riklam

لە نێوان شکۆی رەنجى کرێکار و خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا

بیروڕا 11:11 AM - 2026-05-02
د. چیا براحەمە

د. چیا براحەمە

یەکی ئایار لە ویژدانی زیندووی گەلاندا تەنها رێکەوتێکی ساڵنامە نییە، بەڵکو گوزارشتە لە داستانی خۆڕاگریی مرۆڤێک کە بە بازووی ماندوو و عارەقەی نێوچەوانی، چەرخی شارستانیەت دەسووڕێنێت.

ئەم یادە، یادی شکۆ و کەرامەتی "رەنجدەرانە". لە مێژووی سیاسیی کوردستانیشدا، ئەم رۆژە وابەستەبوونێکی ئۆرگانی و مێژووییی قووڵی لەگەڵ کاروان و خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەیە، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، خۆی بە پارێزەری راستەقینەی مافی چەوساوەکان و رەنجدەرانی بیر و بازوو ناساندووە.

رۆژی جیهانیی کرێکاران، کە لە خوێنی تێکۆشەرانی شیکاگۆوە لە ساڵی 1886 سەرچاوەی گرت، پەیامێکی روونی بۆ جیهان هەڵگرتبوو کە "مرۆڤ کاڵا نییە". ئەم رۆژە سەلماندی کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەبێ داننان بە مافە یاسایی، مرۆیی و ئابوورییەکانی چینی کرێکار نایەتە دی. خەبات بۆ 8 سەعات کار و ژیانێکی شایستە، بووە بنەمایەک بۆ هەموو ئەو بزووتنەوە پێشکەوتووخوازانەی کە لە پێناو یەکسانیدا تێدەکۆشن.

کاتێک ئاوڕ لە مێژووی شۆڕشی نوێ و دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەینەوە، دەبینین ئەم حزبە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا وەک وەڵامێکی مێژوویی بۆ پێویستییەکانی قۆناغەکە هاتە کایەوە.

یەکێتی هەر لە یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنییەوە، ناسنامەی خۆی لە نێو جەرگەی چینی ناوەڕاست و هەژار و کرێکارانی کوردستاندا دۆزییەوە.

رەهەندە سەرەکییەکانی خەباتی یەکێتی بۆ ئەم چینە بریتین لە پەیڕەوکردنی ئایدۆلۆژیای سۆسیال دیموکرات، وەک ئەندامێکی کارا لە رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ، یەکێتی هەمیشە هەوڵی داوە هاوسەنگییەک لە نێوان ئازادیی نیشتمانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا دروست بکات.  هەروەها لە رێگەی کۆمەڵەی رەنجدەران ەوە کە وەک یەکێک لە باڵە سەرەکی و کاریگەرەکانی ناو یەکێتی، رۆڵێکی بێوێنەی گێڕا لە هۆشیارکردنەوەی سیاسی و چینایەتیی کۆمەڵگەی کوردی. ئەم دەستەواژەیە "رەنجدەران" بووە ناسنامەیەک کە کرێکار، جووتیار و رۆشنبیری لە ژێر یەک چەتردا کۆکردەوە.
پێشەنگایەتی لە سەندیکاکاندا بۆ نموونە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە بڕوای وابووە کە دەبێت کرێکاران خاوەنی رێکخراوی سەربەخۆ و بەهێزی خۆیان بن بۆ بەرگریکردن لە مافە پیشەیییەکانیان، نەک تەنها وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێنرێن.

خەبات لە پێناو ژیانێکی شایستە لە کوردستانی ئەمڕۆدا

کاتێک یادی 1ى ئایار دەکەینەوە، خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قۆناغی شاخەوە گواستراوەتەوە بۆ قۆناغی حکومڕانی و یاسادانان. ئەرکی ئێستای ئەم هێزە و هەموو لایەنە دڵسۆزەکان لە چەند خاڵێکی جەوهەریدا کورت دەبێتەوە:

1. یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی: کارکردن بۆ جێبەجێکردنی یاسایەکی سەردەمیانە کە مافی کرێکارانی کەرتی تایبەت و گشتی بپارێزێت.

2.رەخساندنی هەلی کار: کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لە رێگەی پشتگیریکردنی پڕۆژە بچووک و ناوەندەکان.

3. پاراستنی شکۆی مرۆڤ: دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و سەلامەت بۆ کارکردن، تاوەکو هیچ کرێکارێک لە پێناو پاروویەک نان، ژیانی نەکەوێتە مەترسییەوە.

لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانم ئەوە بخەمەڕوو کە 1ی ئایار و مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو رێگەی هاوتەریبن کە لە خاڵێکدا یەکدەگرنەوە، ئەویش "خزمەتکردنی مرۆڤ و نیشتمانە". لەم یادەدا، سەری رێز بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانە دادەنەوێنین کە لە کارگەکان، کێڵگەکان و لە سەنگەرەکانی بەرگریدا، بە خوێن و ئارەقەی خۆیان مێژوویەکی پڕ لە شانازییان بۆ ئەم گەلە نووسییەوە.
بژی یەکی ئایار، جەژنی مافی تێکۆشانی جیهانی..
شەکاوە بێت ئاڵای خەبات لە پێناو یەکسانی و دادپەروەریدا.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket