riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 11:53 AM - 2026-05-06
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

بەشی چوارەم

سێیەم: ئەندامی یەکێک لە ئۆرگانەکانی حزب بێت، ئۆرگانێتی لە حزب زۆر مانا هەڵدەگرێت. بۆ نموونە:
1 -ئەندامی دامەزراوەیەکی راستەوخۆی ئۆرگانە حەریفەکانی حزبەکە بێت. کەرت و کۆمیتە، مەڵبەند و هتد...

2- ئەندامی ئۆرگانێکی پیشەیی یان دیموکراتی حزبەکە بێت، بە مەرجێک ئەو ئۆرگانە پیشەییە راستەوخۆ بە حزبی بناسرێت و خۆشیان بە ئەندامی حزب و ئۆرگانی حزب بناسێنن. ئەم ئۆرگانە ساف حزبییە جیاوازە لە ئەندامێتی رێکخراوە ڵیشەییە بەرەییەکان.

3 -ئەندامی فراکسیۆنی حزبەکە بێت لە پەرلەمان، لە شارەوانییەکان، یان ئەندام بێت لە حکومەتە لۆکاڵی و نیشتمانییەکان. بە ناو و ناونیشانی دیاریکراو، بە مەرجێک حزبەکە خۆی ئۆرگانێکی تایبەتی بۆ فراکسیۆنەکە دیاری کردبێت و لە رووی حزبییەوە رێکی خستبن.

چوارەم: لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، هەر هەڵبژاردنێک بۆ پەرلەمان، بۆ شارەوانییەکان و رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان، بەشدار بێت لە کامڵینی حزبەکەی، لێیەوە هیلاک بێت، دەنگی پێ بدا و دەنگی بۆ کۆبکاتەوە.

پێنجەم: لە کۆڕ و کۆمەڵی گشتی و تایبەتدا داکۆکی لە سیاسەتی رەسمی حزب و نوێنەرە جیاجیاکانی بکات، بەرلەهەرچی پڕوپاگەندە و بوختانەکانی دژی حزبەکە بداتەوە و سیاسەتی گفتوگۆ و پێسەلماندن لەگەڵ رەخنە ئیجابییەکاندا پەیڕەو بکات.

شەشەم: لە کاتی شێنەیشدا دیسان داکۆکی لە سیاسەتی گشتی حزبەکە بکات و بە چالاکییەکانیشی بەشدار بێت لە داڕشتنی ئەو سیاسەتە. بە جۆرێک هەست بکات رۆڵی هەیە لە رەسمی سیاسەتەکە و لە رووی نەفسی و لێوەشاوەیی حزبیشەوە باشتر و چاکتر بۆ جەماوەری روون بکاتەوە.

حەوتەم: لە خەباتی حزبی و چالاکی رێکخراوەیی خۆیدا ئەندام و لایەنگیر و دۆست بۆ حزبەکە پەیدا بکات. بە گوێرەی نەریت و بنەماکانی حزب لە وەرگرتن و رێکخستنی ئەندامدا رێکیان بخات و پێوەر و رێوشوێنی حزبی ئەوتۆ بناسێ کە چالاکی ئەندام پەیداکردنی روون بێت، خۆی و بازنەی سنووری ئۆرگانەکەی ئەم چالاکی ئەندام وەرگرتن و پەیداکردنە بکەنە بەشێک لە چالاکی بەردەوامی حزبایەتی پێی بگەشێنەوە، لە کاتی سەرکەوتن و بە گوێرەی (سزا و پاداشت) خاڵ و نوختەیان بۆ حیساب و لەسەر حیساب بکرێت.

هەشتەم: یەکێتی ریزەکانی حزب بپارێزێت و پتەوی بکات. رەخنە و سەرنج و گلەییەکانی لە ناو ئۆرگانەکانی خۆیدا دەرببڕێ و ئازایانە و بە جورئەتەوە داکۆکی لە روانگەی خۆی بکات. دوای پێسەلماندن یان رمێن پەیداکردن بۆ بیروبۆچوونەکانی و کردنی بە بەشێک لە روانگەی حزب، داکۆکی لێ بکات. هەروەها روانگەی دروستی هەڤاڵەکانی یان زۆرینەی حزب پەسەند بکات و وەک بیروباوەڕی خۆی داکۆکی لێ بکات.

نۆیەم: بە گوێرەی نەریت و رێوشوێنەکانی حزب لە پێگەیاندنی هۆشیاریی کادر و تێکۆشەری ریزەکانی خۆی، ئەندام ئاستی هۆشیاری، سیاسی، نیشتمانی و نەتەوەیی بەرز بکاتەوە و ئەوی فێری دەبێ و پێی دەگات وەک زەکات پێشکەشی هەڤاڵەکانی بکاتەوە، لە خولەکانی پێگەیاندن و کۆڕ و کۆبوونەوە هۆشیارییەکانی ئۆرگانی حزبدا ئەم هۆشیارییە بخاتە کار. بۆ خۆی و بۆ هەڤاڵەکانی و حزبەکەشی بەکاری بێنێتەوە.

5.خەسڵەتە سەربار و خۆڕسکەکان:
دەکرێ لێرەدا باسی خەسڵەتە تایبەتییەکانی هەر هەڤاڵێک بکەین و لە قۆناغی مەرجەکانی ئەندامێتییەوە بۆ خەسڵەتەکانی تایبەتمەند بچین.
بێگومان خەسڵەتەکانی کادیری هەر حزبێک، دەبێ وا جیاواز بێت، کە لە دوورەوە پێی بناسرێتەوە و لە حزبەکانی تر جیا بکرێتەوە. مەگەر لە ئامانج و خەم و خولیا گشتییەکاندا نەبێت. وەک حەسەن زیرەک لە گۆرانی میللیدا دەڵێت: ئاشقان لە دووڕا دیارن رەنگیان زەردە و لێو بە بارن. دەبێ ئەندامی چالاکی حزب گەش و رووناک و لە دوورەوە بدرەوشێنەوە.
بێگومان لە مێژووی حزبایەتی و رەوتی ئەدەبیاتەکانیدا، چ هی کوردستانی و چ هی سەرتاسەری، خەسڵەتەکانی ئەندام لە قۆناغی خەباتی نهێنی و ژێرزەمینی، یاخود قۆناغی خەباتی چەکداری جیاواز دەبێت لە خەسڵەتەکانی خەباتی شار و خەباتی ناو پرۆسەی دیموکراسی و تەنانەت نیمچە دیموکراسی و کرانەوەی قۆناغ بە قۆناغدا.

ئەمانە چەند خاڵێکن:

یەکەم: هەموو کات  و رەنجی سیاسی و رێکخراوەیی خۆی و هەموو دنیابینی خۆی بۆ سەرخستنی بەرنامەی حزب تەرخان بکات و باوەڕی بە بەرنامەی دڵخواز و بڕیارلێدراوی خۆی هەبێت بە حزبەکە و بە کردار جێبەجێ بکات.

دووەم: رۆڵی کارا بگێڕێت لە ئاراستەکردن و هاندانی حزب بۆ گرتنەبەری سیاسەتی سەرکەوتوو لەپێناو سەرکەوتنی ئەرکەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لە دونیابینی حزبەکەیەوە.
درێژەی هەیە.

PUKMEDIA 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket