riklam

خوێندنەوەیەک بۆ دیدارەکانی هه‌ڤاڵ (قوباد تاڵەبانی)

بیروڕا 11:06 AM - 2026-05-14
حه‌یده‌ر مه‌نتك

حه‌یده‌ر مه‌نتك

وەفاداری بۆ ڕابردوو؛ دیدگایەک بۆ داھاتوویەکی گەشتر
خوێندنەوەیەک بۆ دیدارەکانی هه‌ڤاڵ (قوباد تاڵەبانی) لە هەولێر


لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، سەردان و بەسەرکردنەوەی تێکۆشەرە دێرینەکان تەنیا ئەرکێکی پڕۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵە لە وەفا، ناسنامە و دڵسۆزی بۆ ئەو ڕێگەیەی کە قوربانییەکی زۆری لەپێناودا دراوە. ئەو زنجیرە دیدار و بەسەرکردنەوانەی هه‌ڤاڵ (قوباد تاڵەبانی) لە شاری هەولێر بۆ ماڵی پێشمەرگە دێرینەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان وهونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران ئەنجامی دان، لە ڕاستیدا گەڕانەوە بوو بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکانی خەبات و نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری بوو بۆ ئەو مێژووەی کە بە خوێن و ئارەقەی تێکۆشەران نووسراوەتەوە.

ماهیەت و ڕێز؛ کلتووری پێزانین......

کاتێک لە ماهیەت و ڕەهەندەکانی ئەم جۆرە دیدارانە دەڕوانین، دەبینین ڕێز و ئیحترام بەرامبەر بەو نەوەیەی کە تەمەنی خۆیان لە شاخ و لەناو سەنگەرەکانی بەرگریدا بەسەر بردووە، نیشانەی زیندوێتیی کۆمەڵگەیە. ئەو پێشمەرگە دێرینانەی لە ڕۆژگارە سەختەکاندا، بێ هیچ چاوەڕوانییەک پشتیان کردە خۆشییەکانی ژیان و ڕوویان کردە خەبات، شایانی ئەوەن هەمیشە لە لووتکەی بایەخپێدانی دەسەڵات و ناوەندە بڕیارەکاندا بن. هه‌ڤاڵ ‌قوباد تاڵەبانی لەم دیدارانەدا پەیامێکی ڕوونی نارد: کە مێژووی کوردایەتی تەنیا لەناو لاپەڕەی کتێبەکاندا نییە، بەڵکو لەناو ماڵ و یادەوەریی ئەو تێکۆشەرانەدایە کە هێشتا وەک شاخەکان بە پێوە وەستاون.

وەفا بۆ خەباتکارانی ئەوێ ڕۆژێ.......

خەباتکارانی (ئەوێ ڕۆژێ) تەنیا جەنگاوەر نەبوون، بەڵکو هەڵگری فەلسەفەیەک بوون کە نیشتمانی لەسەر هەموو شتێک دادەنا. گەنجانی دوێنێ کە ئەمڕۆ مووی سپی سەریان گەواهی ماندووبوونیان دەدات، ئەو کەسانەن کە بناغەی ئەمڕۆی ئێمەیان داناوە. بەسەرکردنەوەی ئەمانە لەلایەن سەرکردەیەکی گەنج و سەردەمیی وەک هه‌ڤاڵ (قوباد تاڵەبانی)، مانای ئەوەیە کە نەوەی نوێ لە ئازار و قوربانییەکانی نەوەی پێشوو تێدەگات. ئەمە جۆرێکە لە پێزانین بۆ ئەو تەمەنەی کە لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی میللەتێکدا بەخشرا، نیشاندانی ئەوەیە کە تێکۆشانی ئەوان هەرگیز لەبیر ناکرێت و هەمیشە وەک مەشخەڵێک ڕێگەی نەوەکانی دواتر ڕۆشن دەکاتەوە.

تێکەڵکردنی ڕابردوو و ئێستا؛ بەرهەمی نیشتمانی......

تەوەرێکی گرنگی ئەم بایەخپێدانە، پەیوەستە بە ئایندەوە. بایەخدان بە سەروەرییەکانی ڕابردوو، ڕێگ خۆشکەرە بۆ بایەخدان بە نەوەکانی ئێستا. کاتێک نەوەی نوێ دەبینێت کە خەبات و قوربانیی باو و باپیرانیان بەرز ڕادەگیرێت، متمانەیان بە خاک و نیشتمانەکەیان زیاتر دەبێت. تێکەڵکردنی "خوێن و خەباتی کۆن" لەگەڵ "بیر و تەکنەلۆژیا و دیدگای سەردەمییانە"، بەرهەمێکی ناوازەمان دەداتێ.

ڕابردوو بۆ ئێمە ئەزموون و وانەیە، ئێستاش کاتی کارکردن و داهێنانە. کاتێک خەباتکارە دێرینەکان دەبینن نەوەی دوای ئەوان بە هەمان ڕوحیەتی نیشتمانی، بەڵام بە ئامرازی سەردەمییانە خەریکی خزمەتن، هەست بە ئارامی دەکەن کە پەیامەکەیان بە ئەمانەتەوە گەیشتووە. ئەم تێکەڵاوبوونە لە نێوان ئەزموونی دێرین و وزەی گەنجانەدا، دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرە هاوسەنگییەک کە تێیدا ڕەسەنایەتی و مۆدێرنێتە پێکەوە کۆدەبنەوە.

ــ نیشانی ده‌دات.....

ئەم دیدارانە نیشانی دەدەن کە کاک قوباد، وەک سەرکردەیەکی گەنج و خاوەن دیدگا، بایەخێکی قووڵ بە ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکانی خەبات دەدات و پردی پەیوەندی لە نێوان نەوەکاندا بەهێزتر دەکات. ئەم ڕەفتارە سیاسییە هاوسەنگە، ئومێدێکی زۆری لای خەڵک و تێکۆشەران دروست کردووە و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێزگرتن لە ماندووبوونی ڕابردوو، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژە نیشتمانییەکانی داهاتوو. ئەم جۆرە دەسپێشخەرییانە دەبنە هەوێنی تەبایی و کۆکەرەوەی دەنگە جیاوازەکان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکاندا.

دەرەنجام......

ئەو جووڵە و دیدارانەی لە شاری هەولێر ئەنجام دران، تەنیا سەردانێکی سادە نەبوون، بەڵکو دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە بوون کە (دار بە ڕەگەکانییەوە دەژی). ڕێزگرتن لە مێژووی خەباتکاران و پێشمەرگە دێرینەکان، وەبەرهێنانە لە داهاتوودا. چونکە نەتەوەیەک ڕێز لە ڕابردووی خۆی نەگرێت، ناتوانێت بە دڵنیاییەوە بەرەو ئایندە هەنگاو بنێت. ئەم جۆرە دەسپێشخەرییانەی هه‌ڤاڵ(قوباد تاڵەبانی)، هاندەرێکی گەورەن بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە، بە ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و خەباتی تێکۆشەران، بەرەو کوردستانێکی گەشاوەتر و یەکگرتووتر هەنگاو بنێین.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket