riklam

قیامەتی هەناسە.. کاتێک بابوو بە بکوژ لە بالیسان و شێخ وەسانان

بیروڕا 01:20 PM - 2026-04-16
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

لە مێژووی تراژیدیای ئێمەدا، ساتگەلێک هەن، تەواوی ماناکانی مەرگ و ژیان لە بنەڕەتەوو سەرەوژێر دەکەن. ٣٩ ساڵ لەمەوبەر، لە بالیسان و شێخ وەسانان، تەنها جەستەکان بەسەر خاکدا نەکەوتن، بەڵکوو ئەو پەیمانە دێرینەی نێوان مرۆڤ و سروشت بە یەکجاری هەڵوەشایەوە. بۆمبەکان تەنها وێرانکارییەکی بەرچاو و باویان نەهێنایە ئاراوە، بەڵکوو گەورەترین و بێڕەحمانەترین تانەیان لە خودی بوون دا؛ ئەو هەوایەی تا چەند چرکەیەک پێشتر مەرجی مانەوە و پەناگەی ژیان بوو، لەناکاو بوو بە مەرگێکی بێدەنگ و نەبینراو، بوو بە بکوژ.

قووڵایی برینەکە و دڕندەیی ئەو تاوانە تەنها لەوەدا کۆنابێتەوە بەعس چەکێکی نوێی کۆمەڵکوژی لەسەر گەلەکەمان تاقیکردەوە، بەڵکوو لەو خیانەتە گەورەیەی نێوان مرۆڤ و هەناسەکانیدا بوو خوڵقا. سییەکانی مرۆڤی کورد هەمیشە لەگەڵ شنەبای چیاکاندا ئارام دەگرێ و تێکەڵ بە بۆنی خاک دەبێتەوە، کەچی لەپڕ کرانە گۆڕستانێکی داخراو بۆ ژەهرێکی کوشندە. ئەمە مەرگێکی ئاسایی نەبوو بە فیشەک یان پارچە ئاسنێک جەستە ببڕێت، بەڵکوو کوشتنی خودی هەوا بوو؛ داگیرکردنی قووڵترین و بێگەردترین ساتی ژیانی مرۆڤ بوو لە ناوەوەی خۆیدا.

ئەمڕۆ، یادکردنەوەی ئەم کارەساتە، گەڕانەوە نییە بۆ ناو ئەو دەقە سواو و گوتارە باوانەی تەنها بە فرمێسکڕشتنێکی کاتی کۆتاییان دێت. ئەم یادە، دەبێت دەستپێکی نووسینەوەی جۆرێک لە مانیفێستۆی گومان بێت بۆ ئێمە. گومان لە ڕەوایەتیی ئەو جیهانە درۆزنەی لە ئاست گۆڕانی خەندەی منداڵان بۆ هەناسەسوارێکی ئەبەدی و گۆڕانی ویزەی با بۆ ئۆقیانووسێک لە ژەهر، تەنها وەک تەماشاکەرێکی بێدەنگ مایەوە.

ئەو هۆشیارییە مێژووییەی ئەمڕۆ دەبێت وەک پارێزەرێک لە یادگەماندا بە زیندوویی ڕایبگرین، هەمان ئەو هێزەیە ڕێگە نادات بێدەنگیی جیهان و ساختەچێتیی سەردەم، ئەو هاوارە خنکاوانەی ئێوارەی بالیسان و شێخ وەسانان داپۆشێت. مەرگی بالیسان و شێخ وەسانان، بۆ هەمیشە دەبێت لە قورگی مێژوودا وەک پرسیارێکی بێوڵام و گومانێکی گەورە بمێنێتەوە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket