riklam

لە یادی شەهید سیروان دێڕەشەیی دا

بیروڕا 10:44 AM - 2026-04-29
پۆڵا سیروان دێڕەشەیی

پۆڵا سیروان دێڕەشەیی

شەهیدی فەرماندە (مەعروف عەلی مەجید) ناسراو بە (سیروان دێڕەشەیی) ساڵی 1957 لە گوندی (دێڕەشە)ی ناوچەی زەنگنە لە دایكبووە، ساڵی 1958 ماڵیان چۆتە شاری كەركوك.

تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە و بۆ دابینكردنی بژێوی خێزانەكەی، وازی لە خوێندن هێناوە، ساڵی 1977 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ئەندامێكی چالاكی كۆمیتەی ئاگر بووە، چەندین چالاكی شۆڕشگێڕانەی لە ناو شاری كەركوك كردووە، پاش ئاشكرابوونی، لە بەهاری 1981دا بووە بە پێشمەرگە لە بارەگای هەڤاڵ سكرتێری گشتی ی.ن.ك و لە پایزدا گوازراوەتەوە بۆ مەفرەزەكەی مامەڕیشە لە كەرتی چواری جەباریی هەرێمی 5ی قەرەداغ.

دوای پێكهێنانی تیپەكان، لە ساڵی 1982دا چۆتە كەرتی 3ی هەمەوەندی تیپی 57ی سەگرمە، لە مانگی 3ی هەمان ساڵدا بە فەرماندەیی شەهید حەمەڕەش و لەگەڵ 13 پێشمەرگە بەشداردەبێت لە گرتنی یەكەم رەبایە لە شۆڕشی نوێ دا لە گوندی (كەلەڕەش)ی ناوچەی سەنگاو، ئازایەتی و خۆڕاگریی سیروان دێڕەشەیی بۆتە جێگە سەرنجی هاوڕێ و فەرماندەكانی، بۆیە لە ساڵی 1983دا كراوەتە فەرماندەی مەفرەزە لە كەرتی 3ی هەمەوەند، دواتر پلەكانی دیكەی بڕیوە تا ساڵی 1988 كراوەتە جێگری فەرماندەی تیپی 59ی حەمرین.

بەشداریی و فەرماندەیی دەیان داستان و نەبەردیی كردووە و تێكڕاش 11 جار برینداركراوە.

هاوینی ساڵی 1988 بەهۆی برینداربوونییەوە بە نهێنی براوەتە شاری سلێمانی و دوای سێ مانگ پەیوەندیكردۆتەوە بە رێكخراوی سلێمانییەوە.

ساڵی 1990 لە بازگەی تاسڵوجە دەستگیركراوە و لە ئەمنە سوورەكەی سلێمانی خراوەتە ژێر لێكۆڵینەوەی چڕ و ئەشكەنجەی سەخت و ژوری تاكەكەسییەوە، بەڵام بە شاهێدی زیندانییەكانی دیكە، خۆڕاگر بووە و هیچ نهێنییەكی نەدركاندووە.

رۆژی 8ی3ی1991 لە راپەڕینی خەڵكی سلێمانی و شكاندنی زیندانی ئەمنە سوورەكە، وەك زۆربەی زیندانییەكان، ئازاد بووە.

سەرەڕای تازە ئازادبوونی، بەشداریی لە ئازادكردنی چەمچەماڵدا كردووە و سەرپەرشتی پۆلێك پێشمەرگەشی كردووە بۆ ئازادكردنی شاری كەركوك و رۆژێك پێش راپەڕینی خەڵكی شارەكە، بە نهێنی چوونەتە ناو كەركوكەوە.

دواتر كراوەتە فەرماندەی بەتالیۆن و ساڵی 1996بەشداریی خولی یەكەمی ئەفسەرانی كردووە و بۆتە ملازم.

بەگوێرەی هەندێك بەڵگەی رەسمی نەیارەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و دەوڵەتی عیراق، سیروان دێڕەشەیی پیاوێكی تێكۆشەر و دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.

هەروەها لە بەڵگەنامەیەكی رەسمیی هەواڵگری رژێمی پێشووی عیراقدا هاتووە كە ئاراستەی ئەمنی كەركوك كراوە و مێژووی مانگی 3ی ساڵی 2003ی پێوەیە، ئاماژە بە چوونی سیروان دێڕەشەیی و مەفرەزەكەی دەكات بۆ ناو شاری كەركوك و دەڵێت: كاری تێكدەرانە ئەنجام دەدەن.

شەهید سیروان دێڕەشەیی هاوشانی پێشمەرگە و فەرماندەكانی دیكەی یەكێتی لە رۆژی 9ی4ی2003 بە شداریی ئازادكردنی كەركوكی كردووە، دوای 20رۆژ لەوە، بە پیلانێكی پێشوەختە و بە هاوكاری و چاوساغی نەیارەكانی یەكێتی، چەند كەسێكی ناپاك دەستیان چووە خوێنی ئەو تێكۆشەرە و لە 29ی4ی2003 شەهیدیان كرد.

PUKMEDIA


زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket