riklam

شەڕ و وشە: فەلسەفە و سیاسەتی گفتوگۆی ئەمریکا و ئێران

بیروڕا 10:51 AM - 2026-04-12
 عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

لە جیهانێکدا کە هێز تەنیا بە تانک و فڕۆکە ناپێورێت، وشەکان بوونەتە جۆرێکی تر لە چەک؛ چەکێکی بێدەنگ کە دەتوانێت شەڕ هەڵگیرسێنێت و لە هەمان کاتدا رێگریشی لێ بکات. گفتوگۆ، بەتایبەتی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا، تەنیا رێگەیەکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکی تری ململانێی هێز و ئیرادەیە.

لە فەلسەفەی کۆندا، گفتوگۆ وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە راستی دەبینرا؛ دیالۆگ لە مێژووی بیرکردنەوەدا هەمیشە بە مانای پێکدادانی بیرۆکەکان و خولقاندنی تێگەیشتن بووە، بەڵام لە سیاسەتی هاوچەرخدا، گفتوگۆ زۆرجار خراوەتە خزمەت بەرژەوەندییەکانەوە؛ نە بۆ دۆزینەوەی راستی، بەڵکو بۆ چەسپاندنی دەسەڵات. لەم نێوەندەدا، گفتوگۆ دەبێتە «شەڕێکی ئارام» کە تێیدا وشەکان جێگەی گولـلە دەگرنەوە.

دیالۆگی سیاسی بێ کەرەستە نابێت، هێزی سەربازی، فشارە ئابوورییەکان، هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان و وێنەسازیی میدیایی، هەموویان بەشدارن لە شێوەدان بە ئەنجامی هەر گفتوگۆیەک.

ئەمریکا وەک هێزێکی جیهانی، خاوەنی ستراتیژێکی روونە: پێشخستنی فشار، پێش دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان. لە بەرامبەردا، ئێران بە مێژوویەکی درێژ لە «سەبری ستراتیژی» ناسراوە؛ ئەوان وا دەردەکەون کە ئەگەر لە مەیدانی شەڕیشدا بدۆڕێن، لە رێگەی گفتوگۆوە هەوڵی گەڕاندنەوەی دەستکەوتەکانیان دەدەن.

مێژوو سەلماندوویەتی کە گفتوگۆ دەتوانێت کلیلی چارەسەری ئاڵۆزترین ململانێکان بێت. لە سەردەمی میکائیل گۆرباچۆڤدا، دیالۆگی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت رێگەی خۆشکرد بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی سارد؛ ئەو ململانێیەی کە ساڵانێکی درێژ جیهانی دابەش کردبوو. هەروەها دوای جەنگی کوێت، لە «خەیمەی سەفوان»دا، وشەکان بوونە ئەو هێزەی کە خاڵی کۆتاییان بۆ جەنگ دانا.

پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئێران خاوەن تایبەتمەندییەکی ئاڵۆزە. دوای شۆڕشی 1979، ئەم پەیوەندییە گۆڕا بۆ دوژمنایەتییەکی قووڵ کە هەمیشە لە نێوان شەڕ و گفتوگۆدا لە هاتوچۆدایە. لە رووە ئاشکراکەیدا سزادان و هەڕەشەی سەربازی هەیە، بەڵام لە پەنای ئەوەشدا، هەمیشە جۆرێک لە گفتوگۆی سێبەر و ناڕاستەوخۆ بوونی هەبووە.

بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە دەرکەوت. ئەم رووداوە تەنیا کاردانەوەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بوو کە تەرازووی هێزی ناوچەیی هەژاند. لە دوای ئەو قۆناغە، تاران هەوڵیداوە بە ستراتیژێکی نوێ هاوکێشەکان بگۆڕێت و کاریگەرییەکانی فراوانتر بکات. لەم هاوکێشەیەدا هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانی تریش بێدەنگ نین؛ ئیسرائیل بەردەوام لە هەوڵی ڕێگریدایە لە هەر رێککەوتنێک کە ببێتە مایەی بەهێزبوونی ئێران. ناتۆ وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا چاوەڕوانی دەستکەوتە، لە کاتێکدا چین و روسیا هەوڵدەدەن هاوسەنگییەکی نوێ لە بەرامبەر سیستمی یەک جەمسەریی ئەمریکادا دروست بکەن.

لێرەدا کارەکتەری سەرۆکەکانی ئەمریکاش رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت. لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، سیاسەتی «فشاری زۆرینە» بە توندترین شێوە پەیڕەو کرا؛ فشارێک کە ئامانجەکەی بردنەوە بوو لە شەڕدا، بەڵام هاوکات دەرگای گفتوگۆشی بە تەواوی دانەدەخست.

لە ساتەوەختە هەرە مەترسیدارەکاندا، گفتوگۆ دەبێتە ئەو سنوورە باریکەی نێوان ئاشتی و شەڕ. وشەکان دەتوانن ئاگری جەنگ بکوژێننەوە، یان پشکۆی کێشەکان گەشتر بکەن. لێرەدا فەلسەفەی گفتوگۆ روون دەبێتەوە: ئایا گفتوگۆ بۆ تێگەیشتن لە یەکترییە، یان تەنیا ئامرازێکە بۆ سەرکەوتن بەسەر بەرامبەردا؟

لە کۆتاییدا، گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران وەک «شەڕێکی بێدەنگ» دەمێنێتەوە کە لە ناو وشە و دێڕەکاندا دەگوزەرێت. ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، ناوچەکە دەچێتە قۆناغی ئارامییەکی کاتییەوە، بەڵام شکستی ئەم دیالۆگە، دەرگا بۆ شەڕێکی فراوانتر دەکاتەوە کە کەس ناتوانێت لێی دەرباز بێت.

ئەوەی روونە، جیهانی ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە گفتوگۆیە، بەڵام ئەو گفتوگۆیەی کە لە پشتەوەی هێز و ئیرادەوە دێت؛ ئەوەی تەنیا بە وشە نانووسرێتەوە، بەڵکو ستراتیژ دایدەڕێژێت. مرۆڤایەتی هێشتا لە نێوان دوو بژاردەدایە: گفتوگۆ وەک رێگای رزگاربوون، یان وەک شێوازێکی تری جەنگ.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket