riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 03:55 PM - 2026-05-03
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

بەشی یەكەم 

سەرنج بە خۆشحاڵییەوە ئەم زنجیرە وتارە لە سەکۆی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاودەکەمەوە و مەبەستمە تێبینی ورد و بە ئەزموونی هەڤاڵانی حزبی لەسەر وەربگرم و بە تێکڕایی لە رێی بەشداری و گفتوگۆوە ژیانی حزبایەتی زیاتر پەرە پێ بدەین

رێکخستنی دەروون حزبی بنەمای سەرەکییە بۆ بەهێزبوونی حزب و هاتنەکایەی باسکێکی تۆکمە و پتەوی خەباتی سیاسی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، ناچینە سەر بایەخی حزبی سیاسی وەک یەکەیەکی سەرەکی بزووتنەوەکە، بگرە بزووتنەوەکەمان خۆی هەر دەبێ بریتی بێت لە حزبەکە، کە جووڵایەوە وەک ئەوەیە بزووتنەوەکە بەهێز و پتەو دەبێت و قۆناغێک کوردایەتی و سیاسەت ئەچێتە پێشەوە.

ئەوە راستە ئەسڵ لە حزبایەتی، ئەسڵ لە بزووتنەوەکە و کوردایەتی رووی لە دەرەوەیە، رووی لە کۆمەڵگەی کوردەواری و لە ئەویتری حکومەتەکان و دەسەڵاتە مافخۆرەکانی بێگانەیە، بەڵام هەر تەنها حزبی پتەو، باسکی بەهێزی رێکخستنی سیاسی دەتوانێت روو لە دەرەوە ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات و کوردایەتی پایەدارتر بکات تا دەگاتە دوا مەنزڵی مافی چارەنووس.

کەواتا سەرەتاکەی وایە:
رێکخستنی پتەو بنەمای ژیانی رێکخراویی و دەروونی حزبییە، هەر ئەرکێکی رێکخراوەیی بۆ پتەوکردنی ریزەکانی حزب  و بەهێزکردنی باسکی رێکخستنی سیاسی دەکرێت، رێک یەکسانە بە کوردایەتی کردن و لە قاودانی نەیارانی بزووتنەوەکەمان.

لەبەر ئەوەیە ئەو گوتەزایە راستە و هیچ موبالەغەیەکی تیا نییە وەختێک هەڤاڵێک، تێکۆشەرێک، خەریکی کاری حزبییە و کۆششی لەسەر یەک دەکات بۆ کۆبوونەوە و کۆمۆن و ئابوونە و راپۆرتی حزبی، دەڵێ: خەریکی کوردایەتی و سیاسەت و تێکۆشانم. وردەکاری حزبی خۆی لە خۆیدا تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانییە و سەرەنجام ئەجری کوردایەتی لەسەرە.

ئەم زنجیرە نووسینە لەسەر کاروباری حزبی و رێکخراوەیی، لەسەر ئۆرگان و کۆمیتە و لیژنەی هتد... ئەگەرچی وەک نووسینی حزبی رووت و موجەڕەد دەردەکەوێت، بەڵام ئیدعا دەکات کە مەبەستی خەمێکی کوردایەتی و خولیایەکی سیاسی ناو هەناوی بزووتنەوە سیاسییەکەمانە، هەر کوردایەتی کوردستان رزگار دەکات و کوردستانییەکان دەکاتە خاوەنی نیشتمانی خۆیان و سەروەر لەناویدا. کوردایەتی هەر بە رێکخراو و هەیکەل و دەزگایەکی پتەوی بیروکراتی، بەڵێ بیروکراتی،  دەکرێت.

باسکی بەهێزی کوردایەتی، کە حزبایەتییە، بە تەندروستی باش و لەشساغییەوە دەکرێت.

لەم زنجیرە نووسینەدا، مەبەستم نییە قاڵبووەکانی حزبایەتی و رێکخستن و قوربانیدەرانی خوێن و فرمێسک بکەمە خوێندکاری گوێڕایەڵ و ئەوەیان پێ بڵێم کە عادەتەن مامۆستاکان بە شاگردەکانی دەڵێن. بەڵکو مەبەست ئەوەیە بە چاوی دەرەوەی رێکخستن و رێکخراوەییەوە دیاردەکان و دەردەکان هەڵبسەنگێنێت و لەگەڵیشیدا ئەو مژدە و ئەو داخوازییە دەرببڕێت کە: هەڤاڵان! فەرموون وەکو جاران ئیدارەی کوردایەتی بەدەستەوە بگرن و گاپە گەورەکەی نێوان حزبایەتی و کۆمەڵ، کوردایەتی و کوردەواری پڕبکەنەوە و ئەم خەباتە سیاسییەی خوێنتان بۆ داوە، شەهیدتان پێ بەخشیوە و بە هەر هۆکارێکەوە بێت لێی دابڕاون و لێی نامۆکراون، ئەبدەیتی بکەنەوە، چونکە لەدەرەوەی حزبایەتی هەرچی سیاسەت هەیە ماڵە باجێنەیە و کۆشکی لمە.
ئەمێستا کە جووڵەی چۆنایەتی کەوتۆتەوە ناو ئۆرگان و دامەزراوەکان ئەم نووسینانە چاوێکی ترە بۆ بینین.
درێژەی هەیە...

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket