riklam

ململانێی نەوەکان لە حزبدا

بیروڕا 02:32 PM - 2026-05-10
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

بەشی شەشەم

ئەم باسە پەیوەستە بە جەدەلی حزبییەوە، کە چارەسەرەکەی هەر ئەوەیە لە جەدەلی واقیعدا بۆی بگەڕێین و دابینی بکەین.

هەر حزبێکی سیاسی مت و مات و مەنگ کە تووشی ئەم دیاردەیە دەبێت، گفتوگۆیەکی زۆری لەسەر دەکات، لە جێی ئەوەی چارەسەرێکی زووبەزووی بۆ بدۆزێتەوە، گەرەکە رەگی ئەم مات و مت و مەنگییە دەستنیشان بکرێت.

 پێش هەموو شتێک دەبێ بزانرێت ململانێی نێوان نەوەکان جیاوازە لە ململانێی نێوان دێرین و نوێیەکان.

حزب لە دەستپێکەوە نەوەی جیاجیای تیایە، هەتا وەکو ئەگەر (سفر پێشبڕکێ) بێت و رۆژی دامەزراندنی بێت، چونکە هەموو ئەندامەکان وانابن کە لە یەک ئاستی تەمەن و ئەزموونی ژیاندا بن، تەنانەت ئەگەر هەموو نەوەکان پێکەوە فریای ئەندامێتی کەوتبن، بەڵام ململانێی دێرین و نوێ کەمێک جیاوازە، دێرین ئەو نەوەیە، یان ئەو چەندە نەوەیەیە، کە رەنجێکی قووڵی خەباتی سیاسی و رێکخراوەیی (بەنیسبەت کوردستانیشەوە) و پێشمەرگایەتی و خەباتی چەکداری) هەیە، ئەزموون و قاڵبوونێکە لەناو حزب، نەک هەر ژیان و پێشینەی تێکۆشانی نیشتمانی فراوان، ئەزموونێکە بۆ شێوازەکانی کاری رێکخراوەیی و نەریتی حزبایەتی بۆ حزبێکی دیاری کراو، ئەزموونێکە وەک یادەوەری حزب و خەزینی مۆزەخانەیی حزبەکە، کە تازەکان پێویستیان پێیەتی و دەبێ تازەیی خۆیانی پێ مۆتۆربە بکەن، بۆ ئەوەی کاروانەکە بێ پجڕان و کەرت کردن و لادانی کاتی و دوورمەودا بەردەوامی هەبێت.

دێرینەکان جگە لەوەی ئەزموونن بۆ کاری حزبایەتی راست و دروست و جگە لەوەی بۆ نەریتی بێ پچڕانی پێویستن، دەبێ هەوێنی نوێبوونەوەش بن.

دیارە هەموو دێرینەکان ئەو بەشانە لە خەسڵەتەکانی خۆیان دەپارێزن و درێژەی پێدەدەن کە ئەزموونن، یادەوەری و بەردەوامێتی حزبن، بەڵام کێشمەکێش لە بژاردەی هەوێنی داهاتوودایە، روودەدات هەموو دێرینێک ئیرادەی ئەوەی نەبێ، یان کۆدی ئەو نوێبوونەوەیە نەدۆزێتەوە، یان رێوشوێنەکانی دۆزینەوەی نوێبوونەوەی رەسەنایەتی حزب بێ کەموکوڕی نەبن و دڵنیاکەرەوە نەبن، دەستەیەک، با زۆر کەمیش بن، لە دێرینەکان لەم ئاستەدا گرفتار دەبن وەک چۆن دەستەیەک لە نوێخوازەکان هەڵپەیانە یاخود پەتی پەیوەندی بە دێرینەکان شارەزا نین، کە ئەوەش یەکەم تاقیکردنەوەیانە لەگەڵ شیاوی و لیاقەتی هەڤاڵێتی و لێهاتوویی نوێبوونەوە.

ساتەوەختی بەرکەوتن لە نێوان دێرین و نوێ، کە زبر و گرژ دەبێت، ساتەوەختی دینامیکییەتی ئازایەتی و لێهاتوویی ئۆرگانی حزب نییە.

دێرینەکان قوربانی زۆر و زەوەندیان بۆ خەباتی حزب و کوردایەتی حزب و پێشکەوتنی مەسەلەی نەتەوایەتی، بە گوێرەی روانگە و رێبازی حزب داوە و بەشی ئەوەش لێبوردەیی و قوربانیدانی ئەوەیان تێدایە، رێگە بۆ نوێکان تەخت و خۆش بخەن و ئەمەش بخەنە ناو تۆماری دوورودرێژی خەباتیان، بەڵام بێگومان هەقیشیانە بزانن ئەم سەرمایە مەعنەوییەی رابردوو و بگرە ئەو سبەینێ و داهاتووەی هێشتا نەهاتووە، تەسلیمی کێی دەکەن؟

نیشانەکانی مژدەبەریی نوێکان لەم ساتەوەختەدا چۆنە، تا ئەوان بێن و کلیلی رەنجی داهاتوو تەسلیمی دەستپاکەکانی هەڤاڵە نوێیەکان بکەن؟

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket