رەخنە، زنجیرە وتاری عیماد ئەحمەد
بیروڕا 02:36 PM - 2026-05-06
رەخنە؛ لە ئاوێنەی ویژدانەوە بۆ چرای رزگاری
(1)
لەم شەوانەدا کە تەمومژی بێ متمانەیی و دوودڵی و ترس، باڵ بەسەر ژیانی گەلی کوردستاندا دەکێشێت، تەنیا چرایەکی بچووک هەیە کە دەتوانێت رێگاکەمان بۆ رووناک بکاتەوە و رێگای راستمان نیشانبدات؛ ئەویش ناوی «رەخنە»یە. ئەم چرایە ئەگەر بە دەستی ویژدان و نیازپاکیی هەڵبگیرێت، دەبێتە رێنیشاندەر، بەڵام ئەگەر کینە و بوغز دایبگیرسێنێت، تاریکییەکە قووڵتر و شەوەکە درێژتر دەکات.
لە ژیانی رۆژانەماندا، رەخنە زۆرجار لەنێوان دوو مانای دژبەیەکدا دەگوزەرێت: هێرشێکی بێ لۆژیک و «شەلم کوێرم، کەس نابوێرم»، یان ئامرازێکی چاکسازیی، بەڵام لە جەوهەری خۆیدا، رەخنە تەنیا وشەیەکی رووت نییە؛ هەڵوێستێکی ئەخلاقی و سیاسییە. هەر لەم رەهەندەوەیە کە جارێک دەبێتە یاخییەکی سەرکێش و جارێکی تر دەگۆڕێت بۆ رزگارکەرێکی هێمن.
رەخنە ئەو کاتە دەبێتە «چەکی وێرانکەر»، کە لە کینە، تەنیا خۆبینی، یان نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم دۆخەدا، وشەکان وەک تیر دەوەشێنرێن و دیالۆگ دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی بێدەنگ.
لێرەدا راستی لەناو دەچێت، چونکە هەموو شتێک لەژێر باری هەستە نەرێنییەکاندا دەشکێنرێت و دەکوژرێت، بەڵام رەخنە دەتوانێت رۆڵێکی تر بگێڕێت؛ رۆڵی رزگارکەر کاتێک لە ویژدانێکی زیندووەوە هەڵدەقوڵێت و دەبێتە چرایەک کە تاریکییە شاراوەکان دەردەخات و رووداوەکان بەڕوونیی دەبینێت. ئەمجۆرە رەخنەیە بۆ شکاندن نییە، بەڵکو بۆ بنیادنانەوەیە؛ ئەوکاتە وشەکان نابنە دیوار، بەڵکو دەبنە پرد. نابنە بنبەست، بەڵکو دەبنە رێگا.
رەخنەی راستەقینە وەک ئاوێنەیە؛ مرۆڤ وەک خۆی نیشاندەدات، نەک وەک ئەوەی حەزی لێیەتی. ئەمە سەختترین جۆری رووناکییە، چونکە کاتێک راستی دەدرەوشێتەوە، هیچ شوێنێک بۆ خۆشاردنەوە ناهێڵێتەوە.
لێرەدا پرسیارێکی بنچینەیی سەرهەڵدەدات: ئایا ئێمە بوێریی بینینی ئەم رووناکییەمان هەیە؟ زۆرجار مرۆڤ شەیدای وێنە خەیاڵییەکەی خۆیەتی و بەرگەی راستی ناگرێت. هەر بۆیە دەڵێن: «لە سەردەمی فێڵ و چەواشەکارییدا، وتنی راستی کردەیەکی شۆڕشگێڕانەیە». ئەمەش ئەوەمان فێر دەکات کە رەخنەی راستەقینە هەمیشە ئاسان نییە؛ نە بۆ ئەوەی دەیڵێت و نە بۆ ئەوەی دەیبیستێت.
لە بواری سیاسییدا، رەخنە تەنیا مافی هاووڵاتی نییە، بەڵکو پارێزگارییە لە دیموکراسی. ئەوە رەخنەیە کە رێگریی دەکات لەوەی دەسەڵات بگۆڕێت بۆ سەرکوتکارییەکی بێ سنوور. بەبێ رەخنە، دەسەڵات دەگۆڕێت لە زریانێکەوە بۆ لافاو و کارەسات. رەخنە لە هەمانکاتدا تاقیکردنەوەی ویژدانە. ئەو کەسەی رەخنە دەگرێت، خۆی دەخاتە تاقیکردنەوەی راستگۆییەوە و ئەو کەسەی گوێی لێ دەگرێت، خۆی دەخاتە ناو تاقیکردنەوەی بوێرییەوە. وشەکان، ئەگەر لە راستییەوە بێن، رێگاکان دەکەنەوە، بەڵام ئەگەر لە کینەوە بێن، دەرگاکان دادەخرێن، لەم نێوانەشدا چارەنووسی کۆمەڵگە دەنووسرێتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هێزێکی خاوەن مێژوو، قوربانیدان، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی هەیە. ئەو هێزەی کە بە دیالۆگ و فرەیی ناسراوە، دەبێت ئەمڕۆش پێشەنگی رەخنەی بنیاتنەر بێت؛ رەخنەیەک کە ناڕەزایەتی دەگۆڕێت بۆ پڕۆژە و جیاوازیی دەگۆڕێت بۆ هێز.
رۆڵی هێزە سیاسییەکان تەنیا لە بەشداریکردنی دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە گوێ بۆ دەنگی راستەقینەی خەڵک بگرن، هەڵەکانیان چارەسەربکەن و رێگا بۆ نوێبوونەوە بکەنەوە. ئەو کاتە رەخنە دەبێتە چرای رووناکی، نەک چەکی وێرانکاری. بۆیە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەما ئەخلاقییەکانی رەخنە؛ ئەو رەخنەیەی کە بەرژەوەندیی گشتی دەخاتە سەروو بەرژەوەندیی تایبەت.
دەمانەوێت بە میدیا و میدیاکاران و نووسەران بڵێین کە تەنیا لە رێگەی راستگۆیی و رەخنەی بنیاتنەرانەوە دەتوانین نیشتمان لە بنبەستەکان رزگار بکەین، چونکە لە کۆتاییدا، رەخنە یان دەبێت بە چەکێک بۆ وێرانکردن، یان دەبێت بە چرایەک بۆ رووناککردنەوەی رێگا.
رەخنە و چاکسازیی؛ لە هاواری ناڕەزایەتییەوە بۆ نەخشەی رزگاری
(2)
رەخنە دەتوانێت ببێتە ئاگرێک کە هەموو شتێک دەسووتێنێت، یان ببێتە چرایەکی رێنیشاندەر کە رێگای داهاتوو رووناک دەکاتەوە. کوردستان لە ئێستادا لە نێوان ئەم دوو رێگایەدا وەستاوە.
لە شەوانێکی بارودۆخی کوردستاندا، کە تەمومژی دوودڵی و بێ متمانەیی لەسەر ئاسۆی کۆمەڵگە دەنیشێت، هەمیشە دەنگێک هەیە کە لە ناو تاریکییەکاندا بەرزدەبێتەوە؛ دەنگی رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن، بەڵام ئەم دەنگە هەموو جارێک یەک مانای نابێت؛ هەندێکجار دەبێتە هاواری تووڕەیی، هەندێکجار دەبێتە ئاوازێکی ئاگادارکردنەوە. پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا رەخنەکانمان دەتوانێت لە ئاستی ناڕەزایەتییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی چاکسازیی؟
رەخنە، ئەگەر لە ویژدان و هەستێکی نیشتمانیی پاکەوە سەرچاوە بگرێت، وەک بارانێکە کە خاکی وشک دەژێنێتەوە؛ بەڵام ئەگەر لە کینە و بوغزدا بنووسرێت، تەنیا باهۆزێکە کە دارستان دەڕووخێنێت بێ ئەوەی نوێکردنەوەیەک بسازێنێت. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆئەوەی رەخنە لە دەنگێکی بێ ئاراستەوە بگۆڕدرێت بۆ نەخشەیەکی رێنیشاندەر. دەنگێک بۆ چارەسەر، نەک تەنیا بۆ تاوانبارکردن.
لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا، کەم کەس هەبووە وەک سەرۆک مام جەلال، رەخنە قبووڵ بکات و رەخنە بەشێوەیەکی هێمن و پڕ لە حیکمەتی سیاسی بەکارهێنابێت. رەوانشاد مام جەلال، رەخنەی وەک چەک نەدەبینی، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ چاکسازیی دەیبینی. ئەو باوەڕی وابوو کە رەخنەی بێ چارەسەر، وەک ئامرازێک وایە کە تەنیا دەرد زیاد دەکات، نەک چارەسەر. ئەم دیدە، لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستە؛ چونکە کوردستان نەک تەنیا پێویستی بە دەنگی رەخنە هەیە، بەڵکو پێویستی بە فەرهەنگی رەخنەی دروستکار هەیە؛ رەخنەیەک کە لەگەڵ خۆیدا رێگای چارەسەرکردن و دەرچوونیشی پێ بێت.
لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا، دوو هێزی سەرەکی (یەکێتی و پارتی) نەک تەنیا بەرپرسیارێتیی پاراستنی دەسەڵاتیان هەیە، بەڵکو بەرپرسیارێتیی نوێکردنەوەی سیستمیشیان لەسەرشانە. ئەگەر سیاسەت تەنیا لەسەر پاراستنی خۆی دامەزرابێت، دەبێتە قەفەسی خۆی؛ بەڵام ئەگەر دەرگای رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن بکرێتەوە، دەبێتە هێزی گەشەکردن. لایەنەکان دەبێت بزانن کە بێباکی بەرامبەر بە رەخنە، متمانەی خەڵک لاوازتر دەکات، بەڵام بایەخدان بە رەخنە، دەبێتە بناغەی متمانەی نوێ.
مێژوو پڕە لە وانە، وڵاتانی وەک ئەڵمانیا دوای کارەساتی جەنگ، بە رەخنەی قووڵ لە خۆیان و سیستمەکەیان، توانییان بناغەی حوکمڕانییەکی نوێ دابنێن. هەروەها کۆریای باشوور، بە هێزی کۆمەڵگەی مەدەنی و فشاری رەخنەی گشتی، گەیشتە دیموکراسییەتێکی بەهێز. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە رەخنە کاتێک لەگەڵ پلان و ئیرادەی سیاسی یەکدەگرێتەوە، دەتوانێت وڵات بگۆڕێت.
کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە نەخشەیەکی روون هەیە؛ رێگایەک کە وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکان بداتەوە: چۆن چاکسازیی بکەین؟ چۆن دادپەروەریی بەهێز بکەین؟ چۆن متمانەی گشتی بگەڕێنینەوە؟ بێ ئەم پلانە، رەخنە دەبێتە دووبارەکردنەوەی هەمان دەرد، بەڵام بە پلان، دەبێتە دەستپێکی چارەسەر.
لایەنەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو ئاوێنەیەن کە دەسەڵات خۆی تێدا دەبینێتەوە. ئەگەر ئەم ئاوێنەیە بشکێت، دەسەڵات دەبێتە نابینا و هێزی بینین لەدەستدەدات. رۆڵی ئەوانیش تەنیا رەخنەکردن نییە، بەڵکو پێشکەشکردنی چارەسەر و بەرزکردنەوەی هۆشیارییە. ئەوان دەتوانن پردی نێوان خەڵک و دەسەڵات بن.
هیچ سیستمێک بەبێ متمانە ناتوانێت بەردەوام بێت، متمانەش بە بەڵێن دروست نابێت، بە کردار دروست دەبێت. کاتێک هاووڵاتی دەبینێت یاسا بە یەکسانیی جێبەجێ دەکرێت و دەنگی دەبیسترێت، ئەوکات متمانە دەگەڕێتەوە.
چاکسازیی تەنیا ئەرکی حکومەت نییە؛ پڕۆژەیەکی نیشتمانییە کە پێویستی بە بەشداریی هەمووان هەیە، سیاسییەکان، رۆشنبیران، پیاوانی ئایینی، گەنجان، ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، لەوکاتەشدا کە هەموو ئەم هێزانە یەکدەگرن، گۆڕانکاریی لە خەونەوە دەبێتە حەقیقەت.
کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بە رەخنەی روخێنەر نییە، بەڵکو پێویستی بە رەخنەی بنیادنەر هەیە؛ رەخنەیەک کە نەک تەنیا دەردەکان ئاشکرا بکات، بەڵکو دەرگا بۆ چارەسەر بکاتەوە. ئەگەر رەخنە بکەین بە نەخشە، ئەگەر ناڕەزایەتی بکەین بە پلان، ئەگەر خەم بکەین بە بەرپرسیارێتی، ئەوکات لەناو تاریکییەکی قووڵدا، چرایەک دادەگیرسێنین؛ چرایەک کە ناوی چاکسازییە و ئەوکاتەش کوردستان لە سێبەری قەیرانەوە، بەرەو تیشکی رۆشنی داهاتوو هەنگاو دەنێت.
دوای رەخنە، چی؟
(3)
لە مێژووی گەلاندا هەندێک ساتی وا هەن، نەتەوەکان ناچار دەبن لە بەردەم دەروازەی خۆناسین و خۆهەڵسەنگاندندا بوەستن؛ نەک بۆئەوەی رابردوو بسووتێنن، بەڵکو بۆئەوەی داهاتوو بنیات بنێن. ئەمڕۆ کوردستانیش لە یەکێک لەو ساتانەدایە؛ ساتێک کە نابێت رەخنە ببێتە چەکی یاخیبوون، دەسەڵاتیش نابێت لە ترسی رەخنە، گوێی خۆی لە دەنگی کۆمەڵگە قەپات کات.
لە دوو وتاری پێشوودا باسمان لەوە کرد کە رەخنە ئەگەر لە ویژدان و بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە بگرێت، دەتوانێت چرایەکی رێنیشاندەر بێت. پرسیاری ئەمڕۆ ئەوەیە: دوای رەخنە، چی؟ وەڵامەکە بە کورتی بریتییە لە: ناسینی سنووری نێوان ماف و ئەرک.
ئازادیی بێ ئەرک، هەر زوو دەگۆڕێت بۆ ئاژاوە؛ ئەرکی بێ مافیش، دەبێتە چەوساندنەوە. کۆمەڵگەی تەندروست ئەو کۆمەڵگەیەیە کە هاووڵاتیانی بتوانن قسە بکەن، رەخنە بگرن و پرسیار بکەن، بەڵام لەهەمانکاتدا پێویستە بزانین نیشتمان هێڵی سووری هەمووانە. لەو شوێنەدا جیاوازیی بیروڕا دەبێتە سامان، نەک مەترسی.
دانایان دەڵێن: «ئازادیی ئەوە نییە هەرچییەکت پێخۆشە بیکەیت؛ ئازادیی ئەوەیە بتوانیت بە ئەقڵ بڕیار بدەیت».
ئەم وتەیە لە بارودۆخی ئێمەدا واتایەکی قووڵی هەیە؛ چونکە کوردستان پێویستی بە ململانێی سیاسی هەیە، بەڵام نەک لەسەر بنەمای کەسایەتی و تۆمەتبەخشینەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای پڕۆگرام، دیدگا و نموونەی فەرمانڕەوایی.
نازانم لە خەیاڵدایە، یان لە راستیدا، ئەم دیالۆگە دەبینم:
- «ئەم هەموو مشتومڕ و رەخنەیە دەتوانێت چی بکات؟ ئێمە پێویستمان بە هێزە نەک قسە».
- «هێزێک پشت بە ئەقڵ نەبەستێت، هەر زوو دەبێتە کۆشکی سەر لـم».
- «خەڵک متمانەیان نەماوە، گەنجان کۆچ دەکەن، هیچ شتێک ناگۆڕێت».
- «نەتەوەکان نەک بە هەموارکردنی رێگەکان، بەڵکو بە ویستی رێکردن لەناو تەمومژدا دروست بوون».
ئەم دیالۆگە، تەنیا گفتوگۆی چەند کەسێک نییە، بەڵکو وێنەی ناو ناخی کۆمەڵگەی ئێمەیە.
ئەمڕۆ ناوچەکە لەناو گۆڕانکارییەکی گەورەدایە؛ لە جەنگ و ململانێی ناوخۆییەوە تا پێکهاتە نوێیەکانی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان. لەناو ئەم ئاڵۆزییەدا، ئەگەر کوردستان نەتوانێت ماڵی ناوخۆی خۆی رێکبخاتەوە، مەترسییەکان زیاتر دەبن. بێ متمانەیی خەڵک، بەتایبەتی کۆچی گەنجان، زەنگی مەترسییە؛ چونکە کاتێک گەنج بێ ئومێد دەبێت و دەست لە خاکی خۆی هەڵدەگرێت، ئەوە تەنیا کۆچی تاک نییە، بەڵکو کۆچی بەشێکە لە داهاتوومان.
لێرەدا رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو هێزە نیشتمانییەکان گرنگ دەبێت. یەکێتی وەک هێزێک کە لە مێژووی نوێی کوردستاندا شۆڕشی هەڵگیرساندووە و بەشداریی لە دامەزراندنی هەرێم و دامودەزگاکاندا کردووە، ئەرکێکی مێژوویی لەسەرشانە بۆ دروستکردنی رێگەی گفتوگۆ، قبووڵکردنی بیروڕای جیاواز و پێشخستنی هاوکاریی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندیی بۆ چارەسەری کێشەکان، چونکە سەرکەوتنی فیدراڵییزم لە عیراقدا، تەنیا سەرکەوتنێکی یاسایی نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هاوبەشی و متمانەیە.
سەرۆک مام جەلال دەیفەرموو: «سیاسەت هونەری دۆزینەوەی رێگەی هاوبەشە» ئەمە لە ئێستادا لەهەر کاتێکی تر زیاتر واتای هەیە.
وەک شاعیران دەڵێن: «ئەو دڵەی عاشقی یەکبوون نەبێت، لە شکانەوە ناپارێزرێت».
پوختەی هەر سێ وتارەکە دەکرێت لەمەدا کۆبکرێتەوە:
رەخنە ئەگەر لەگەڵ بەرپرسیارێتی، فرەیی و ویستی نیشتمانیدا بێت، دەتوانێت لە هاواری ناڕەزاییەوە ببێتە نەخشەی رزگاری.
کوردستانی ئەمڕۆ پێویستی بە قەڵەمی توندڕەو نییە، پێویستی بە ویژدانی بەهێزە. پێویستی بە دەنگی بەرز نییە، پێویستی بە ئەقڵی بیرکەرەوە و تێگەیشتنی قووڵە.
لە کۆتاییدا، نیشتمان وەک دارێک وایە؛ بە یەک رۆژ گەورە و بەرهەمدار نابێت، بەڵکو بە سەبر، بە ئاوی متمانە و لەسەر خاکی هاوبەشی و پێکەوەژیان گەشە دەکات.
ئەگەر بتوانین جیاوازییەکانمان بکەینە بنچینەی هێز، نەک هۆکاری دووبەرەکی، ئەوا داهاتوو هێشتا لەبەردەستماندایە و کۆتایی رێگەکە، دەبێتە دەستپێکی سەربەرزی بۆ خۆمان و نەتەوەکەمان.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03




دابەزێنە

