riklam

دەسەڵاتی چوارگۆشە ‌

بیروڕا 04:34 PM - 2026-04-22
عەتا کەریم‌

عەتا کەریم‌

هەرێمی كوردستان تاڕادەیەک لە بەردەم بەرتەسكبوونەوەی ئازادی و دیموكراسیدایە، بەو پێیەی «ئازادی وتن و رەخنەگرتن» لە كارە چەوت و نایاساییەكانی دامەزراوەكان یان زۆرێك لە سەركردە و سیاسیی و پیاوانی ئایینی « كە هیچیان كامڵ» نین ، زۆرجار باجدانی قورسی لەسەرە، ئەوەی باجەكەیش دەدات نووسەر و رۆژنامەنووس و راگەیاندنكار و چالاكوانانی مەدەنین.

 لەم هەرێمە ژینگە بۆ جۆرێك لە میدیا خوڵقێنراوە، كە دەسەڵاتی چوارەمیان كردۆتە، چوارگۆشە!، كە كار بۆ گۆشەی (1- خزمەتكردنی دیاریكراو، 2- هێرش و پەلەماردانی ئەوانی تر، 3- پیاهەڵدان و گەورەكردن، 4-پەردەپیادانی ناشرینەییەكان) دەكات و لەو چوارگۆشەیەدا دەسوڕێتەوە، لە جیاتی پیادەكردنی دەسەڵاتی چوارەمی خۆی، كە چاودێریكردن و بەدواداچوون و ئاشكراكردنی چەوتیەكانی دەسەڵاتەكانی دیكەیە.

نان و ئازادی بۆ رۆژنامەنوسان، بۆتە نان بەرامبەر بە ئازادی مەرجدار، كە ئەوەش ئەو میدیا و راگەیاندنە كەمەی لە هەرێمدان، زۆریان بە دەسەڵاتی چوارگۆشە رازین، دوور لە ئیتیكی كاری رۆژنامەنووسی و بەڵێننامەی ئاكاری رۆژنامەنووس كار دەكەن ، هێندە دڵخوازكارن دوور لە مافی دەسەڵاتی چوارەم، شەرعیەت و پاساو بۆ پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان دەهۆننەوە، هاوبیركردنەوەی حزب و تەمویلكارانیان ئەدوێن و بڵاودەكەنەوە، كە داخستنی دامەزراوەی دیموكراسیش بە دەستكەوت دەچوێنن!! كوشتنی رۆژنامەنوس بە ئاسایی، وایان لێهاتووە هێندەی چاوگێڕن بۆ دەسەڵات، چاودێر نین بەسەر دەسەڵاتەوە، كە ئەركەكەیەتی!!.

ژینگەی ئازادیی لە كوردستان بەجۆرێكی لێكراوە، كە ئەوانەی رەخنەگریی جددی و پەرۆشی راستكردنەوەی هەڵە و چەوتی كەسانی نێو كۆی كایەكانن، كەمبن، لەكاتێكدا ئەو ئەركە لەسەر شانی زۆرینەیە و دواجاریش باجی چەوتیەكان لەسەر سیستم و كۆمەڵگە قورستر دەبێت، بەڵام ژینگەی لەبار بۆ فەزای ئازادی و دیموكراسیی لە بەرژەوەندی چەوتكارە زۆر و زەوەندەكانی هەرێمدا نییە و نابێت، بۆیە بەرەی ئەوان زاڵكراوە، بەجۆرێكە لەجیاتی رەخنە، برەو بە پیاهەڵدان دەدەن، لە جیاتی ئاشكراكردنی گەندەڵی، شەریك و تۆڕەكان فراواتر دەكەن، كەسان و قەڵەمێك پەروەردە دەكەن كە كاریان تەنیا پیاهەڵدان و جوانكردنی لێشاوی كارە ناشرینەكانیانە!!، ئەركیان وێناكردنی پاڵەوانە بۆ ترسنۆكەكانیش!!.

لەم هەرێمە 267 گۆڤار، 757رۆژنامە مۆڵەتیان هەیە، بەڵام ئەوانەی ئێستا دەردەچن، لە پەنجاکانی دەست تێناپەڕن، ئەوانەی هەن، حزبین، رۆژنامەو گۆڤاری ئەهلی و ئازاد ئاوابوون،  بەڵام هەزاران پەیج و ئەکاونتی سێبەر و تاریکی دەستلەپشتی پەنهان هەن و رۆڵیان فەوزای فەزای میدیایە!!.

 ئاوابوونی  (954) رۆژنامەو گۆڤار لەهەرێم، کە پایەی دیموکراسی و ئازادیبوون، داخران و پایەی داڕمانی دیموکراسیە تەنگەژەی هەرێم بوون، دۆخی حوکمڕانی و سیاسی و بەڕێوەبردن دوور لە چاودێری دەسەڵاتی چواردایە، بەڵام کاراکتەرەکانی خاوەنی مەکینەی ئیعلامی  زەبەلاحی بۆ جوانکاری لادان و ناشیرینەکان بەگەڕخراون.

 حاڵی میدیا و دەسەڵاتی چوارەم لە هەرێم پێچەوانەی تێڕوانینی  بیرمەندی سیاسیی ئێرلەندی (ئیدمۆند بێرك 1729-1797) ە، کە لە نێو پەرلەمانی بەریتانیا وتی:« سێ دەسەڵات لەژێر سەقفی پەرلەماندا كۆبونەتەوە، بەڵام لەو لاوە لە هۆڵی پەیامنێران دەسەڵاتی چوارەم دانیشتوون، كە لە هەمووتان گرنگترن»،  ئه‌م وتەیە و دۆخی هەرێمی بێ پەرلەمان و دەسەڵاتی چوار دەبینیت، لە نێوانی شەرم و بەزەییدا واقوڕماو دەمێنێت! كە دەسەڵاتی دووەم و چوارەم بێبایەخ كراون، كە دەسەڵاتی ئازادی و دیموكراسین، بەمجۆرە خاڵی كۆتایی لەبەردەم ئەو دوو دەسەڵاتە دادەنرێت، دەمانخاتە بەردەم پەرتەوازەیی دەسەڵات و ژینگەیەكی مەترسیداری ئازادی و رەخنەگرتن كە گەرەنتی مۆدێل و سیستمی هاوچەرخی دەوڵەتدارین، بەڵام ئەزمونەكەمان لەبەردەم پێچەوانەكەیدایە!.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket