riklam

حکومەتی داهاتووی عیراق لە نێوان دەسەڵات و گوشاری شەقامدا

بیروڕا 10:12 AM - 2026-05-12
هەڵمەت هۆشیار

هەڵمەت هۆشیار

هێشتا ناتوانین بە تەواوی خوێندنەوەیەکی دروست بۆ ئایندەی کابینەکەی عەلی زەیدی بکەین کە بڕیارە دروست بکرێت، بەڵکو دەتوانین بڵێین لەگەڵ ئەوەی مافێکی دەستورییە لە هەمانکاتدا وەکو قۆناغێکی نوێ لە بونیادی سیستمی سیاسی عیراق لە دوای دوو دەیە لە پرۆسەی ئازادی تەماشا دەکرێت.

راسپاردنی عەلی زەیدی لە ساتەوەختێکدایە قەیرانەکانی ئابووری و دابەشبوونی سیاسی و ململانێی ئیقلیمی بەر یەککەوتنیان هەیە، هاوکات هاونیشتمانیان متمانەیان بە دەوڵەت و دامەزراوەکانی نەماوە.

قەیرانی سیستم

ئاڵەنگاریی سەرەکی پەیوەست نییە بە تەنها بە خودی سەرۆک وەزیرانەوە، بەڵکو پەیوەستە بە سروشتی سیستمەوە کە لەسەر هاوسەنگیی حزبی و تەوافوقێکی ئاڵۆزەوە وەستاوە، چونکە سەرۆک وەزیرانی راسپێدراو لەگەڵ تۆڕێک لە هێزی سیاسی خاوەن بەرژەوەندیی پێکداچوودا مامەڵە دەکات، ئەمەش تاڕادەیەک پەراوێزێکی کەم بۆ بڕیاڕ و سەربەخۆیی لە بڕیارداندا دەهێڵێتەوە.
ئەمە پرسیارێکی جەوهەری دێنێتە ئاراوە: ئایا سەرۆک وەزیرانی داهاتوو توانای هەیە هاوسەنگیی لە نێوان ئەو هەموو هێزەدا بپارێزێت بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ دۆخی (تەنها بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی رۆژ)؟

ئەزموونەکانی رابردوو ئەوەی دەرخستووە، هەموو هەوڵێکی چاکسازیی بەر خاوەن پێگە سیاسی و ئابوورییەکان دەکەوێت بەتایبەتی لە دۆسییەکانی: گەندەڵی و گرێبەستە میرییەکان و دامەزراندن. دەروازە سنوورییەکان و بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزاراوە میرییەکان.

شەقامی عیراقی زۆر چاوەڕوان نابن.

لەپاش نارەزایەتییە توندەکانی شەقام، هاوکێشەی میللی گۆڕاوە، ئێستا شەقام زۆر هەستیارانەتر لەگەڵ ئەدای حکومەتدا مامەڵە دەکات، هاونیشتمانیانی عیراق هێندەی بایەخ بە کارەبا و هەلی کار و مووچە و خزمەتگوزاریی و سەقامگیریی ئابووری دەدەن، هێندە گوتاری سیاسی بەلایانەوە گرنگ نییە.
مەترسیی قۆناغەکە لێرەوە دەستپێدەکات، چونکە هەر حکومەتێکی نوێ رووبەڕووی سەقفی بەرزی داواکاریی هاونیشتمانیان و نرخی نەوت و هەڵبەز و دابەزی ئابووریی جیهان دەبێتەوە، ئەگەر حکومەتی نوێ لە ماوەی ساڵێکدا ئەنجامێکی بەرچاوی نەبێت، ئەوا گەڕانەوەی ناڕەزایەتییەکانی شەقام ئەگەری نزیک و کراوەیە بەتایبەت لەو شارانەی چڕی دانیشتوانیان زۆرە وەکو بەغدا.

تاقیکردنەوەیەکی پێشوەختە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان هەستیارترین دۆسێی حکومەتی داهاتووە، چەندین بابەتی ناکۆکیی هەمیشەیی پەیوەست بە: نەوت و گاز و بودجە و مووچەی مووچەخۆران و دەسەڵاتە دەستوورییەکان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە.

سەرکەوتنی حکومەتەکە پەیوەستە بە دروستکردنی تێگەیشتنێکی سیاسیی درێژ مەوداوە لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا، نەک چارەسەری کاتی. چونکە بە ئاڵۆزبوونی ئەو پەیوەندییە و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان، کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر سەقامگیریی سیاسی و متمانەی وەبەرهێنەران و تەنانەت یەک گوتاریی لە ناوخۆ و دەرەوەدا.

لە ناوەندی ململانێکانداعیراقی ئەمڕۆ دابڕاو نییە لە ململانێ ئیقلیمی و نێوەدەڵەتییەکان و لە پانتایی گۆڕەپانێکی هەستیاردا یاریی دەکات، لە نێوان جێ نفوزی ئێران و ئامادەیی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی تورکیا و کرانەوەی وڵاتانی کەنداودا.
بۆیە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، دەبێت سیاسەتی (هاوسەنگیی هێمن) پەیڕەو بکات، لەپێناوی دوورخستنەوەی عیراق لەوەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێی راستەوخۆی ئەو هێزانە، ئەم ئەرکە زۆر ئاڵۆزە، چونکە نزیکبوونەوە لە هەر بەرەیەک بە لایەنگیری سیاسی لێکدەدرێتەوە و ئاڵۆزییەنێوخۆییەکان زیاتر دەکات.

ئابووری، خاڵی یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەوەی عیراق خاوەنی داهاتێکی گەورەی نەوتە، بەڵام تاکو ئێستا ئابوورییەکی فشەڵی هەیە چونکە: بە رێژەی زیاتر ٪90 پشت بە نەوت دەبەستێت و کەرتی تایبەت لاوازە، لە هەمانکاتدا بێکاری سەرداپۆشراو زۆرە هەڵاوسانی کارگێڕی و گەندەڵی دارایی بەربڵاوە.

ئەگەر حکومەتی داهاتوو توانی چاکسازیی راستەقینە لە ئابووریدا بکات وەکو: گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و پەرەپێدانی وەبەرهێنان و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە دامەزراندن لە دامەزراوەکانی میریدا و پاڵشتیکردن لە ژێرخانی وزە و دیجیتاڵییدا، ئەوا دەتوانێت تاڕادەیەک سەقامگیری بێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەگەر لەسەر هەمان سیستم و شێوازی کلاسیکی بەڕێوەبردنی ئابووریی بەردەوام بێت، ئەوا هەموو دابەزینێک لە نرخی جیهانیی نەوتدا کاریگەریی لەسەر دەوڵەت دروست دەکات.

سیناریۆکانی داهاتوو
سیناریۆی سەقامگیری رێژەی: ئەگەر حکومەت سەرکەوتوو بوو لە نەهێشتنی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئەنجامدانی چاکسازیی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر و پاراستنی هاوسەنگی ئیقلیمی، ئەوا سەقامگیریی رێژەیی بە دەست دێت.

سیناریۆی چەقبەستنی سیاسی، بە گەڕانەوە بۆ مێژوو دیارترین ئەگەرەکانە، حکومەت لەسەر بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بەبێ چارەسەریی ریشەیی بەردەوام دەبێت و بۆ ماوەیەکی کاتی ئالۆزییە سیاسی و ئابوورییەکان کپ دەکاتەوە.

سیناریۆی ئالۆزبوون: ئەمەیان لە دۆخێکدا دروست دەبێت، لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان داڕمێت و خۆپێشاندانی بەرفراوان سەرهەڵبدات و وڵات رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی توند ببێتەوە و ململانێ ئیقلیمییەکان راستەوخۆ بگوازرێنەوە بۆ عیراق، ئەمە ئەو دۆخەیە عیراق دوچاری مەترسییەکی گەورە دەکاتەوە و بەرەو تونێلێکی تاریکی دەبات.


داهاتووی حکومەتەکەی عەلی زەیدی تەنها بە توانا کەسییەکانی دیاری ناکرێت، بەڵکو بە رادەی توانای سیستمی سیاسیی عیراق دیاری دەکرێت کە بتوانێت سەقامگیری بەرهەمبهێنێت، عیراق ئەمڕۆ لە نێوان دوو بژاردەدایە: یان هەنگاو بە هەنگاو رۆیشتن بەرەو وڵاتێکی دامەزراوەیی زیاتر سەقامگیر،یان لە نێو بازنەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا بە بێ چارەسەری ریشەیی بخولێتەوە.

ئەم جیاوازییەش بە تەنها هاوپەیمانێتی سیاسی دروستی ناکات، بەڵکو پێویستی بە توانای دەوڵەتە بۆ گەڕانەوەی متمانە لای هاونیشتمانییان کە ئەمەش ئەستەمترین ئەرکە لە پاش ساڵی 2003وە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket