riklam

کارنامەی حکومەتی عیراق… ئابووری بەبێ چارەسەری سیاسی

بیروڕا 09:35 AM - 2026-05-14
د. فوئاد ئەحمەد (بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان)

د. فوئاد ئەحمەد (بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان)


لەگەڵ ڕاگەیاندنی کارنامەی وەزاریی حکومەتی عێراق بۆ ساڵانی (٢٠٢٦ - ٢٠٢٩)، بە ڕوونی دەرکەوت کە حکومەت هەوڵ دەدات بەڵگەنامەیەکی هاوچەرخ بە ڕەهەندی کارگێڕی، ئابووری و تەکنیکی پێشکەش بکات، کە تیشک دەخاتە سەر چەمکەکانی سەقامگیری، چاکسازیی دارایی، گۆڕانی دیجیتاڵی و وەبەرهێنان. پێشەکییەکە گوزارشت لە دیدگایەک دەکات کە لەسەر بنەمای "دەوڵەتێکی سەقامگیر - ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر - هاوبەشییە هاوسەنگەکان" دامەزراوە.
 
بەڵام خوێندنەوەیەکی ورد بۆ کارنامەکە دەریدەخات کە ئەم بەڵگەنامەیە بە دیدگایەکی تەواو کارگێڕی و دارایی نووسراوە، وەک ئەوەی عێراق لە دۆخێکی سەقامگیریی سیاسیی تەواودا بژێت، یان وەک ئەوەی قەیرانە بنەڕەتییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چیتر بوونیان نەمابێت، سەرەڕای ئەوەی ئەم مەلەفانە تا ئێستاش جەوهەری قەیرانەکانی عێراقن لە ساڵی ٢٠٠٣وە.
 
کارنامەکە، سەرەڕای فراوانیی تەوەرەکانی، وێنایەکی سیاسیی ڕوونی بۆ چارەسەرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان پێشکەش نەکردووە، بەڵکو بە شێوەیەکی گشتی بەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکاندا تێپەڕیوە، بێ ئەوەی میکانیزمی دەستووری یان سیاسی بۆ چارەسەری مەلەفەکان دیاری بکات، کە لە سەرووی هەموویانەوە ئەمانەن:
 
 - یاسای نەوت و گاز.
 - بەڕێوەبردنی سامانی سروشتی.
 - مەلەفی بودجە.
 - ناوچە جێناکۆکەکان.
 - دەسەڵاتەکانی هەرێم.
 - هاوبەشیی ڕاستەقینە لە بڕیارە سەروەرییەکاندا.
 
ڕاستە کارنامەکە لە تەوەرەی وزەدا ئاماژەی بە "دەرکردنی یاسای نەوت و گاز" کردووە، بەڵام سروشتی ئەم یاسایە و ئەو بنەمایانەی کە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر ڕێکدەخەن، ڕوون نەکراونەتەوە. ئەمەش خاڵێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ کورد، چونکە هەر یاسایەک کە بنەمای هاوبەشیی دەستووریی تێدا نەبێت، ڕەنگە ببێتە ئامرازێکی نوێی ململانێ لەبری ئەوەی ببێتە دەروازەیەک بۆ سەقامگیری.
هەروەها وا دەردەکەوێت گوتاری سیاسیی کارنامەکە زیاتر ڕوو لە "عێراقی عەرەبی" بێت، وەک لەوەی ڕەنگدانەوەی فرەنەتەوەیی ڕاستەقینەی دەوڵەتی عێراق بێت. باسکردنی شوناسی نیشتمانی، کولتوور و سەروەری بە داڕشتنێکی مەرکەزیی تەقلیدی هاتووە، بێ ئەوەی تایبەتمەندیی پێکهاتە نەتەوەییەکان بە ڕوونی دەربخات، لە پێش هەمووشیانەوە گەلی کورد کە هاوبەشێکی دەستوورییە لە دەوڵەتی فیدراڵدا.
 
لە تەوەرەی "کۆڵەکەکانی جێبەجێکردنی کارنامەکە"دا، حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای وەرگرتنی متمانە، بەرنامەیەکی حکومیی وردتر و گشتگیرتر پێشکەش دەکات کە وەزارەتەکان، دەستەکان، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دەگرێتەوە. لێرەدا گرنگیی قۆناغی داهاتوو بۆ لایەنە کوردییەکان دەردەکەوێت.
 
ئەگەر کارنامەی ئێستا لە ڕووی سیاسییەوە گشتی و ناڕوون بووبێت، ئەوا بەرنامەی جێبەجێکردنی داهاتوو دەبێتە گۆڕەپانی ڕاستەقینە بۆ دیاریکردنی شێوەی پەیوەندییەکانی نێوان ناوەند و هەرێم. بۆیە پێویستە هێزە کوردییەکان بە ڕیزێکی یەکگرتوو و دیدگایەکی سیاسیی هاوبەشەوە بچنە ناو ئەم قۆناغەوە، بە دوور لە ململانێ تەقلیدییەکان، بۆ دڵنیابوون لە چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی کورد لە ناو بەرنامەیەکی حکومیی ڕوون و پابەندکەردا.
چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر نابێت وەک بارمتەی لێکگەیشتنی کاتی یان ڕێککەوتنی سیاسیی وەرزی بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت ببێتە بەشێکی بنەڕەتی لە بەرنامەی حکومیی دەوڵەتی عێراق. سەقامگیریی سیاسی، دارایی و کۆمەڵایەتیی عێراق بەبێ چارەسەری ڕیشەیی پەیوەندیی نێوان ناوەند و هەرێم بەدی نایەت، ئەوەش لەسەر بنەمای:
 
 - دەستوور.
 - هاوبەشیی ڕاستەقینە.
 - دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانەکان.
 - ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی.
 - مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی هەموو پێکهاتەکان.
 
عێراقی ئەمڕۆ تەنیا پێویستی بە بەرنامەیەکی ئابووریی سەرکەوتوو نییە، بەڵکو پێویستی بە پەیمانێکی سیاسیی نوێ هەیە کە دان بە ئاڵۆزیی دەوڵەتی عێراق و هەمەجۆریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیدا بنێت. هەر کارنامەیەکی حکومی پشتگوێی ئەم ڕاستییە بکات، بە ناتەواوی دەمێنێتەوە، هەرچەندە زمانە کارگێڕییەکەی پێشکەوتوو بێت یان پلانە ئابوورییەکانی گەورە بن.
سەرکەوتنی حکومەتی داهاتوو تەنیا بە ژمارەی پڕۆژە و وەبەرهێنانەکان ناپێورێت، بەڵکو بە توانای بونیادنانی دەوڵەتێک دەپێورێت کە تێیدا هەمووان (عەرەب، کورد و پێکهاتەکانی تر) هەست بکەن هاوبەشی ڕاستەقینەن لە نیشتمان، بڕیار و سامانەکاندا.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket