riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 04:41 PM - 2026-05-07
 ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

بەشی پێنجەم
سێیەم: گیانی هەڤاڵێتی و برایەتی لە ناوخۆی حزب و گیانی نیشتمانپەروەری و دیموکراتی لەناو کۆمەڵ و وڵات رەچاو بکات و پەرەی پێبدات.

چوارەم: رێبازی فیکری حزب سەربخات و پەرەی پێبدات.. نەریتی نەگۆڕی وەفاداری بە پرەنسیبەکانی حزب پێشبخات و ئەو رێبازە دەوڵەمەند بکات و بەگوێرەی توانا و جووڵەی حزبی بەشی خۆی بخاتە سەر خەرمانی ئەو رێبازەوە.

پێنجەم: رۆڵی ئیجابی لە بڵاوکردنەوەی بەها و نەریتە ناسراوە نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی حزب بگێڕێت و لە رێی ئۆرگانەکەیەوە بەشدار بێت لە کردنی ئەو بەهایانە بە بەهای گشتی(نیشتمانی و نەتەوەیی) دانپیانراو و سەرخراو، بۆ ئەوەی شێوازی نوێ و پەسەندکراو و سەرنجراکێش بۆ ئەو ناساندن و خستنەڕوویە پەیدابکات، لە پێشدا لەناو حزب و دواییش لەناو کۆمەڵ و وڵاتدا.

شەشەم: رۆڵی گرنگ بگێڕێت لە ناساندن و خستنەڕووی رەوتی تێکۆشانی حزب، مێژووی قوربانیدانی سەرکردە و هەڤاڵەکانی لە درێژایی بزووتنەوەی کوردایەتیدا.

حەوتەم: لە بازنە و سنووری چالاکی خۆی کار لەگەڵ هەڤاڵەکانی، لە ئۆرگان و (بە گوێرەی سیاسەتی گشتی حزبیش، لەگەڵ ئەندامانی حزبە دۆست و هاوپەیمانەکان)، بکات. لەو بابەتانەی خزمەتی گشتین. بە پاراستنی مۆرک و تایبەتمەندی ئەندامی حزبەوە.

گرنگە هەمیشە بە ژیری و نەرمە سیاسەتەوە لەو چالاکییە هاوبەشانەشدا مۆرکی حزب بپارێزێت. بە جۆرێک، بێ بێزارکردنی هاوپەیمانەکانی، تاڵەدەزووی ئەو سیاسەتە بدۆزێتەوە. بە ژیری و سەلیقە و ئەزموونەوە نەیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، بنەمای نەیارێتی بەرامبەرەکەی تێبگات و بیناسێ و بە سیاسەتی نەرم و بە ئاگاییەوە بەرپەرچیان بداتەوە.

هەشتەم: لە مینبەرەکانی راگەیاندن و سەکۆکانی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مینبەرە گشتییەکانی کۆڕ و کۆمەڵی دیموکراتی وڵات بەشدار بێت و بە جوانترین و رەوانترین شێوە گوزارشت لە بیروڕای حزبەکە و هی خۆشی بکات، کە ئیلتزامی حزبی راستەقینە و کارای هەر ئەندامێک زۆر کەم جیاوازی دەکات لەنێوان گشتی و زاتی. بیروڕای گشتی حزب و بیروڕای تایبەتی هەر هەڤاڵێك وایە کە زۆر نزیک بێت لە یەکەوە.

نۆیەم: خەسڵەتە ئاکاری و رەوشتییەکانی بۆ پرەنسیبی ژیانی گشتی و ژیانی سیاسی و هەروەها بۆ ناوبانگ و خۆشناوی هەڤاڵ و حزبەکەی پێویستن لە خۆیدا بەرجەستە بکات. ئەوەی کە هەڤاڵ مام جەلال بەم سێ دالە کورداندوویەتی (دەم و دەست و داوێن پاک بێت). ئەم خەسڵەتە ئاکارییانە جگە لەوەی بۆ تێکۆشەری کوردایەتی و دیموکراتی پێویستن، دەبێ هەر هەڤاڵێک لە زاتی خۆشیدا پەرەی پێ بدا و پەروەردەی بکات. تا خۆی و حزبەکەی لەناو کۆمەڵ و وڵاتدا وەک خاوەن پرەنسیب و دەروێش رەفتار و بە ئەدەب و ئەخلاق بناسرێن. لە دوورەوە بۆنی عەتری سیاسی خۆی و حزبەکەی خۆش و پەخش و پەرێشان بێت.

دەیەم: لە وێستگەی نوێنەرایەتی حزب لە دامەزراوە فەرمییەکانی وەکو حکومەت، شارەوانییەکان و پەرلەمانەکان ناوبانگ و رۆڵی حزب پایەدار و بەهێز بکات. وێرای جێبەجێکردنی ئەرکی رەسمی سەر شانی و لە بیری بێت کە ئەو وەکو ئەندامێکی حزب دوای ماوەی نوێنەراتییەکەی ئەگەر بێتەوە بۆ ناو ئەرکی حزبایەتی، پێویستە و دەبێت بەشی ئەوەی خەزین و پاشکەوت و دەرامەتی مەعنەوی هەبێت، کە پێی سەربەرز بێت و مایەی مەعنەوی داهاتووی خزمەت بێت.

خەسڵەتی شەخسی (خودی)

‏1 - رەفتار جوان و نەرم و نیان، رێڕەو ئاوەدان واتا شێوازی ئیشکردنی وا بووژاوە و ئاوەدان بێت، هەڤاڵی تر لێوەی فێر بێت و بزانێت رێگاکە کوێر نەکاتەوە، بە جۆرێک کەس لە دوای ئەو هیچ نەزانێ و فێر نەبێت .

‏2 - بە زمانی گوڵ و (بالتي هي احسن) گفتوگۆ و دیالۆگ بکات. پشت بەخۆبەستوو و حەریف بێت، لە ناساندنی کۆمەڵەکەی، گیانی نوکتە و قسەی خۆشی تیا بێت. وەک مام جەلال خۆشمەشرەب و ئاوەدان بێت. بیری هاوچەرخی حزبایەتی تێکەڵ بە پەند و ئیدیۆمی کوردەواری بکات. کادێری سیاسی هاوچەرخ دەبێ وەک مەلای گوند خوێندەوار و رێنوێن. لەپەنا پەیڕەو و پرۆگرام و بەرنامەی حزب نوسخەیەکی هەشت بەرگەکەی (رشتەی مرواری) مامۆستا عەلادین سوجادی لابێت، ئیشی پێ دەبێت و دەبێ پەراوێز و حاشیەی نوێی لەسەر بنووسێت.

‏3 - ئازا و ئازاد بێت، ژیر و زیرەک، راستگۆ و ئەمین و دەستپاک بێت، بەغیرەت بێت و ‏خۆپەرست نەبێ. برایەتی و هاوبەشێتی و جددی بوون و یەکسانیخواز بێت. حورمەتی ژنی لابێت و هەڤاڵی ژن لەحزبەکەی بە هاوڕێ و هاوخەباتی هاوشان بناسێت.

‏4 - باوەڕی خەڵک بەگشتی و خەڵکی سنووری چالاکی خۆی بەدەست بێنێت و خۆشەویست بێت لە لایان، پشتی پێ ببەستن و متمانەیان بەدەست بێنێت. هەڤاڵێتی لەگەڵ هەڤەڵەکانی بکات و بایەخیان پێبدات، وەفادار بێت بە هەڤاڵەکانی و بە حزبەکەی.
درێژەی هەیە

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket