riklam

لە مام جەلالەوە بۆ کاک بافڵ، پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کەرکووک

بیروڕا 09:27 PM - 2026-04-18
محمد سیدگوڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی کۆیە

محمد سیدگوڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی کۆیە

هەموو دەزانین کە کەرکووک شارێکە دۆخێکی تایبەت و جیاوازی هەیە، کەس گومانی لەوەدا نییە کە کەرکووک شارێکی کوردستانییە و لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە سنووری کوردستانی گەورە و بە درێژایی مێژوو دووچاری بەعەرەبکردن بووە و خەڵکە ڕەسەنەکەی تووشی ڕاگواستنی زۆرەملێ بوونەتەوە.
 
کەرکووکییەکان پێکهاتوون لە کورد، تورکمان، عەرەبی ڕەسەن (هاوردەکان نا) و کلدان ئاشوورییەکان هەموو کات پێکەوە بە ئارامی و ئاشتی و تەبایی ژیاون و ئەم پێکەوە ژیانەش لە مامەڵەی ڕۆژانەی نێوبازاڕ، کاسبکاران، فەرمانگەکان و درەرودراوسێ زۆر بە ڕوونی ڕەنگدەداتەوە.

کورد و تورکمان

هەردوو گەلی کورد و تورکمان، لە چاو عەرەبەکاندا زیاتر چەوساوە و زوڵملێکراون لە کەرکووک. هەرچەندە ئازاری هیچ گەلێک لە کەرکووک هێندەی ئازاری کورد نابێت بەڵام تورکمانیش بایی خۆیان زوڵمیان لێکراو و بەشخوراوبوون تەنانەت بە درێژایی مێژوو شەهیدیان هەبووە و دووچاری تەرحیل و ئازار و ئەشکەنجەش دراون.

کوردی کەرکووک، هەموو کات بە چاوێکی برایانە لە تورکمانی کەرکووک دەڕوانن، هەرچەندە لە دوای ساڵی 2003 و هاتنی ڕەوتی نەژادپەرستی تورکمانی و کەوتنە ژێر کاریگەری پارتە نەژادپەرستییەکانی تورکیا بەڵام ئەم هەڵوێست و لێکدانەوانە زیاتر لە کەش و هەوا سیاسییەکان دەبینرا و لە ناو خەڵکی ئاساییدا هەمان تێڕوانینی برایانە هەبووە.

کەرکووکییەکی ڕەسەن نییە کە برادەرێک، دراوسێیەک دۆستێک و ناسیاوێکی تورکمانی نەبێت و بە پێچەوانەوەش. کەرکووکییە ڕەسەنەکان هەموویان زۆر بە جوانی هەردوو زمان دەزانن و سەردان و بەسەرکردنەوە و بەشداری لە شین و شایی یەکدی دەکەن.

یەکێتی و تورکمان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هێزیكی سیاسیی باڵادەست لە کەرکووک، هێزێک کە لە کەرکووک یەکێتی نەبوون وەک عەیبەیەک و کەموكوڕییەک لە هەستی نەتەوایەتیی کەسەکە دەبینرێت و بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد داکۆکیکەرێکی سەرسەختی کوردستانی بوونی کەرکووک و پاراستنی مافی ئاشتی و پێکەوەژیانە لە شارەکە.

یەکێتی بە پێچوانەی لایەنەکانی تر بەبەردەوامی مامەڵەی لەگەڵ نوێنەرە راستەقینەکانی تورکمان کردووە لە کەرکووک و خۆی بە دوور گرتووە لە درووستکرنی حیزبی کارتۆنی و ناساندنیان وەکو نوێنەری تورکمان.

هەوڵ و پەیوەندییەکانی ئۆرگانە حزبییەکانی شارەکە و ئیدارەی شارەکە، و بەرپرسانی گەواهیدەری ڕاستی و درووستیی ئەمەیە.

یەكێتییە، جێگەی بەرنامە و پرۆگرام و هەواڵی تایبەتی بە زمانی تورکمان و کلتووری تورکمانی لە تەلەفیزیۆنی فەرمیی خۆی (سەتیەلایتی کەرکووک) کردووەتەوە و هەروەها یەکێتییە، کە لە ئۆرگانە کلتووری و ڕۆشنبیرییەکانی پانتاییەکی زۆری بە مافی کلتووری تورکمان داوە و وەکو برایەک و هابەشێکی ڕەسەنی شارەکە سەیریان دەکات.

لە مام جەلالەوە بۆ کاک بافڵ

سەرۆک مام جەلال، لە دوای ڕوخانی ڕژێم لە ساڵی 2003 و ئازادکردنی شاری کەرکووک لە 10ی نیسانی ئەو ساڵە نەک وەکو سەرۆکی هێزێکی ئازادیکار و رابەڕی گەلێکی ستەملێکراو لە شارەکە کە پەرۆشی تۆڵە سەندنەوە و جێگیرکردنی هێز و بێبەشکردنی لایەنەکان دەربکەوێت بە پێچەوانەوە هەر دوای دوو ڕۆژ گەیشتە کەرکووک و لە 12ی نیسانی 2003 لەگەڵ سەرۆک هۆزە عەرەبەکان و کەسایەتییە تورکمانەکان کۆبوویەوە و متمانەی پێدان کە کەرکووک شاری کورد و تورکمان و عەرەبە و دۆخێکی تایبەتی هەیە، سەرۆک مام جەلال لەو کۆبوونەوەیە لە بارەی تورکمانەوە گوتی:"برا تورکمانەکانمان زوڵمێکی گەورەیان لێکراوە، زیاتر لە هەر لایەکی تر و تەنانەت زیاتر لە کوردیش؛ تورکمان وەک نەتەوە، حکوومەتی عێراق دانیان پێدا نانێت و سەرپشکی کردبوون لەوەی بڵێن ئێمە عەرەبین یان کوردین، ئەمەش پێچەوانەی لۆژیک و مێژوو و ڕاستییەکانە. تورکمان نەتەوەیەکی تایبەتن و سەدان ساڵە لەم وڵاتەدا دەژین."

سەرۆک مام جەلال، لە کاتی هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆماری عێراق هیچ کات پێی لە کەرکووک نەبڕی و لە هەموو سەردانەکانیدا میوانداری کەساییەتی و سیاسەتمادارە تورکمانەکانی دەکرد و لە نزیکەوە لە هەواڵیانی دەپرسی و پارێزەرێی سەرسەختی مافەکانیان بوو و هەر بەڕێبەری سەرۆک مام جەلال بوو بۆ یەکەم جار پۆستێکی باڵای ئیدارەی کەرکووک (سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا) درا بە تورکمان و (حەسەن تۆران) ئەو پۆستەی وەرگرت.

لە دوای گیان لەدەستدانی سەرۆک مام جەلال و لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا دەبینین کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی کاک بافڵ هەمان سیاسەت و تێڕوانینی سەرۆک مام جەلالی بۆ کەرکووک هەیە.

کاک بافڵ، کە نازناوی کەسایەتیی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەیە، هەموو بەڵێنەکانی بۆ کەرکووک بردووەتە سەر. لە تەواوی هەڵبژاردنەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر یەکێتی وەکو هێزی یەکەم لە کەرکووک سەرخستووە و لە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەش گرنگتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو کە دوای شەش ساڵ دەسەڵاتی خۆسەپینی لە شارەکە کۆتایی پێهێنا و پۆستی پارێزگای گەڕاندەوە بۆ کورد.

تێڕوانینی کاک بافڵ بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە کەرکووک هەمان تێڕوانین و سیاسەتی سەرۆک مام جەلالە، ئەو لە بڕوایەدایە کە چۆن بە درێژایی مێژوو کورد و عەرەب پۆستی یەکەمیان لە شارەکە وەرگرتووە ئەوە تورکمانیش مافی ئەوەیان هەیە ئەم پۆستە وەربگرن. 

ئەو بە کردار دەیەوێت ئەم ئاشتی و پێکەوژیانە بسەلمێنێت، دەیەوێت کەرکووک ببێتە نموونەی یەکدی قبوڵ کرد و پێکەوە کارکردن. ئەو خزمەت و بەرژەوندیی شارەکەی لە پێش هەموو شتێکەوە داناوە و کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری کە ئەرکێتی پلان بۆ داڕێژەری بووە لە دوای کاک ڕێبوار تەهاش هەر بەردەوام دەبێت.

پارێزگاری ئێستا و پارێزگاری داهاتووی کەرکووک

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کاک ڕێبوار تەها خزمەتێکی زۆری شارەکەی کرد، ڕووبەڕووی زۆرترین ئاڵنگاری بوویەوە و بەسەریاندا سەرکەوت. جێگەی خۆی لە دڵی کەرکووییەکان کردەوە و بووە نوێنەرێکی ڕاستەقینەی سیاسەتی ئاشتی و پێکەوەژیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. زەنگی دەستپێکردنی کاروانی ئاوەدانی لە شارەکە لێدا و چەندین پرۆژەی تەواوکرد و چەندیان ماوە کە ئەو بەردی بناغەیانی داناوە. بۆیە ئەگەر ئەو پۆستەشی جێهێشت ئەوە بە سەربەرزی و ویژدان ئاسوودەیی جێی دەهێلێت.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ئەرکی محمد سەمعان ئاغا کە وەک بەربژێری تورکمان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەستنیشن کراوە: "خیرلی ئولصون، بونون قیمتنی بیل".


PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket