دیمەنی حزب و خاوەندارێتی لێی لەبەردەم رای گشتی کاڵ و رەنگ زەرد نیشان دەدات، دەرفەت بۆ نەیاران دابین دەکات پەلاماری بدەن و زەفەری پێ ببەن، وا دەکات سیاسەتە راست و دروستەکان بە تەنیا و لاتەریب بکەون.

2 - رێبوارانی رێی داکۆکی لە حزب و سیاسەتەکانی دڵسارد دەکاتەوە، بەجۆرێک هەست بکەن لە جوامێری هەڵمەت و هیمەتی داکۆکی لە حزب و سیاسەتە گشتییەکانی تەنها و بێکەسن و ئەمەش پرەنسیبی حزبی دەشێوێنێ و ئەنگێزەی حزبایەتی خاودەکاتەوە.. کارێک دەکات جۆرێک لە ناداپەروەری و پێشبڕکێی سلبی لە خزمەتکرنی حزب دروست ببێت، یان بەلانی کەمەوە جۆرێک لە غرور و لووتبەرزی حزبی لای ئەندامەکانی کە داکۆکی لێدەکەن دروست ببێت، وەک جۆرێک لە پاڵەوانسازی و نێرگسیەتی داکۆکی تاک و تەنهایی.

3 - جۆرێک لە بێمنەتی و بە کەم سەیرکردنی نەریتی داکۆکیکردن لە حزب و سیاسەتەکانی و بێپەروایی و بێمنەتی لە داکۆکیکردن دێنێتەکایەوە.

4 - داکۆکیکردن لە حزب و سیاسەتەکانی دڵنیایی زیاتر دەدات بە دروستی هەنگاوەکانی و پێچەوانەکەشی هەر راستە. واتا:

5 - داکۆکینەکردن لە حزب بەبیانووی خۆنواندنی درۆزنانە بەناوی هاوسەنگی و سەنگینی و میانڕەوییەوە، کارێک دەکات خۆجیاکردنەوەیەکی سلبی دروست ببێت:

ا- لە نێوان ئەوانەی داکۆکی دەکەن و تەنهایی داکۆکیان وەک توندڕەوی و حزبایەتی تەسک دەربکەوێت لە لایەکەوە،

ب- ئەوانەشی کە لەم ئەرکە خۆیان دەدزنەوە وەک پیاو باش و هاوسەنگ و نیشتمانپەروەری رووکەشانە دەربکەون، ئەمەش دەبێتە مایەی دروستبوونی ژینگەیەکی ناتەندروست لەناو حزب و لەناو بزووتنەوەی سیاسیشدا جۆرێک لە دووفاقی پەرەپێدەدات.

هەروەک دەبێتە مایەی پەرتەوازیی و چەند خیتابی لە سیاسەتی حزب و نەدرەوشانەوەی سیاسەتە دروستەکانی کە نرخی لەسەر دەدرێت، کۆششی بۆ دەکرێت و کاردانەوە دەخوڵقێنێ.

بەتەنها جێهێشتی تێکۆشەرانی داکۆکی لە سیاسەتی راست و دروستی حزب، ژینگە و دەرفەتی تۆڵەسەندنەوە بە هەموو جۆرەکانی تۆڵەسەندنەوە بۆ نەیارانی حزب و دوژمنانی گەلیش دەڕەخسێنێ و وادەکات زەفەریان پێ ببەن، ئەمەش وانەی سلبی و ناپەسەند دەبێت و ناجۆرێک دەبێت کە خەڵک چیتر سڵ بکەنەوە لەو داکۆکیکردنە و نەریت و دابی ترسنۆکی و بێ کەڵکی لەناو ریزەکانی حزب دروست دەکات و سەرەنجام سیاسەتە دروستەکانی حزب، بەرەو پوکانەوە دەبەن و ترس و بیم لە ریزەکانی دروست دەکەن، سەرئەنجام ژینگەی ترسنۆک لەناو سیاسەتی گشتی و ناو کۆمەڵیش دروست دەکەن، چونکە حزبی ترسنۆک فەرهەنگی ترسنۆکی و بێ خاوەنی و بێ پەروایی تەشەنە پێدەدات.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket