عەجاج وێستگەیەکە، ماکی مەسەلەکە (مەسەلەی کوردە)
بیروڕا 08:42 PM - 2026-05-09
دادگایی کردنی جەلادی
نوگرەسەلمان عەجاج تکریتی جارێکی دیکە هەندێک چەمکی جەوهەری تایبەت بە مەسەلەی
کوردستانی هێنایەوە گۆڕێ کە خراپ نییە بە شێنەیی قسەی لەسەر بکەین.
قسە لەسەر چییەتی
مەسەلەی کورد و کوردستان نییە کە ئەمە بۆ هەموو پێشمەرگەیەکی ریزەکانی کوردایەتی
بڕاوەتەوە کە هەقە و ڕەوایە و شایانی خەباتکردنە، قسە لەسەر چۆنێتی ئیدارەدەن و رێوشوێنی
چارەسەرەکەیەتی؟
سزای خودایی و
حوکمی مێژوو هەمیشە قسەی خۆی کردووە کە ئەم زوڵموزۆرە سەرناگرێ و رۆژێک هەردێت تەختی زاڵم وەرگەڕێ. جا ئەمە بۆ هەموو باوەڕمەندێک هەم تۆڵەیەکی ئیلاهی و هەم بەرهەمی نزا و سکاڵا
و پاڕانەوەی زوڵملێکراوە و …هەمیش سوڕی دەورانە کە ماددەی زوڵم و ستەم ئەگەر زۆر
بەکارهات لە تاقیگەی فیزیاییش بێت هەر قوڵپەدا و توشی پەستان و تەقین دەبێت. وایە
کە سروشتی ژیان و گەردوون ئەم رێژە زۆرەی ستەم
قبوڵ ناکات و هاکا لە داخا تەقی. ئینجا دووبارەی ئەم دورانە لە هەموو وێستگەیەک و دەورانێکدا دەبێتە باسێکی
مۆڕاڵی ئەدەبی ئەوتۆ کە دەفتەری ئەشعاری بۆ دەهۆنرێتەوە و سروش و پەیامی دادپەروەریخوازی
بەدواوە دەبێت.
ئێمە لە خەم و
ئازەرەکانی نەتەوەی کورددا چەندجار ئەم تۆڵە دادپەروەرانەمان دیتووە و دووبارە
بوونەوەی چەندجارەشی بۆتە یەقینێک لای مەزڵومان کە تەنانەت زۆرجار دەتوانین وەک کەرەستە
و بەڵگەی سەلمێنەر دژی دوژمنەکانی کوردیش بەکاری بێنین. ئێمە بە سەددام و بەعس و هەموو
دوژمنی خوێنخۆرەی کوردمان گوت زوڵمت تاسەر نییە و رۆژێک دەبێ لەسەر ئەم تاوان و
ستەمەت پەتکت دەکەین. ئەمەمان بە دوژمنانی پێش و تەنیشت سەددامیش وتووە، تەنانەت بەشێک لەم دەربڕینانەی لەم وتارەدا بەکارمهێناون
لە شیعری کلاسیکی نیشتمانیی و سرودی بەرگری کوردی هاتوون و لە زەیندا چەسپاون و بۆ
ئەمڕۆ گەڵاڵە کراون.
بە راستی بەسەرهاتەکان
زۆر سەرنجڕاکێش و وێنەی جووتن لەگەڵ باسەکەمان.
ئێمە سەدداممان
بینی خۆی تیاچوو، دوو کوڕەکەی کوژران و کچەکانی بێوەژن کەوتن و زاوا عەزیزەکانی لەناوچوون
و برا و برازاکانی ئاوەوئاو چوون، کیمیاوی نەما و سەبعاوی فەوتا و کێ و کێ کە
ئازاری کوردیان داوە بە کوشتن یان پاکتاوی ناوخۆیی یان مەرگی زەلیلانەی بێ ئەسەف
لەسەر زەمینی ئاوەدانی نەمان و گۆڕ بە گۆڕ بوو.
دایکان و خوشکانی
ئەنفالدیدە و کیمیاوی چەشتە و کەسوکاری قەتڵوعامکراومان و یادگاری شیرینی شەهیدەکان
وەک شانۆی درامایەکی راستەقینە ئەم شتانەیان لە تەمەنی ئاوەدانی خۆیان و بەچاوی خۆیان بینی.
هەموو ئەمانە
دووپات و سەلمێنەری ئەوەن تۆڵەی رەوا هەروا ناڕوا. جا زۆری پێناچێ
حوکمی کۆتایی دادگای رسافەش دەبینین لەسەر کەیسی تاوانەکانی عەجاج کە ئەمەش
هەمان ڕاستی ئەبەدی دووپات دەکاتەوە: (تۆڵە بە سەبرە، ئەمما بە زەبرە).
بەڵام ئەمما و بەڵامەکەمان
ئەچێتەوە سەر پرسیاری سەرەتایی و جەوهەری مەسەلەی کورد :
خۆ ئێمەی میللەتی
کورد لە خوتوخۆڕایی ئەم تەلەف و تیاچوون و فەوتانەمان تووش نەهاتووە. خۆ ئێمە بۆیە
تووشی هاتووین چونکە پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی خەباتە.
لەسەر ماف و
داخوازیمان قسەمان کردووە بۆیە زمانمان دەبڕن. زوڵم رەت دەکەینەوە بۆیە زوڵمی سەربارمان نیشان دەدەن. خۆ ئێمە (نا) دەڵێین بۆیە ناهێڵن
دەم بکەینەوە و دەممان پڕ خوێن دەکەن.
خۆ ئێمە شۆڕشمان
کردووە و خاک رزگار دەکەین و نایدەینەوە داگیرکەران و بۆ خۆمان و بە خۆمانی رەوا
دەبینین بۆیە ئەنفالمان دەکەن و سەوزەڵانی وڵاتمان سوتماک دەکەن، ئێمە هەناسەی
ئازادیمان پێ خۆشە و هەڵیدەمژین بۆیە هەناسەمان قەتع دەکەن و بە کیمیاوی دەمانخنکێنن.
ئەگەر قەزیەمان
مانع ئەلجەمع نەبێ و مەسەلەی کورد لە ئارادا نەبێ ئێمە چ ئیشمان بە عەجاجە و عەجاج
کێیە و چییە تا بوێرێ پەلاماری ژنانی رووسووری کورد بدات؟
ئێمە حەتمەن کۆتایی
عەجاج و دەیان دوژمنی تری کورد دەبینین. ئەم کۆتاییەش هەم رەوایە و هەمیش کەرەستەیە
بۆ سەلماندنی هەقانیەتی مەسەلەکەمان، بەڵام مەسەلەکەمان خۆی ماکی هەموو شتێکە و پێویستە
هەمیشە لەبیرمان بێت تا کوێمان هێناوە و چەندی ماوە بگاتە دوامەنزڵی خۆی؟
ئەرێ وایە و وا
لەبەرچاوە کە ئێستا عیراقی دوای سەددام حسێن دیموکراتییە و گوایە دەڵێن فیدڕالییە
و هەتا خوا حەز بکات دەق و بڕگەی جوانی دەستووری هەیە. بەڵام هێشتا ماوە کە بڵێین
دوا ئاستی چەوسانەوە و دوا پلەی زوڵملێکراویمان دوا ماف و دوا دڵنیایی لەسەر
داهاتووی گەلی کوردستان پێداوین. هێشتا زۆرمان
ماوە کە بڵێین دوا چۆڕی دادپەروەریمان نۆش کرد و سزای عەجاج وەک تیکەی سەربار و فیقی دوای تێربوونمانە.
نا بەرێزەکانم
سزای نەیارانی کورد و تۆڵەی دین و دونیایی بەشێکی کەمی پرسەکەیە و سەبوورییە بۆ
قوربانییەکان و کەسوکاریان، بەڵام هێشتا بەرهەمی نەبەردییە گەورەکە ماویەتی. هێشتا
دەسکەوت یەکسان نییە لەگەڵ ئازار و ئاوات.
جا وەبیرم دێتەوە
لەگەڵ دۆستێکی کورد، کە ئەشهەدوو زۆری لەسەر مەرگەساتی کورد نووسیوە و لە دونیا لەسەرمان
هاتۆتە جواب، گفتوگۆمان بوو، خواجە ئەفەندی باسی هێنایە سەر کەرکوک و زەحمەتی ماددەی 140ی
دەستوور، گوتم قوربان هەرچی بەسەرمان
هاتووە و هەرچی ئێوەش نووسیوتانە لەسەر ئەوی بەسەرمان هاتووە، لەبەر ئەو کەرکوکەیە کە لێی دوو دڵی.
کیمیاوی زادەی ئەو
پرسەیە و عەجاج قامچی دەستی ئەو خەیاڵەیە کە کەرکوکمان لێ قەدەغە دەکات. کە دیارە
لێرە کەرکوک هەر شارەکەی ناو شیعر و شانامەی شاعیران نییە، بەڵکو ناونیشانە بۆ
سنوور و بۆ دەستوور و بۆ هەموو ئامانجێکی رەوای رێی دوور.
بەڵێ ! خۆشە
سزادانی عەجاجەکانی ئەمڕۆ و ئەوانی دوێنێ و ئەوانی سبەی کە نەخەڵەتابن زوڵم لە
کورد بکەن،بە چاوی خۆمان و گلێنەی یادگارە نازدارەکانی ئەنفال ببینین، بەڵام ماکی
مەسەلەکە مەسەلەی کوردە و لە کورد قەوماوە.
تا چارەسەری تاسەر عەجاجەکان سزا دەدرێن و هی تر دەمێنن و دێن. مەقاشی
دەستی زوڵمە مێژووییەکەن.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03




دابەزێنە

