شەرواڵ
بیروڕا 10:48 AM - 2026-05-04
بۆ پیاوان شەرواڵ بەكاردەهێنین، بۆ ژنان (هاوەڵكراس، ئاوەڵكراس، ئەوەڵكراس)، لە شەرمنیی زمانی كوردییەوە، ژێرەی جلی ژنانە بەناوی ئاشكرا ناوترێت و نانووسرێت، بەڵكو ئاوەڵناو و سیفەت و جێگرەوەی بۆ دانراوە.
شەرواڵ تایبەتمەندییەكی باشی هەیە بۆ ناوچەی شاخاوی و جووڵەی زۆر و كارئاسانی رێكردن و سەركەوتن و باخداری و جوتیاری و راووشكار، ئێجگار نموونەییە، لەبەری پیاواندا هەستێك و خۆبەشت زانیی تێدا دەبینرێت، لە ئەدەبیات و نووسیندا كەڵەگەتی و كەڵەقامەتی و گەورەیی، لە شۆڕشدا شانازیی، لە گەنجاندا مێژوو سەروەری باپیرانی هەیە، ئەم پارچە قوماشە كرۆكێكی قوڵی بیركردنەوەی بە خۆیەوە هێناوە، وابزانم ئێمە لەهەموو میللەتەكان زیاتر باسمان لە شەرواڵ و جلی میللی خۆمان كردووە و وەك رەمز لێمان روانیوە.
گەنجێتی خۆمم لە هەڵەبجە تەواو كرد، لە پێنج ساڵییەوە تا هەژدە ساڵیم لەو شارەدا ژیاوم، جگە لە شەرواڵ و چۆغە و رانك هیچ بەرگێكی ترم نەپۆشی، پانتۆڵ لای ئەو نەوەیەی ئێمە بەرگێكی بەعس پۆشین بوو، لە خوێندنگەش دەیانویست بە زۆرەملێ جلی رەسمیمان بكەن بە پانتۆڵ و كراس و چاكەت، بەڵام لەبەرئەوەی چوبووە مێشكمان كە ئەمە بەرگی بەعسیانە ملمان بۆ ئەو بڕیارە نەدەدا، بۆیە چەند بەسەرهاتێكی سەیرتان لەسەر شەرواڵ و پانتۆڵ بۆ باس دەكەم.
تەمەنم تەنها 10 ساڵان بوو، بەیانییەك بەعسییەكان شەرواڵێكی خوێناویی پێشمەرگەیەكیان بە دیواری گازینۆ شنروێ دا هەڵواسیبوو، لە چالاكی شەوی رابردوودا گولـلە بەر سكی كەوتبوو (بەنەخوێن- دووخوێن)ەكەی قرتاندبوو، چەند گریام چەند توڕە بووم چەند ناخۆش بوو.. كە لە زانكۆی موسڵ وەرگیرام، چوار هاورێی ئامادەیی بڕیارمان دا بۆ تەواوكردنی كارەكانمان پێكەوە سەردانی موسڵ بكەین، هەندێكمان لە زەرفێكی عەلاگەدا پانتۆڵمان هێنا و كە لە هەڵەبجە دەرچووین هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا پانتۆڵمان گۆڕی و شەرواڵەكانمان لابرد، چونكە بە راستی شەرممان دەكرد پانتۆڵ لەپێ بكەین، شەویش كە هاتینەوە بەهەمان شێوە هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا پانتۆڵمان كردەوە بە شەرواڵ، واتە بە شەرواڵەوە لە هەڵەبجە دەرچووین و بە شەرواڵەوە هاتینەوە ناو هەڵەبجە.
نازانم ئێستا ئەم رووداوە چۆن هەڵبسەنگێنم، هەرچەند بیر دەكەمەوە كۆمەڵێك شیكاری دەروونی و كۆمەڵایەتی و شەرم و یاخی بوون و ترس لە دابونەریت لەخۆ دەگرێت، بۆیە ئێوە قسەی لەسەر بكەن باشترە تا منی شەرواڵ لەپێ.
رووداوێكی تری زۆر ناخۆشیش لە مێشكۆلەمدا ماوەتەوە، ئەویش لەساڵی 1988 لە گەرمەی ئەنفال و كوردقڕاندا بوو، لە موسڵەوە دەگەڕامەوە بۆ سلێمانی، چونكە ئەوكاتە هەڵەبجەمان وێران بوو، گەشتینە چەمچەماڵ، بارودۆخ زۆر ئاڵۆز بوو، پێش ئێمە تەقوتۆق ببوو، شار نیمچە چۆڵ بوو، پرسیارمان كرد، وتیان: ئیڤا و زیلە سەربازییەكان، ئەنفال كراوەكانیان بەناو چەمچەماڵدا هێناوە و چەند ئاوەڵكراسێكی ژنانەیان هەڵواسیوە بە ئیڤاكاندا، وەك ئەتك و شەرم تكاندنی كورد، بۆیە جاشەكانی چەمچەماڵ ئەمەیان پێ قبوڵ نەكراوە و تەقەیان بە ئاسماندا كردووە تا هێزە سەربازییەكە ئەوەڵكراسەكان لە ئیڤاكان بكەنەوە.
كەواتە داواكاریی جاشەكان لەسەر ئەوە نەبوو كە كەسوكاریان ئەنفال نەكرێن، بەڵكو تەنها بۆ ئەوەبوو شەرواڵ، یان پانتۆڵ، یان ئەوەڵكراسە ژنانەكان لە زیل و ئیڤاكان بكەنەوە و ئیتر خاوەن شەرواڵەكان ببەنە نوگرەسەلمان بۆ زیندە بەچاڵكردن ئاسایی بێت، ئەم رووداوەش جەدەلێكی ئەسبەرتی زۆر قووڵ هەڵدەگرێت.
راستە جار جار لە خوێڕییەكانیش هەندێك رەفتار دەوەشێتەوە كە دوولایەنەیە، نازانین دەستخۆشییان لێبكەین و پێبكەنین، یان بۆیان بگرین!!؟؟
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03




دابەزێنە

