riklam

كۆمەڵكوژی و مافی چارەنووسی گەلان

بیروڕا 12:11 PM - 2026-04-14
هەڵمەت هۆشیار

هەڵمەت هۆشیار

كۆمەڵكوژی قێزەونترین تاوانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بە بەرنامە كار بۆ لەناوبردنی كۆمەڵێک مرۆڤ دەكات، لەسەر بنەمای رەتكردنەوەی شوناسی نەتەوەیی، ئاینی، ئیتنیكی. 
چەمكی «جینۆساید» بۆ یەکەمجار لەلایەن یاساناسی پۆڵەندی رافایل لێمکین لە جەنگی جیهانی دووەمدا پێناسەکرا، بۆ وەسفکردنی ئەو تاوانانەی کە رژێمی نازی دەرهەق بە نەتەوەكان ئەنجامیاندا، دیارترینیان هۆلۆکۆست بوو. 
 
پاش جەنگی دووەمی جیهانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1948 رێكکەوتنی رێگریكردن لە كۆمەڵكوژییان واژوو كرد، لە رێککەوتنەكە وا باسی كۆمەڵكوژی كراوە: ئەو كردەوانە دەگرێتەوە بە مەبەستی سرینەوە و وێرانكردنی گشتی، یان بەشێكی نەتەوە، ئایین، ئیتنیك ئەنجامدەدەرێت، كردەوەكانیش هەریەك لە کوشتن، بەكارهێنانی توندوتیژیی جەستەیی یان دەروونی، یاخود بونیادنانی ژینگەیەكی وا كە ببێتە هۆی لەناوبردنی كۆمەڵەكە، دەکرێت

كۆمەڵكوژیی و مافی چارەی خۆنووسین
چەمکی مافی چارەی خۆنووسین و كۆمەڵكوژی پێكەوە گرێدراون، كاتێك گەلێك دووچاری كۆمەڵكوژی دەبێتەوە، لە سەرەتاییترین مافەکانی وەكو مافی (بوون)  و مافی دیاریكردنی داهاتووی سیاسی خۆی بێبەش دەكرێت، بۆیە جینۆساید فاكتەرێكی  ستەمکارانەیە دەرحەق بەو گەلانە بەكارهێنراوە كە بە شوێن ئازادی و مافی سەربەخۆیی و خود بەڕێوەبردندا كۆشش دەكەن.

جینۆساید ژێرخانی کۆمەڵایەتی و کەلتوری گەلان لەناودەبات و دەبێتە هۆی لەبەر یەكهەڵوەشاندنەوەیان و رێگری لە داواكردنی مافە سیاسییەکانیان دەكات.
   بۆنموونە: ئەرمەنییەکان لە زێدی خۆیان، رووبەڕووی لە ناوبردن و دەركردنی زۆرە ملێ بوونەوە، ئەمەش وایكرد كاریگەری لەسەر پێگە و بوونی ئەرمەنەكان لە خاك  و زاینگەی رەسەنی خۆیان دروست بكات. 

زۆرجاریش مێژوو ئەوەی سەلماندووە، سەرباری دڕندەیی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە، بەڵام دەرەنجامێكی پێچەوانەی هەبووە، كۆكوژی وایكردووە، هەستی نەتەوەیی بەهێزتر بێت، گەلان زۆر توندتر و لێبڕاوانەتر پارێزگاری لە شوناسی خۆیان بكەن و داوای مافەكانیان بكەن و هەوڵی بەدیهێنانی مافی چارەنووس بدەن وەك هۆكارێك بۆ بەریگری لەخۆكردن و رێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی كۆمەڵكوژی، وەك چۆن ئەوەی لە (رواندا) بە ئەنجام گەیشت و پاڵنەری سەرەكی بوو بۆ داڕشتنەوەی سیستمی سیاسی و حكومڕانی لەو وڵاتەدا.  

رەهەندی یاسایی 
لە رەهەندە یاساییەكەوە، تاوانی كۆمەڵكوژی بە تێپەڕینی كات بەسەرناچێت و تاوانباران لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سزا دەدرێن، یاخود لە رووی سیاسییەوە داننان بەوەی گەلێك رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بۆتەوە، دەبێتە پاڵپشتییەكی بەهێز بۆ بە دەستهێنانی مافەكانیان تا دەگاتە مافی چارەنووس. 

كۆمەڵكوژی كورد 
گەلی كورد دیارترین نموونەی هاوچەرخە، بە تایبەت پاش ئەوەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەژێر ناوی شاڵاوی ئەنفالدا كۆمەڵكوژكرا و پێشتریش لە رێگەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییەوە لە هەڵەبجە و بالیسان و سێوسێنانەوە، هەزاران گوند روخێندران، ئەم كردەوانە بەشدارییەكی كارای كرد لە گەشەپێدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و درێژەدان بە خەبات، تا گەیشت بەوەی هەرێمی كوردستان وەك كیانی سیاسی دروست ببێت و بە جۆرێك هەندێکجار سنووری مامەڵەی ئەم هەرێمە نزیك دەبێتەوە لە نیمچە سەربەخۆیی. 

ئەنفال و مافی چارەنووسی گەلی كورد
لەگەڵ ئەوەی ئامانجی سەرەكی شاڵاوی ئەنفال سڕێنەوەی بوونی كورد و هەر بیركردنەوەیەكی سەربەخۆیی بوو، بەڵام ئەنجامەكان پێچەوانە بوونەوە، كارەساتەكە هەستی نەتەوەیی لای كورد بەهێزتر كرد، یادگەی گشتی بەرەو بەرگری گۆڕی.     پاش ئاشكرا بوونی ئەو تاوانانە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گۆشەنیگای مرۆیی و مافەوە تەماشای پرسی كوردیان كرد و ئەم گۆڕانە لە بیركردنەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، پاش راپەڕینی ساڵی 1991 بڕیاری ناوچەی دژە فڕینی لە بەرژەوەندیی كورد لێكەوتەوە.

رێگەی خۆبەڕێوەبەری
لێكەوتەكانی كۆمەڵكوژی گەلی كورد، هاوشان لەگەڵ رووداوەكانی جەنگی كەنداو، واقیعێكی سیاسی نوێیان هێنایەكایەوە و سەركردایەتی و گەلی كوردستان توانیان ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و كیانێكی نیمچە سەربەخۆ بونیاد بنێن و حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دامەزرێنن، بە تێڕوانینی چاودێران، ئەوە هەنگاوێكی زۆر گەورەیە بەرەو سەربەخۆیی نراوە.
كۆمەڵكوژی كورد ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ئەمە تەنها هەوڵێک نییە بۆ سڕینەوەی بوونی نەتەوەیەك، بەڵکو (سەرەڕای دڕندەییەکەی)، دەتوانێت ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی دووبارە هۆشیاری سیاسی گەشە پێ بكات.

كۆمەڵكوژی نەك نەیتوانی كورد بێدەنگ بكات، بەڵكو دەنگی کوردی دلێرتر کرد و بوێرانەتر داوای مافی چارەنووسی خۆیانیان دەكەن.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket