riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 07:54 PM - 2026-05-12
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

بەشی هەشتەم

تایبەتمەندی و گشتگیری
حزبی سیاسی بە گوێرەی دۆخی گەشەکردن، یان پاشەکشەکردنی، گۆڕانی ‏بەسەردا دێت، بە ‏گوێرەی هەلومەرجەکانی خەبات بازنەی دەوروبەری لە شار و ‏هەرێمەکان و سەرتاسەری ‏وڵات کاری تێدەکرێت و بیرۆکە و نەریت و روانگەی ‏تازە لە دەرەوەی خۆی وەردەگرێت، ‏وەکو خۆشی کە چۆن کاریگەری دادەنێت؟ ‏حزبی سیاسی چەند بەهێز و پتەو و تۆکمە بێت، ‏تەنانەت ئاسنین و ناوەندێتی بێت و ‏تەنانەت هەموو خەسڵەتەکانی حزبی شێوە بەلشەفی تێدابێت ‏هێشتا کۆمەڵگە و ‏دەوروبەری کاری لێدەکات و ناچاری دەکات شتی تر قبوڵ بکات، ‏چونکە هەر ‏کۆمەڵگە لە حزب گەورەترە و (پارت) ناوەکەی بە خۆیەوەیەتی، بەشێکی کەم ‏و ‏زۆرە لە گشتێکی گەورەتر.

بێگومان لەم ئاستەدا حزب پێویست ناکات عینادی ‏بکات و ‏بکەوێتە ململانێی ئەوتۆ لەگەڵ کۆمەڵ، کە خۆی بەجارێ دابڕێ و تەرکی ‏دیار بکات و خەڵوەتی لە دەرەوەی ‏شار هەڵبژێرێ، حزب بۆ خزمەتی گشتی هاتووە و قەزیەی ‏مانع الجمع _ی نەتەوە و وڵاتە، ‏بەڵام حزب دەبێ پێشەنگ بێت و ‏دەستەبژێرەکەی، بە قەولی مامۆستا کامەران موکری، لە ‏روونکردنەوەی گۆڤاری (رۆژی ‏نوێ)دا دەیگوت (رێنوێنی دەکات نەک رێنوێنی بکرێت). لەبەر‏ئەوە دەبێت رێ ‏نەدات هەر شتێک هاتە ژوورەوە بەبێ هەڵسەنگاندن پەسەندی بکات، لەم ‌‏ئاستەدا حزب لەناو جوگرافیای نیشتمان و شار و دێ و دەڤەرەکانی خەبات ‏دەکات و ‏گرنگە خەسڵەت و تایبەتمەندی هەموو رەچاو بکات و بەگوێرەی ‏گەشەی ‏ناوچە و دەڤەرەکان و بەهێزی و لاوازی خۆی لەهەر یەکێکیان خەبات ‏بکات، لە دەڤەری ‏بەهێز خۆی بەهێزتر بکات و لە دەڤەری لاواز بەرنامەی ‏خۆبەهێزکردن دابنێت و لەمەشدا ‏تەکنیکی حزبی جیاواز بگرێتەبەر، بەڵام حزب ‏سەرئەنجام حزبی نیشتمانی و نەتەوەیی گشتی و ‏سەرتاسەرە، هیچ نەبێ لە رووی ‏پرەنسیب و خیتابی رەسمییەوە، نابێ هەرگیز بکەوێتە ژێر ‏هەژموون و گوشاری ‏شارچێتی و هۆزگەری و هتد.. راستە ماپی دابەشبوونی ئۆرگانی و ‏رێکخراوەیی ‏حزب وایە کە ناوچەکان رەچاو بکات، لە هەیکەلدا ئۆرگانەکان دابەش بکات و ‏لە ‏نوێنەرایەتی و هەڤاڵێتیدا دادپەروەری رچاو بکات و هەندێکجار جیاکاری ئیجابی ‏لە نێوان ‏شارەکان، پێکهاتەکان و رەگەزەکان بگرێتەبەر بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ‏و کەموکوڕی لە ‏بەشداری دادپەروەرانەی سیاسیدا، بەڵام ئەمە دەبێ بۆ ماوەی ‏راگوزەر بێت و زۆر ‏مەترسیدارە ببێتە پشک پشکێنە، چونکە ئەمە وادەکات ‏بەهرەمەندەکان و چالاک و ماندووەکان ‏بەشیان بوخرێت و بە پێچەوانەشەوە گەندە ‏و هیچ لەبارا نەبوو، بێنە پێشەوە و حزب لە ‏ناوەوە لاواز و داغان بکەن.‏

پێویستی رەچاوکردنی هەمووی لە هەیکەل و لە بەشداری، قەت نابێ ‏سەربکێشێ ‏بۆ پشک پشکێنەی ناجۆر، ئەندامی حزب و هەڤاڵی تێکۆشەر وەکو نوێنەرایەتی ‌‏شارەوانی و دەڤەرەکان نین، لە بازنەی تەسکی لۆکاڵیدا هەبن و گەرا دابنێن و دەڤەری دەرەبەگ ئامێز دابنێت.‏

ماکی تەکەتولی نەشیاوی شارچێتی و دەڤەرخوازی لەم پرسەدا لە تەکەتولی ‏حزبی شێوە ‏فیکری، یان رێبازی جیاوازی بیرکردنەوە، مەترسیدارترە، چونکە ‏هیچ نەبێ ئەمەیان ‏دیاردەیەکی حزبیانەیە و دەکرێ بەدەوا و دەرمانی حزبیانە ‏چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوی تر ‏رێگا بۆ نفوزی نارەوا، کێشمەکێش و کەڵەگایی و هاتنەپێشەوەی بێبەهرەکان خۆش دەکات.‏
زۆر گرنگە دامەزراوەی بیرەکردنەوەی حزبی سیاسی و دەستەبژێری رێکخستن لە ‏کەسانی ‏حەریف و لێوەشاوە و خاوەن ئەزموون پێکبێت کە لە دەرەوەی ململانێ ‏رۆژانەییەکان و ‏نیەت و نیازی شەخسی هەمیشە ئەم جەدەلە لەناو حزب ‏چاودێری بکا و بە ‏گوێرەی پێوەرێکی زانستی دیاردەکانی هاوشانی ئەم جەدەلە ‌‏(گشتییە و تایبەتمەندییە) ‏بپێورێ و گەرمی و ساردی تاو پەتای تەندروستی ‏حزب بکێشێ.

درێژەی هەیە...

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket