کوردایەتی، ئایدیۆلۆژیای ماوتسی تۆنگ، یان کیم ئیل سۆنگ؟
کوردستان 01:23 PM - 2026-07-27
کوردستانى نوێ
پ.د.حەمید عەزیز
گشت بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی، پێش ئەوەی پێویستی بە هێزی چەکدار و
رێکخستنی مەیدانی بێت، پێویستی بە پاشخانێکی فەلسەفە و نەخشەڕێگەیەکی هزرییە کە
وەک رێبەرێک واتا ببەخشێتە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی. لە مێژووی هزری سیاسیی
کوردی و لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لەناو دەستەبژێری رووناکبیرانی
سیاسییدا، ململانێیەکی قووڵ بەدی دەکرا لەنێوان دوو جەمسەری سەرەکی: لەلایەکەوە
ماتریالیزمی دیالێکتیکی و مێژوویی مارکسیزم کە مێژوو وەک ململانێی چینایەتی
دەبینێت و شۆڕشیش بریتییە لە بەرنگاربوونەوەی چینایەتی و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی
دادی کۆمەڵایەتی. لەلایەکی دیکەوە ״کوردایەتی״ کە پرسی رزگاریی نەتەوەیی بە لەپێشتر
و بنەڕەتیتر دادەنێت بۆ رزگاربوون لە ژێردەستەیی و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، لەو
روانگەیەوە یەکخستنی ئەم دوو فەلسەفەیە لەپێناو رزگارییەکی پێشکەوتنخوازانەی گەلی
کورد، ئامانجی گروپێکی سیاسی و رووناکبیریی پێشکەوتنخواز بوو. دواتریش لە
چوارچێوەی رەوت و ئاراستەی سیاسیدا، رۆڵی گەورەی گێڕا. هەروەها یەکخستن و
تەباکردنی ئەو دوو بۆچوونە، بووە هۆی بوژاندنەوەی هزر و رووناکبیریی و راگەیاندن و
دواجار سیاسەت و حزبایەتی کوردی لە کوردستانی عیراقدا.
قۆناغی دوای بەیاننامەی 11ی ئازاری 1970،
دەستەبژێرە سیاسی و رووناکبیرەکانی کورد لەنێوان شەپۆلە جیاوازەکانی مارکسیزمدا لە
ململانێیەکی فیکریی بەردەوامدا بوون. لەو سەردەمەدا تەوژمێکی نوێی مارکسیزم بیر و
هزری رووناکبیرانی کوردی بارگاوی کرد.
کاتێک فەلسەفەیەکی جیهانیی وەک مارکسیزم لینینیزم گواسترایەوە بۆ سەر
زەینی کوردی، تووشی قەیرانی «میتۆد و گونجاندن» بووەوە، چونکە کوردستان
کۆمەڵگەیەکی نیمچە دەرەبەگایەتیی کشتوکاڵی بوو، نەک کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی خاوەن
چینی کرێکاری کارا (پرۆلیتاریا). بۆئەوەی جارێکی دیکە کوردایەتی ناچار بە
دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو نەبێتەوە، گەڕانێکی قووڵ دەستیپێکرد بۆ
دۆزینەوەی گونجاوترین تیۆر بۆ پەرەدان بە چەمکی کوردایەتی. بە مەرجێک لەگەڵ خواستی
نەتەوەیی و نیشتمانیی کورددا بگونجێت. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەم دیدار و وتووێژە تیشک
دەخاتە سەر بەشێک لەو گەڕانەی رووناکبیرانی کورد کە بۆ دۆزینەوەی تیۆرێک بۆ
کوردایەتی هەوڵیان بۆ داوە.
بیرۆکەی ئەم دیدارە لە پەراوێزی وانەیەکی قۆناغی
دکتۆرا - بەشی فەلسەفە و گەشەپێدان لە زانکۆی راپەڕین هاتەئاراوە. لەوبارەیەوە
لەگەڵ مامۆستا پ.د.حەمید عەزیز قسەمان کرد سەبارەت بە فەلسەفەی مارکسیزم و دواتر
باسمان لە کاریگەرییەکانی ئەو فەلسەفەیە کرد لە کوردستاندا. لەگەڵ ئاماژەدان بە
وەرگێڕانی کتێبەکانی ئەو نەریتە بۆ سەر زمانی کوردی، من باسم لە کۆمەڵێک کتێبی کیم
ئیل سونگ کرد، کە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون، بەڵام کەس نازانێت کێ و چۆن و بۆ
ئەو کتێبانە وەرگێڕدراون و ناوی زۆر کەسیش وەک وەرگێڕی کتێبەکان دەهێنرێت، بەڵام
هێشتا یەکلانەبوونەتەوە. وەڵامەکەی مامۆستا پ. د.حەمید ئەم چاوپێکەوتنەی لێکەوتەوە
و وایکرد ئاوڕێک لە پرسی کوردایەتی لەنێوان دوو رەوتی ئایدیۆلۆژیای مارکسیزمدا
بدەینەوە. هەروەها ئەمەش ئاوڕدانەوەیەکی جیاوازە لە مێژوویەکی شاردراوە یان کەمتر
قسە لەسەرکراو. ئەویش مێژووی چۆنییەتی گەیشتنی ئایدیۆلۆژیای چەپی خۆرهەڵاتی دوورە
بۆ ناو کایەی هزریی کوردی، یان ئاماژەدانە بە قۆناغێک لە گواستنەوەی فەلسەفەی
مارکسیزم بۆ سەر زەین و زمانی کوردی. بە تایبەتی جیهانبینی (ماوتسی تۆنگ) رابەری
شۆڕشی چین و (کیم ئیل سۆنگ) رابەری کۆریای باکوور. هەر بۆیە لێرەدا خوێنەر ئاشنای
دوو ئاڕاستەی فیکری دەبێت کە دەیانویست میتۆدی مارکسیزم لە کۆمەڵگەی کوردستاندا و
بۆ رزگاربوونی کورد، پەیڕەو بکەن.
پ.د.حەمید عەزیز مامۆستای فەلسەفە، یەکێکە لە
شایەت و کارەکتەرە سەرەکییەکانی کایەی رۆژنامەگەریی کوردی و وەرگێڕی هزریی ئەو
سەردەمەیە لە بەغداد. دواتریش لە کایەی رووناکبیریی کوردیدا وەک مامۆستا و نووسەر
و شاسواری فەلسەفە ناسرا. لێرەدا پەردە لەسەر کۆمەڵێک راستی مێژوویی لادەدات و
ئاماژە بە هەوڵەکان بۆ داڕشتنی تیۆرییەکی بەهێز بۆ کوردایەتی دەدات.
ئامانجی سەرەکی ئەم چاوپێکەوتنە تەنیا گێڕانەوەی
رووداوەکان نییە، بەڵکو پاراستنی بەشێکە لە یادەوەریی هزریی و سیاسیی کورد و
راستکردنەوەی ئەو زانیارییە مێژووییانە کە رەنگە کەمتر قسەیان لەبارەوە کرا بێت.
هەر لەو سۆنگەیەوە بیرۆکەی ئەم چاوپێکەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ 16/1/2024، بەڵام
تۆمارکردنەکەی کەوتە 22/12/2025 لە شاری هەولێر. پاشان بەشێک لە پرسیارەکان بە
نووسین و تەلەفۆنی راستەوخۆ تۆمارکراون. پاشان چەندجارێک لاپەڕەکانی رۆژنامە/
هەفتەنامەی هاوکاری، لەنێوان ساڵانی (1970-1974)م هەڵدایەوە و چەند پرسیارێکی
دیکەم ئاراستەی د.حەمید کرد و وەڵامەکانم لەم چاوپێکەوتنەکەدا تۆمار کرد. هێشتا
زۆر پرس و بابەتی دیکە ماون و هیوام وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەوانیش بکۆڵمەوە.
بەشی یەکەم
سیاسەتمەدارانی کورد لەنێوان مارکسیزم و سۆسیال دیموکراتدا
*لەسەرەتای
ساڵی حەفتاکاندا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێب و بۆچوونەکانی (ماوتسی تۆنگ) لە
کوردستاندا، چەند کتێبێکی (کیم ئیڵ سۆنگ) رابەری شۆڕشی کۆریا، بۆ سەر زمانی کوردی
وەرگێڕدراون و بڵاوکراونەتەوە، بەبێ ئەوەی ناوی وەرگێڕی لەسەر بێت. لەکاتێکدا
بیرکردنەوەی کیم ئیل سونگ لە لینین و ماوتسی تۆنگ تۆزێک جیاوازە، هەروەها بە
جۆرێکی دیکە باسی شۆڕش و خەباتی چینایەتی دەکات. ئەوەش بۆ کۆمەڵگەی ئەوسای کوردی
کەمێک نامۆ بوو. بەو پێیەی جەنابت لەو سەردەمەدا لە کۆڕ و کۆبوونەوە
رووناکبیرییەکان نزیک بوویت و رۆڵت هەبووە، چۆن بوو ئەم کتێبانە وەرگێڕدران و
هۆکارەکەی چی بوو؟
-لەم دەرفەتەدا هەوڵدەدەم هەندێك رووداو و هەواڵت بۆ باس بکەم کە من لە
سەردەمی لاوێتیم، دوای ئەوەی بەکالۆریۆسم لە فەلسەفە لە کۆلیجی ئاداب لە زانکۆی
بەغداد تەواوکرد، گوێ بیستیان بووم و بە چاوی خۆم بینیومن، تا لە لەبیرچوونەوە
رزگار بکرێن. لەبارەی پرسیارەکەشتەوە، دەبێ ئاوڕێک لە رابردوو بدەینەوە. بە
تایبەتی لە ساڵی 1970 بەدواوە. لەو سەردەمەدا سیاسەتمەدار و رووناکبیرانی کورد،
لەو باوەڕەدابوون کە کوردایەتیی یان بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد، تیۆرییەکی
رێکوپێکی فرەڕەهەندی لەبەردەستدا نییە وەک کۆمۆنیستەکان کە پەیڕەوی جیهانبینیی
مارکس-لینین دەکەن، یان وەک سۆسیال دیموکراتەکانی ئەوروپا کە لاساڵ و برنشتاین
رابەریانە، بۆئەوەی رابەرانی کورد پەیڕەویی بکەن و وەک نەخشەڕێگە بە گونجاندن
لەگەڵ رەوشی کوردستانی عیراقدا پشتی پێ ببەستن.
لەو دۆخەدا دوو رەوت لە مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوکاتە (ناسراو بە
جەلالی) هەست پێ دەکرا. هەڵبەتە دوو رەوتی فیکری. هەردوو رەوتەکە لەو باوەڕەدابوون
تێۆری مارکسیزم- لینینیزم وەک خۆی بۆ کوردستان دەست نادات، بەتایبەتی لایەنە
سیاسییەکە کە کوردستان چوار پارچە کراوە و نیمچە کۆڵۆنییە (ژێر دەستەیە)
ئابوورییەکەشی کشتوکاڵ و جووتیار و دەرەبەگە، بەو پێیە:
-رەوتی یەکەم کە زۆرینەبوون رابەرە دیارەکانی مام جەلال و مامۆستا
برایم ئەحمەد و کاک نەوشیروان مستەفا بوون، بەلایانەوە ئەو گۆڕانەی ماوتسی تۆنگ بە
پشتیوانیی ئایدیۆلۆژیی ستالین لە مارکسیزم- لینینزمدا کردوویەتی و لە وڵاتی چینی
فرەنەتەوە و نیمچەدەرەبەگدا پیادەی دەکات، تاڕادەیەک لەگەڵ کوردستاندا دەگونجێت.
-رەوتی دووەم کەمینە بوون بە رابەرایەتیی مامۆستا حیلمی عەلی شەریف کە
ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرنووسەری رۆژنامەی (نور) و دواتر سەرپەرشتیاری
هەفتەنامەی هاوکاری بوو. لەو باوەڕەدابوون کە ئایدیۆلۆژیی و جیهانبینییە
سیاسییەکەی کیم ئیل سونگ سەرکردەی شۆڕشی کۆریای باکوور، باشتر لەگەڵ کوردستاندا
دەگونجێت، چونکە:
یەکەم: کۆریا یەک نەتەوەیە وەک کورد، ئەو وڵاتە فرەنەتەوە و فرەکەلتور
نییە وەک چین.
دووەم: کۆمەڵگەکەی کشتوکاڵییە و زۆرینەی دانیشتوانی جووتیارن و
لادێنشینن وەک کوردستان.
رەوتی یەکەم هەندێک بەرهەمی ماوتسی تۆنگ-یان کرد بە کوردی و
بڵاویانکردەوە، رەوتی دووەم چەند کتێبێکی کیم ئیل سونگیان وەرگێڕایە سەر زمانی
کوردی و بەبێ پارە لە شارەکانی کوردستاندا دابەشکرا.
* کەواتە کێ ئەو کتێبانەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی
کوردی و کێ بەشداریی تێدا کردووە؟
-لەسەرەتای
ساڵانی حەفتاکاندا کە من لە رۆژنامەی هاوکاری وەک نووسەر و پاشان وەک سکرتێری
نووسین دەستبەکاربووم، لەو سەردەمەدا ئەو کتێبانە وەرگێڕدران. ئێمە چوار کەس
بەشداریمان کردووە لە وەرگێڕانی ئەم کتێبانەی کیم ئیل سونگ، بە پلەی یەکەم
رەوانشاد حیلمی عەلی شەریف، کە ماوەیەکی زۆر سەرنووسەری هەفتەنامەی هاوکاری بوو لە
بەغداد، دووەمیان من، حەمید عەزیز ئێستا مامۆستای فەلسەفەم، سێیەمیان رەوانشاد کاک
محەمەدی حاجی تایەر، ئەو کاتە ئەویش لە رۆژنامەی هاوکاری ئیشی دەکرد، ئینجا،
رەوانشاد بورهان قانع بە هەمان شێوە ئەویش لە هەفتەنامەی هاوکاری بوو، ئەم
چوارەمان ئیشمان دەکرد، بەڵام زۆرترینی وەرگێڕانەکان من و کاک حیلمی بووین، کاک
محەمەدی حاجی تایەر پێیدادەچووە، ئایا لە شوێنێکدا روون نەبێت، هەڵەیەکی تێدابێت،
شتێک پەڕیبێت، لەگەڵ عەرەبییەکەدا بەراوردی دەکرد، رۆڵی کاک بورهان قانع، تەنیا
نووسینەوە بوو، ئەم کتێبانە لە چەند بۆنەیەکی دیاریکراودا کران بە کوردی، چەند
بەشێکی لە هاوکاری بڵاوکرانەوە. پاشان وەک کتێب لە چاپچانەیەکی شاری بەغداد
چاپکران. ئینجا بەبێ پارە بەسەر رۆشنبیراندا دابەشدەکرا. لە کۆتاییدا ئێمە
پێشنیازمان بۆ فەرمانبەرێکی کۆنسوڵخانەی کۆریا کرد لە بەغداد، بچن بۆ کەرکوک،
هەولێر و سلێمانی، بۆ قەزاکان، بیدەن بە خەڵک. مادام ئێوە پارەتان ناوێت، باشترە
لەوەی لە بەغداد دابەشیبکەن، بەگوێیان کردین، هێندەی من ئاگام لێبێت، فەرمانبەرێک
کە خۆی کۆریایی بوو، عەرەبیشی باش دەزانی، هات بۆ سلێمانی، لەوێشەوە چوو بۆ رانیە،
لەوێوە گەڕایەوە بۆ هەولێر و لە هەولێرەوە چوو بۆ چەند ناوچەیەکی کەرکوک. چەند
دانایەکی بەسەر خەڵکدا دابەشکرد، بەڵام ئەوەی من بیستم، زۆربەی خەڵکەکە
نەیخوێندبووەوە، چونکە باسی بابەتێکی دەکرد، زۆر بە کەمی پەیوەندیی بە کورد و
بیرۆبۆچوونی کورد و کۆمەڵگەی کوردییەوە هەبوو.
* کەواتە ئێوە بە گروپ ئەو کتێبانەتان کردووە بە
کوردی. چۆن بیرۆکەی وەرگێڕانی ئەو کتێبانەتان لەلا دروست بوو؟
- ئەگەر
بێت و بە راشکاوی قسە بکەم، کردنی ئەم کتێبانە بە کوردی، هیچ کاتێک دەستپێشخەریی
من وەک حەمید عەزیز و بورهان قانع و محەمەدی حاجی تایەر نەبووە. بەڵکو
دەستپێشخەرییەکە هی رەوانشاد کاک حیلمی عەلی شەریفی پێشمەرگە، سیاستمەدار و
رۆژنامەنووسی کورد بوو. ئەوەندەی من لەگەڵیدا دوام و قسەمکرد و لێمانکۆڵییەوە،
گەیشتمە ئەو بڕوایەی دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی کورد، کێشەیەک بۆ سیاسەتمەدارانی کورد
دروستبووبوو کە چ رێبازێک بگرنەبەر بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی خوێن بە شادەماری شۆڕشێکی
نوێدا. چ رێبازێک پەیڕەو بکەن، چ پارتێکی سیاسی دابمەزرێنن، ئاوات و ئامانجیان چی
بێت، پڕۆگرامیان چی بێت، رێنماییەکان چی بن تا پەیڕەویان بکەن؟ ئەمە کێشەیەکی
گەورەبوو کە تووشیان بووبوو. یەکێک لەوانە بەڕێز کاک حیلمی بوو. لەم بیروبۆچوونەدا
دوو ئاڕاستە هەبوون، ئاراستەیەکیان بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و نەوشیروان
مستەفا بوو، کە ئەوان بەلایانەوە بیربۆچوونەکانی ماوتسی تۆنگ پەرەپێدانی
بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژیا، فەلسەفە و سیاسەتی مارکس و لینینە، دەکرێت لە وڵاتانی
سێیەمدا پەیڕەویی ئەو رێبازەی ماو بکرێت. چەند کتێبێکی ماویان کرد بە کوردی. یەکێک
لەوانە (چەپکێک لە قسەکانی سەرۆک ماو تسی تۆنگ). ئینجا کتێبە گرنگەکەی لین پیاو
(بژی سەرکەوتنی جەنگی گەل)، وەرگێڕدرا و بڵاوکرایەوە.
* چۆن بوو
کاک حیلمی وەک بزوێنەری ئەو رەوتە، بیری لە وەرگێڕانی ئەو کتێبانە کردەوە؟
-کاک
حیلمی عەلی شەریف لەو باوەڕەدا بوو، کە ماوتسی تۆنگ ئەگەرچی سەرکەوتنێکی گەورەی
بەدەستهێناوە و سیاسەتمەدارێک و سەرکردەیەکی گەورەیە، بەڵام بیروبۆچوونەکانی پتر
بەلای کۆمەڵگەیەکدا دەچێت کە نە سەرمایەدار بێت و نەک دەرەبەگ بێت، نە کشتوکاڵی
بێت بە تەواوەتی، چین فرەکەلتور، فرە چین، فرە بیروبۆچوون، فرە نەتەوەیە و ماو بە
کەڵکی ئەوێ دێت، بەڵام بۆچوونەکانی وەک پێویست بە کەڵکی کوردستان نایەن. کۆریا کە
وڵاتێکە شۆڕشی سۆشیالیستی تێدا کراوە بە سەرکردایەتی کەسێک کە پێی دەگوترا کیم ئیل
سۆنگ. ئەم وڵاتە یەک نەتەوەیە وەک کوردستانی خۆمان. یەک سەرکردەشی هەیە،
بیروبۆچوونەکانی ئەو پتر لە کوردستاندا دەکرێت جێبەجێ بکرێت و سوودی لێوەربگیرێت،
چونکە کۆمەڵگەی کوردی تائێستا هەر کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵییە و نەزمی دەرەبەگایەتی تا
رادەیەک هەر دەستبەکارە. بۆیە دەتوانرێت سوود لەو بۆچوون و جیهانبینییە
وەربگیرێت. لەبەرئەوە کاک حیلمی خۆی کتێبێکی کیم ئیڵ سۆنگی کردە کوردی بەبێ ئەوەی
هیچ کەسێک داوای لێکردبێت، کتێبەکەش کە کردی بە کوردی، چەند دانەیەکی لێ ناردبوو
بۆ کۆنسوڵخانەی کۆریا لە بەغداد. ئەوانیش کە چاویان بە کتێبەکە کەوتبوو، بەدڵیان
بوو. دابوویان بە چەند کەسێک خوێندبوویانەوە، ئەوانیش وتبوویان بەڵێ وەرگێڕانێکی
زۆر رێکوپێکە، کتێبێکی زۆر باشیشە. هەڵبژاردنەکەش خۆی لە خۆیدا بەڵگەی ئەوەیە کە
سیاسەتمەدارێکی گەورە ئەو کتێبەی هەڵبژاردووە و کردوییەتی بە کوردی.
PUKMEDIA / کوردستانى نوێ
هەواڵی زیاتر
-
جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ راوێژکاری سەربازیی هۆڵەندا کۆبووەوە
01:55 PM - 2026-07-27 -
ڕفعەت عەبدوڵا: یەکێتی لەگەڵ سازانی سەرجەم لایەنەکاندایە
01:43 PM - 2026-07-27 -
کوردایەتی، ئایدیۆلۆژیای ماوتسی تۆنگ، یان کیم ئیل سۆنگ؟
01:23 PM - 2026-07-27 -
184هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
09:17 AM - 2026-07-27
ئەمانەش ببینە
ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ: 8 هەزار بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر چارەسەرکراون
11:48 AM - 2026-07-27
پهرلهمانتارێك: پرۆژهی رووناكی له سهرما و گهرمادا كار ناكات
10:31 AM - 2026-07-27
ئێران داوای 11 ملیار دۆلار قەرز لە عیراق دەكاتەوە
10:46 PM - 2026-07-26
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و كونسوڵی رووسیا تاوتوێی دۆخی ناوچەكەو پێكهێنانی حكومەت دەكەن
08:01 PM - 2026-07-26
زۆرترین خوێنراو
-
خولی پەرەپێدانی کاری میدیایی بەڕێوەدەچێت
کوردستان 04:45 PM - 2026-07-26 -
پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای سەنگاو-دەربەندیخان دەکرێتەوە
کوردستان 04:32 PM - 2026-07-26 -
پەرلەمانتارێکی یەکێتی: قەرزی کارەبا بخرێتە بری لێبڕین و پاشەکەوت
کوردستان 03:25 PM - 2026-07-26 -
شێخ جەعفەر پشتیوانيی بۆ چالاكییەكانی دامەزراوەی كەریمی عەلەكە دەردەبڕێت
کوردستان 02:54 PM - 2026-07-26 -
ناوی جێگرەوەكانی حەج بەدەرچوو هەژمار دەكرێن
کوردستان 01:30 PM - 2026-07-26 -
لیستی مووچەی مانگی 7ــی فەرمانبەرانی هەرێم پەسەندکرا
کوردستان 12:04 PM - 2026-07-26 -
بۆیەكەمجار لەئەمساڵدا دینار بەرامبەر دۆلار نرخی پێوانەیی تۆماركرد
ئابوری 11:55 AM - 2026-07-26 -
یەکێتی و پارتی تەئكید لەهەماهەنگی و برایەتی و پێكەوە كاركردن دەکەنەوە
کوردستان 11:19 AM - 2026-07-26







دابەزێنە

