riklam

شیلان شەق

بیروڕا 11:41 AM - 2026-04-20
کاروان ئەنوەر

کاروان ئەنوەر

ناوی یارییەکە، بە منداڵی چەند کەسێک کۆدەبووینەوە و دەبووە شەڕەشەقێکی بێسەروبەر و ھەرکەسێک لە کەسێکی تری دەدا،  بەرەی ئەمبەر و ئەوبەر نەبوو، رۆحیەتی تیم و بەرگریکردن لە یەکتر نەبوو، تەنھا ھێرشبردن ھەبوو، ھەردوو وشەی شیلان و شەق، ھیچ پەیوەندییەکی رۆحی و زمانەوانی و ئەپستمۆلۆژیی لە نێوانیاندا نییە، بەڵام چۆن پێکەوە بوون بەناوی گەمەیەکی مناڵانە، چی خستنیە پاڵ یەک.. نازانم ؟؟

رەنگە شیلان لە شێلانەوە وەرگیرابێت، ئێ شەقیش ھەر شەقە، شەقی کوردی و شەقی بەزەبر و پانە شەق و شەقازلە و شەقاو و لەقە و شەقشەقێن و شەقاوە و جوتەوەشێن و ھەڵتیزان و کۆتاییەکەشی بە سوڕاندنی کورتان و تا فڕێدانی کورتانەكەش دەڕوات.

ئەم گەمەیەی ئێمە دەمانکرد، شەڕەشەقێکی ناماریفی بوو، تا قۆڕبوونی ناوگەڵ سنووری نەبوو، هەمووان دەیانخوارد و کەسیش بەرگریی لەکەس نەدەکرد، شیلان شەق یارییەکی زۆر سەیر بوو، چونكە منداڵەکان نەدەبوون بە دوو تیمەوە، وەک ھەر بەزمێکی تر، رکابەریی و بردنەوە و دۆڕاندن نەبوو، ھەمووی تێھەڵدانی دەخوارد و لە کۆتاییدا شەکەتی و ماندوێتی و ئازارێکی زۆر بەولاوە ھیچی تر نەبوو!!، بۆیە ئەمە تاکە یارییەکە کە براوەی تێدا نییە..

جەنگی نێوان وڵاتان، جۆرێکە لەم یاریانە و لە کۆتاییدا کەس براوە نابێت، بە نموونە جەنگی عەرەب ئیسرائیل 75 ساڵی پڕ شیلان شەقی تێپەڕاند، سەرباری ئەنجامدانی پەیماننامەی ئۆسلۆی یەكەم 1993، ئۆسلۆی دووەم 1995، بەڵام هێشتا چوارچێوەی گشتیی جەنگەكە وەك ساڵی 1948 وایە، جەنگی ئێران عیراق ھەشت ساڵی خایاند، سەرباری كێشانەوەی نەخشەی سنوور و دەیان دانیشتن و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش 598، وەک چۆن ئاگربەست راگەیەنرا بەوجۆرە ماوەتەوە، جەنگی ھیندستان و پاکستان چەندین گەڕ و گێم کراو تا ئێستاش کێشەی کشمیر وەک خۆیەتی، جەنگی هەردوو كۆریا لە ناوەڕاستی سەدەی پێشوودا بەهەمان چەشنە، هێشتا سنووری نێوان هەردوو دەوڵەت لە توندترین سنوورەكانن، جەنگی ئێران -ئەمریكا – ئیسرائیل، بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت.

لە باشووری كوردستانیش، سلێمانی زۆربەی شەق و مستی حزب و هاوڕێ و دۆست و برادەرەكانی خۆی بەركەوتووە و بەردەكەوێت، هەموو دەزانین لە 35 ساڵی رابردوودا تەنها سلێمانی بوو كە ببووە چەتر و لانكەی ئۆپۆزسیۆن و چادری كوردایەتی بۆ هەموو پارچەكانی تر، لە كوچە و كۆڵان و گەڕەكەكانی شاردا پاروەنانیش دەكرا بە چەند پشكێكەوە و پێكەوە نۆش دەكران، دایكێكی بەسۆز بۆ هەر سێ پارچەكەی تری كوردستان.. دەرئەنجام بێشومار زەرەر و زیانی زۆر و باجی قورس و بچوككردنەوە و بێبازاڕی و لێدانی درۆن و مووشەك و تۆپی دوور هاوێژ و تیررۆركردن بە چەكی بێدەنگ و ماتۆڕ، ژیانی ئەم شارە بوو لە 35 ساڵی رابردوودا، بۆیە لێدان لە سلێمانی و ناشیرینكردنی مێژوو و كوردایەتی و بەسەرهاتی خەباتی دەیان ساڵەی ئەم شارە، تەنها بۆ سڕینەوەی سەروەریی و شانازیەكانیەتی، لەهەموو حاڵەتەكاندا دەنگی نەشاز تەنها (نا- نەخێر) دەكات و نای سەرزار لە بەڵێنی راستیی وتن زۆر زیاترن، بۆیە ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسەت و حزبایەتی دەستقەڵەمی کوردیدا دەگوزەرێت، جۆرێکە لە شیلان شەق، وەشاندنی شەق و گورز و مست بۆ نێوچاوانی سلێمانی، بەبێ نیەتی چاکە و چاکسازیی و راستکردنەوەی فیکریی، خراپترین گێمی شیلان شەقە، لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی ئەمانە، قسەكەی رێنیە دیکارت دەڵیمەوە، (من بیردەکەمەوە کەواتە من ھەم)، لای ھەندێك گروپ و تاقمی کوردەواری لە دانان نەخێر لە لادان هەر نەخێر، بووە بە (من دەڵێم نەخێر کەواتە من ھەم).

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت..

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket