riklam

پارتی و مەسەلەی پێدانی پارێزگاری کەرکووک بە تورکمان

بیروڕا 10:51 AM - 2026-04-16
یادگار عەلی

یادگار عەلی

دەبێت پارتی دوایین کەس بێت باس لە مەترسی پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە عەرەب و تورکمانەکان بکات .. ئەو حیزبە لەماوەی ڕابردوودا بەچەندین ڕێگە کاری کرد پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ عەرەب و تورکمانەکان بێت .. لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئامادەنەبوون لەگەڵ یەکێتی و حیزبەکوردییەکان هاوپەیمانێتیی بۆ هەڵبژاردن پێکبهێنن .. دەنگێکی زۆری کورد بەفیڕۆچوو و زۆرینەیان لە کورد وەرگرتەوە .. لەپاش هەڵبژاردنیش دیسان پارتی خۆی جیاکردەوە و لەپێناو ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ یەکێتی [کورد] نەبێت لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان یەکیگرت و هاوهەڵوێست بوون.

پارتی زۆرجار سیاسەت بە عینادییەکی زۆرەوە دەکات .. جیاوازی لەنێوان بارودۆخی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ناکات .. لەپاش ریفراندۆم و رووداوەکانی دواتریش بە دوای تۆڵە لە یەکێتی بوو بۆئەوەش دەرکردنی یەکێتی لە هاوکێشەی سیاسیی و بەرێوەبردنی کەرکووک تاڕادەیەکی زۆر بوو بە ستراتیژ لەلای پارتی .. خۆی بەتەنها نەیدەتوانی پۆستەکە بباتەوە .. هاوپەیمانی و لێکتێگەیشتنی لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان کرد .. بۆئەوەی بەهاوبەشی پۆستی پارێزگار لەگەڵ ئەوان بەشبکات .. ئەوەی پارتی دەیکرد پاش شەش ساڵ لە دەسەڵاتی ڕاکان جبوری شۆڤێنی بەرامبەر بە کورد لە کەرکووک و دەرکردنیان لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی ئیدارەی شارەکەیان بوو.

یەکێتی زۆرباش تێگەیشت .. هەموو هەوڵێکی بەگەڕخست و خۆی بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادەکرد .. پاش بێ ئومێد بوون لە پارتی لەگەڵ حیزبی شیوعی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد .. ئەنجامی هەڵبژاردن دەریخست هیچ لایەک ناتوانێت بەتەنها پارێزگار بباتەوە .. سیناریۆی یەکەمی یەکێتی -بردنەوەی پۆستی پارێزگار بەتەنها- سەرنەکەوت .. یەکێتی دەستی بۆ سیناریۆی دووەمی خۆی برد و هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکە لە پێکهاتەکان کرد و سەرئەنجام مێزەکەی بەسەر پارتی تەنانەت بەسەر ئەوانی دیکەش هەڵگێڕایەوە و دوو ساڵی یەکەمی پۆستی پارێزگاری شارەکەی بۆ کورد مسۆگەر کرد .. بەکورتی ئەوەی پارتی دەیویست بیکات و کورسی پارێزگار بۆ ماوەی ساڵێک لەلای کورد بێت، یەکێتی کردی و پۆستی شارەکەی بۆ دوو ساڵ و سێ مانگ بۆ کورد بەدەستهێنا.!

ئێستا ئەوان هاتوون و دەڵێن یەکێتی دەستاودەستی پۆستەکە لەگەڵ پێکهاتەکانی دەکات و بە جێگەی نەنگی و مەترسیی پیشانی دەدەن .. کەواتە بۆچیی ئەگەر بەرنامەکە بۆ ئەوان بڕۆشتایەسەر و ساڵێک پۆستەکەیان لابووایە کوردایەتیی و بێ مەترسیی دەبوو، بەڵام بۆ هەمان بابەت تەنانەت ئەگەر زیاد لە دوو ساڵ پۆستەکە لەلای یەکێتی بێت خیانەت و پڕمەترسییە؟

ئەوەی پارتی لەبارەی مەترسی پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە تورکمان و عەرەبەکان دەیکات بۆ کورد و کوردایەتیی نییە .. بەڵکوو شینی دوو شتی دیکەیە، یەکەمیان؛ سەرنەگرتنی سینایۆکەیان بە هاوپەیمانی لەگەڵ پێکهاتەکان و بەئامانجی دوورخستنەوەی یەکێتی، دووەمیان؛ بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەلایەن یەکێتی بەبێ سازان و چەمینەوە بۆ ئەوان .. پێداگری یەکێتی لە مەسەلەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش با لەولاوە هەر بووەستێت.! 

پارتی ئەگەر بەرژەوەندی کورد و کەرکووک ـی دەویست و بەڕێوەبردنی شارەکە لەلایەن عەرەب و تورکمان بە مەترسی دەزانێت، دەبوو ئەوکات سیاسەتی بە عینادی نەکردایە و لەبری عەرەب و تورکمانەکان هاوپەیمانیی و لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کورد [یەکێتی] بکردایە، تاوەکوو بۆ ماوەی چوار ساڵ پۆستی پارێزگاری کەرکووک لای کورد بووایە، نەوەک پاش دەرچوونی دەستی لە هەمانەکە، بێت و مەتەڵی مەترسی لەسەر ئاییندەی کەرکووک و دروستکردنی دوژمنی وەهمی بۆ کورد بەقەولی ئەوان 'بەهۆی سیاسەتی یەکێتی' بە کورد بفرۆشێتەوە. 

تورکمان و عەرەبە ڕەسەنەکان پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کەرکووکن و لە هەڵبژاردن دەنگ و متمانەی خەڵکی شارەکەیان بەدەستهێناوە و مافی ئەوەیان هەیە بەپێی ڕێککەوتنی سیاسیی بە قەبارەی خۆیان ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی کەرکووک هەبێت. 

پارتی لە هەرێمی کوردستان سکرتێری پەرلەمان، وەزیر، وەزارەت، دەستە و کۆمەڵێک پۆستی گەورە گەورەی بە پێکهاتەی تورکمان داوە و دەدات، خێرە ئێستا نیگەرانە لەوەی هەمان پێکهاتە بۆ ماوەی ساڵێک پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت؟!

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket