من و ئیمان
بیروڕا 10:35 AM - 2026-04-27
ئەقڵتان بۆ ئەملاولا نەڕوات، مەبەستم لە ئیمان و ئیمانداری و پێنج فەرزەكەی ئیسلام نییە، بەڵكو مەبەستم لە خاتوو ئیمان دەرباسە، كە پێشكەشكارە لە كەناڵی ئاسمانی (K24)، لە رۆژی 19ی نیسان، ئەم خاتوونە دیدارێكی لەگەڵ بەرێز فازڵ میرانی (بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان) سازدا، لەم گۆشەیەدا باس لە ناوەڕۆكی دیدارەكە ناكەم، بەڵام كاك فازل وەك سیاسەتوانێكی شارەزا، بە شارەزایی دەیان ساڵەی، خۆی لە چەند تەڵەیەكی میدیایی پێشكەشكار لادا، تا كار گەیشتە ئەوەی سیاسەتمەدار، ئامۆژگاری میدیاكار بكات بەوەی تۆ بە كاردانەوە (انفعال) ئیش دەكەیت.
ئەو بەراوردەی دەمەوێت لێرەدا بۆ ئێوەی باس بكەم، پەیوەستە بە دوو حاڵەتی لێكچووی من و خاتوو ئیمان، زمانی میدیاكار و شێوازی دەربڕینی پرسیار و پابەندبوون بە پرۆتۆكۆڵ و ئەتەكێتی ناوبردن و ناوهێنان، هەموو میدیاكارێك دەزانێت كە پێشكەشكاری سەركەوتوو دەبێتە بەشێك لە ئامێری گەیاندن و هەموو هەست و نەستی خۆی وەلا دەنێت و وەك رۆژنامەنووسێك ئەگەر ناوی هەر كەسێك بهێنێت لەبەر رێزی بینەران و ناووناوبانگی كەناڵەكە، پێشگرێك یان پاشگرێك یان نازناوێك یان پۆستێك یان وەك ئەوەی لە دنیادا باوە و هەیە، وشەی (بەرێز) یان (كاك) لە دیالێكتی سۆرانی، وشەی (سەیدا، هێژا، رێزدار....) لە كرمانجی ژوروو بەكاردێن، بەڵام كە خاتوو ئیمان چەند جارێك وتی (بافڵ) بەبێ دانانی هیچ وشەیەكی ئەتەكێتی میدیا، تەنانەت (كاك ـ بەرێز ـ رێزدار ـ هێژا...هتد)، كە ئەمانە (پێشگرناوی ناو میدیان)، هیچ لەم وشانەی بەكارنەهێنا، من دڵنیابووم و گومانم نەبوو كەK24 رۆژی داهاتوو، پۆزش یان روونكردنەوەی رەسمی، یان داوای لێبوردن لە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامانی ئەو حزبە دەكات، چونكە حاڵەتێكی لەمجۆرە، لە مانگی 8ی ساڵی 2022 لە كەناڵی رەسمی یەكێتی روویدا، هەرچەندە هەرگیز وەك ئەوەی خاتوو ئيمان زەق و كراوە و ناشیرین نەبوو، بەڵام چی روویدا؟ ئەوكاتە من لێپرسراوی كەناڵەكە بووم و تەمەنی خزمەتی یەكێتی بوونیشم 40 ساڵ بوو، خزمەتی ناو میدیای حزبەكەشم 30 ساڵ بوو، خۆشم 56 ساڵ تەمەنم بوو.
لەسەر ئەم رستەیە (سەرۆك بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی) لەبەرئەوەی تەنیا نازناو دانرابوو، وشەی سەرۆك لەبەردەم ناوی كاك مەسعود دانەنرابوو، سەرۆك بافڵ بە فەرمانی خۆی، جارێ ئێمەی كارەبا كرد و ئەم سزایەش تەنها لەسەر من وەك سەرنووسەر و بەرپرسی سایتی رەسمی نەوەستا، بەڵكو بۆ ماوەی یەك مانگیش كەناڵەكەی داخست.
جا بنواڕنە ئەم جیاوازییە لە ئەتەكێتی زمان و داڕشتنی تایتڵ (ناونیشان)، تەنیا وشەی سەرۆك بۆ جەنابی كاك مەسعود دانەنرابوو نازناوی بارزانی دانرابوو لانەدرابوو، بەپێی هەندێك بۆچوونی زمانەوانیش وترا كە وشەی سەرۆك لەو رستەدا بۆ هەردوو كەسایەتییەكە دەبێت.
گرنگ لەم بەراوردەدا، ئەوەیە كە ئیمان دەرباس و K24 كەسیان سزا نەدران، دیارە من هەڵە بووم لەچاوەڕوانیەكەمدا، وامدەزانی بیركردنەوەی میدیایی و پرۆتۆكۆلی ناوهێنان لای هەموو كەناڵەكان وەك یەكە، بۆیە ئێستاش هیوادارم و داواكارم میدیاكانی یەكێتی هەر بەڕێزەوە بەو زمانەی كە فێركراون، بەو ئەتەكێت و جوانییەی كە پێی ناسراون بەردەوام بن، ئەگەر ناوی سەرۆكی یەكێتیش بە ناوی تاق و تەنهای خۆی بووترێت، ئێوە لە ریتمی قوتابخانەی زمانەوانی خۆتان لامەدەن و نازناوی هیچ بەرپرس و سەرۆكێك دەستكاری مەكەن، چونكە میدیاش پرۆتۆكۆڵی زمان و ئەتەكێتی ناوبردن و ئاخاوتنی لێدابماڵیت، دەبێتە میدیای (فاڵتۆ).
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03




دابەزێنە

