سەربەخۆیی وەک تاشە بەردی ناو تەم
بیروڕا 11:28 AM - 2026-04-15
فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەو چرکەساتەوەی
ئیمانوێل کانت کۆچەرییەکانی عەقڵی لە کەنارەکان کۆکردەوە، لە نێوان دوو جەمسەری بێ
ئۆقرەدا سەرگەردانە، جەمسەرێک کە گەردوون وەک تابلۆیەکی کێشراوی مێشکی مرۆڤ دەبینێت، جەمسەرێکی تر کە مرۆڤ تەنها
وەک گەردێکی لە ناو بێ کۆتاییی بووندا نیشان دەدات. ئەم هەژانە فەلسەفییە جیهانی
بەسەر ریالیزم و دژە ریالیزمدا دابەشکرد، کاتێک دەگاتە کایەی سیاسیی و دۆخی
نەتەوەیەکی وەک کورد، دەبێتە ململانێیەکی تراژیدی لە نێوان ئەو واقیعەی کە
داگیرکەر بە ئاگر و ئاسن نەخشاندوویەتی، هەروەها ئەو ڕاستییەی کە وەک دوورگەیەکی کار
بۆنەکراوە، بەڵام لە قووڵایی ویژدانماندا دەژی ئەویش حەقیقەتی سەربەخۆییە.
فیختە بەو لۆژیکەی کە دەڵێت
"جیهان دەبێت ببێتە ئەوەی کە من دەمەوێت"، لوتکەی خۆسەپێنیی سوبێکت
بەسەر ڕاستیدا دەردەبڕێت. ئەقڵیەتی داگیرکاری لە کوردستاندا دەقا و دەق لەم سۆنگەیەوە
هەناسە دەدات. داگیرکەر وەک سوبێکتێکی خۆسەپێن دەیەوێت شوناسی خاک بەپێی مەرجە
دەروونی و سیاسییەکانی خۆی دابڕێژێتەوە. لێرەدا چیتر تەنها ئەوە خاک نییە کە دەدزرێت،
بەڵکو هەوڵێکی تیرۆریستی بۆ داگیرکردنی ڕاستی هەیە، بە ئامانجی ئەوەی کوردستان لە
دەرەوەی نەخشەی ئەواندا وەک هیچ وێنا بکرێت.
ئەم دۆخە جۆرێک لە دژە ڕیالیزمی بەسەر
تێڕوانینی سیاسیی کوردیدا سەپاندووە. زۆرجار کە لە نێوانماندا باس لە مامەڵەکردن
لەگەڵ واقیع دەکرێت، لە ڕاستیدا پێچەوانەی گەڕانە بەدوای حەقیقەتدا، واتا
تەسلیمبوونە بەو واقیعە دەستکردەی کە ئەویتر بۆی داتاشیووین. لەم دیدگایەوە
سەربەخۆیی وەک تەنێکی بێگانە دەبینرێت ناچێتە ناو بازنەی ئەو ئەقڵە سیاسییەی کە جگە لە دیواری زیندانەکەی هیچی تر
نابینێت. لێرەدا ماف دەبێتە خەیاڵ و کۆیلایەتی دەبێتە ڕیالیزم.
شوناسی کولتووری کورد، وەک ئەو سروشتە
پاکە وایە کە هێشتا بە ژەهری هەژموونی دەرەکی
هەناسەی تووند نە بووە. لە یەکێک لە تێزەکانی جێڵ دۆڵۆز سیمۆنیتی لە گەشتە
فەلسەفییەکەیدا بەرەو دوورگەی چۆڵ (Desert Island)، باس لە سیمبولی دەرەوەی ڕەها دەکات، ئەو شوێنە شیرین و تێکنەچووەیە کە مێشکی
داگیرکەر نەیتوانیوە لیخن و تاڵی بکات. شوناسی ڕەسەنی ئێمە زمان و ئەو مافە
خوداییەی بۆ ژیان، ڕێک ئەو دوورگە چۆڵەیە کە لە ناو زەریایەکی پڕ لە تەمدا بە
تێکسمڕاوی خۆی ڕاگرتووە.
لێرەدا پێویستمان بە پەنا بردنە بۆ
ڕیالیزمی نوێ، ئەو ڕێبازەی پێمان دەڵێت ڕاستیی شتەکان کۆیلەی دیدگای ئێمە یان
داگیرکەر نین، واتا سەربەخۆیی کورد ڕاستییەکی خۆبژێو و سەربەخۆیە (Object-residue)، تەنانەت ئەگەر هەموو جیهانیش چاوی لێ
بنوقێنن ئەم ڕاستییە وەک تاشەبەردێکی ناو تەم وایە، بەڵام ئەوەی کە کەس نایبینێت
مانای ئەوە نییە بوونی نییە. کێشەی گەورەی گوتاری سیاسیی باوی کورد، ئەو
دوودڵییەیە کە لە نێوان پاراستنی ئەم ڕاستییە و ترس لەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا
چەقیووە.
دژە ڕاستی چەمکێکی ترسناکە، باس لەوە دەکات مرۆڤ زۆرجار توانای هەڵگرتنی
کێشی ڕاستی نییە، چونکە ڕاستی بێباکە و پێویستی بە چەپڵەی کەس نییە. لە مێژووی
ئێمەدا جۆرێک لە بێتوانایی مەعریفی دروست بووە کە ڕاهاتووە لە ناو ئەو بڵقە هزرییەی
داگیرکەر بۆی دروست کردووین هەناسەی تێدا بدات. کاتێک بۆچونێک دەڵێت: سەربەخۆیی
دژی واقیعە، ئەوە لە ڕاستیدا لەو ڕاستییە ڕەهایە دەترسێت کە هیچ سێبەرێکی سیاسیی
نییە رووی تێ بکات و لە پاڵیدا رابکشێت، کەوایە با زووتر بڕوا بە ژیان لە ژێر
چەپۆکی داگیرکەران بهێنین باشترە وەک
لەوەی بەرگەی ئەو ڕاستییە بگرێت کە پێی دەڵێن تۆ لە بنەچەی یاخیبوونیت و واقیع دەشێوێنیت، مەخابن خۆیان لەو
راستییە قوڵە بە دوور دەگرن کە نەتەوەی بێدەوڵەت لەناو تەلارسازیی سیستەمی سیاسیدا وەک مرۆڤی بێ جیهان وایە.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم بێهێزییە، باش وایە
پەنا بۆ چاوی ڕیالیزمی نوێ بەرین. ئەم دیدە پێمان دەڵێت واقیع ئەوە نییە کە
داگیرکەر وەک پەیماننامە دەینووسێتەوە، بەڵکو واقیع ئەوەیە کە لە دەرەوەی مێشکی
ئەو بوونی هەیە. وەک هایدێگەر و نیتچە دەڵێن، بچووکیی ئێمە لە گەردووندا بێبایەخی
نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە حەقیقەتی مافی ئێمە پێویستی بە مۆڵەت و واژۆی ئەوی تر
نییە تا ببێتە ڕاستی. شوناسی کوردیش وەک ئەو تەنە بەرگریکارە (Resistant object) وایە هەرگیز
لە گەرووی داگیرکەردا هەرس نابێت.
گەڕانەوە بۆ ڕاستی گەڕانەوەیە بۆ
سەربەخۆیی، ئەمەش تەنها هەڵبژاردنێکی فەلسەفی نییە، بەڵکو مافێکی خودی و ڕەهایە (Prerogative) ،
هەر دەنگێکیش بڵێت ناگونجێت، تەنها باس لە تەنگیی زیندانەکەی خۆی دەکات، نەک لە
فراوانیی ئاسۆی حەقیقەت. کوردستان وەک ئەو دوورگە چۆڵە چاوەڕێی سوبێکتێکی پتەو
دەکات، سوبێکتێک کە نەترسێت لەوەی پێی بڵێن سەوداسەر و دژە واقیع، چونکە ئەو
دەزانێت واقیعی ڕاستەقینە لە ترپەی دڵیدایە، نەک لە ناو سنوورە کێشراوەکانی
دوژمندا. ڕزگاربوون لەم دژە ڕیالیزمە یەکەم هەنگاوی شکاندنی زنجیرەکانە. ڕاستی،
هێزێکی وای تێدایە کە دواجار جیهان ناچار دەکات کڕنۆشی بۆ ببات.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03


.jpg)

دابەزێنە

