riklam

وانەیەک لە بەغداوە بۆ هەرێم

بیروڕا 07:18 PM - 2026-04-28
هەرێم کەمال ئاغا

هەرێم کەمال ئاغا

کاتێک سەیری نەخشەی سیاسیی عیراق دەکەین، دەبینین سەرەڕای هەموو ئاڵۆزی و کێشە قووڵەکان، لایەنەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی توانییان بەسەر بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەکاندا زاڵ بن، ئەوان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی یاسایی و مێژوویی، توانییان کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری بکەن کە دوور بێت لە پاشخانی ململانێ سیاسییەکان، ئەمەش تەنیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای وڵات و ڕێگریکردن لە هەرەسی پرۆسەی سیاسی .

بەڵام کاتێک ڕوو دەکەینە ماڵی خۆمان لە هەرێمی کوردستان، دیمەنێکی پڕ لە داهاتوویەکی ناڕوون دەبینین، لێرە کێشەکانی ئێمە بەراورد بە بەغدا زۆر بچووکترن ، خاوەنی مێژوویەکی هاوبەشی پڕ لە خەبات و قوربانیدانین لە پێناو ئازادی، کەچی بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و شەش مانگ هێشتا نەتوانراوە حکومەت پێکبهێنرێت، ئەم چەقبەستووییە نەک هەر بۆشاییەکی گەورەی دروست کردووە ، بەڵکو پرسیارێکی جەوهەری لە لای هەموومان دروست دەکات: ئایا بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان شایەنی ئەوە نییە کە لایەنە سیاسییەکان کەمێک سازش بۆ یەکتری بکەن؟

دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە سازشکردن لە پێناو نیشتیمان، پاشەکشە و شکست نییە ، بەڵکو لوتکەی سەرکەوتن و نیشتیمانپەروەرییە ، ئەوەی ئێستا پێویستە وەلانی بەرژەوەندییە کەسییەکان و کۆتاییهێنانە بە سیاسەتی خۆسەپاندن و تاکڕەوی لە بڕیاردا ، مێژووی ئێمە وەک کورد کاتێک لاپەڕەکانی میرنشینە کوردییەکان هەڵدەدەینەوە و بەراوردی دەکەین بە دۆخی ئێستا، دەبینین هەمان ئەو دەردە کۆنەی ناتەبایی بەرۆکی گرتووینەتەوە، کە ئەمەش گەلەکەمان تووشی داهاتوویەکی ناڕوون دەکات .

غیابی بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیی گشتی و داهاتووی نیشتیمان، گەورەترین مەترسییە کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ، هەرێمی کوردستان، کە وەک قەوارەیەکی دەستووریی شەرعی، هەمیشە چەقی ئومێدی پارچەکانی تری نیشتیمان بووە ، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر لە نێو تەمومژى کێشە و ناتەبایییە ناوخۆیییەکاندا گیری خواردووە ، مێژوو پێمان دەڵێت : هەر گەلێک پەند لە ڕابردوو وەرنەگرێت، ناتوانێت ڕێگای داهاتوویەکی گەش ڕوناک بکاتەوە ، بۆیە بێ گەڕانەوە بۆ شاڕێگە دروستەکە کە تەبایی و یەکڕیزییە، مەترسییەکان لە دەستکەوتەکان گەورەتر دەبن .

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە کاتکوشتن بهێنرێت و ڕێگە نەدرێت قەوارەی هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی مەترسیی پاشەکشە ببێتەوە  ، پێویستە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەڵ و داهاتووی نەوەکانمان بخەینە سەرووی هەموو خواستێکی ترەوە .      

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket