پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە و چارەنووسی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی
کوردستان 12:57 PM - 2026-07-27
AI PUKMEDIA
وێنەیەکى AI
پرسی كۆتاییهاتنی ئەركی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق و هەرێمی
كوردستان، بابەتێکی فرەڕەهەندە کە راستەوخۆ کاردەکاتەسەر داڕشتنەوەی ستراتیژیی
بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی، چونكە عیراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 ساڵی
رابردوودا هاوبەشێکی سەرەکی و جێی متمانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوون لە شەڕی دژ
بە تیرۆردا.
بڕیاری كۆتاییهاتنی ئەركەكان، دۆخێکی جیاواز لە ناوچەكەدا
دەهێنێتەئاراوە، چونکە ئەم هێزانە کە لە ساڵی 2014 لەسەر داوای حکومەتی عیراق و بۆ
رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هاتنە ناوچەکە، رۆڵێکی
سەرەکییان لە پاراستن و سەقامگیریی ناوچەكەدا گێڕا و بوونیان لە زۆر رووەوە
کاریگەرە.
رێككەوتنی عیراق و هاوپەیمانانلەسەر ئەم پرسە، وتەی فەریقی یەکەمی خانەنشین جەبار یاوەر شارەزای کاروباری سەربازی و ئەمنیمان وەرگرت و دەڵێت: رێككەوتنێك هەیە لەنێوان حكومەتی عیراق و وڵاتانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش، ئەم رێككەوتنە پاش گفتوگۆیەكی دوورودرێژ لە سەردەمی حكومەتی مستەفا كازمییەوە پەسندکراوە و ئەرکەکەیان کۆتایی دێت.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ شەڕی دژ بە داعش كە نزیكەی 70 وڵات تێیدا بەشدارن، لە مانگی 8ی ساڵی 2014 پێکهێنرا، بەڵام پێش ساڵێك و هەر بەپێی ئەم رێككەوتنە ئەركەكەیان لە خواروو و ناوەڕاستی عیراق بەدیاریکراوی لە مانگی 9ی ساڵی 2025 كۆتاییپێهات، بەڵام ئەو كەمپ و تیمانەی لە كوردستان هەبوون، مانەوە، ئەویش بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عیراق كە ئەم تیمانە بۆ پشتیوانیكردنی رۆژئاوای كوردستان دەمێننەوە تا ساڵێك، وا وادەی ساڵەکەش هاتووە و لە كۆتایی مانگی 9ی ئەمساڵ كۆتایی بە ئەركی ئەوانیش دێت، نابێت هیچ كەمپ و تیمێكی هێزەكانی هاوپەیمانان لە سەرتاسەریی عیراق و هەرێمی كوردستاندا بمێنێت.
توانای هێزەكانی عیراق و پێشمەرگەفەریقی یەکەمی خانەنشین جەبار یاوەر دەشڵێت: چەند ساڵێك پێش ئێستا بەپێی ئەو گفتوگۆیەی هەبوو لەنێوان عیراق، ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمان، تیمێك دروستكراوە لە ئەفسەرانی باڵای عیراق و وڵاتانی هاوپەیمان و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانیش، کە لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنیان كرد بۆ توانای هێزەكانی عیراق و پێشمەرگە و ئەو مەترسی و هەڕەشانەی داعش دروستی دەكات لە ناوچەكەدا، دواتر تیمەكە راپۆرتێكیان پێشكەشی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمان و عیراقیش كرد، لە بەشێكی راپۆرتەكەدا هاتووە: راستە داعش وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی ماوە، بەڵام لاواز بووە و توانای ئەنجامدانی كاری گەورەی تیرۆریستی نییە وەكو پێشتر كە هەبوو، وردە وردە هەڕەشەكانیشی كەمدەبێتەوە بە تایبەتی دوای نەمانی ئیمارەتەكەیان لە عیراق و شام لە كۆتایی ساڵی 2017.
هەروەها توانای سەربازیی هێزەكانی عیراق و پێشمەرگە بەرزبووەتەوە لە رووی بەرگریكردن و گرتنەدەستی ئاسایشی ناوچەكانی خۆیان، لەبەرئەوە ئەم بڕیارە دەركرا بۆ كۆتاییهێنان بە كاری هێزەكانی هاوپەیمانان لە ناوەڕاست و خوارووی عیراق لە ساڵی 2025 و لە هەرێمی كوردستانیش لە ساڵی 2026.
پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرهەر دەربارەی ئەم پرسە، فەریق روكن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند: لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، هێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە ئەزموونێکی بەرچاو و مەیدانی بەدەستبهێنن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەتایبەت لە شەڕی دژی داعش. هەروەها پێشمەرگە توانیویەتی سوودی بەرچاو ببینێت لە بەرنامەکانی هاوپەیمانان لە مەشق و راهێنان و بنیاتنانی توانا سەربازییەکان. سەبارەت بە پلانی ستراتیژییش، ئامانج لێی بەرزکردنەوەی تواناکان و تەواوکردنی بەرنامەی چاکسازی و یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەیە، پێشبینیدەکرێت هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی لەنێوان هەرێم و بەغدا بمێنێتەوە و بەردەوامبێت، ئەویش بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی رووبەڕووی ئاستەنگی ئەمنی دەبنەوە ،یان ناوچە جێناکۆکەکان. لەرابردوودا ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە هاریکاری و هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی عیراق و هێزی پێشمەرگە، یارمەتیدەرە بۆ سنووردارکردنی جموجۆڵی گروپە تیرۆریستییەکان و رێگرە لە قۆستنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان لەلایەن ئەو گروپانەوە. دوابەدوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، رەنگە دامەزراوە ئەمنییەکانی عیراق و هێزی پێشمەرگە بەرپرسیارێتیی زیاتر و راستەوخۆ لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەدا لەئەستۆبگرن.
چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگەلە بەشێكی دیکەی قسەكاندا، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵێت: پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پرۆسەیەکی ستراتیژییە کە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بە چاودێریی هاوپەیمانان لە ماوەی ساڵانی رابردوو دەستیانپێکردووە. بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، بڕیارە سەرجەم بڕگەکانی جێبەجێ و تەواوبکرێن، ئەمە بەپێی ئەوکاتەی کە بۆی دیاریکراوە. ئەگەر لە کاتی خۆی تەواوبکرێن، رەنگدانەوەی باشی دەبێت لە هەڵوێستی هاوپەیماناندا، پابەندبوونی وەزارەتی پێشمەرگەش دەردەخات لەو پرۆسەیەی کە دەستیپێکردووە، ئەمەش بە ئامانجی بنیاتنانی هێزێکی سەربازیی یەکگرتو و پیشەیی، بە پاڵپشتیی ئەمریکا و سەرجەم هێزە نێودەوڵەتییەکان لە تیمی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، بۆیە بە تەواوبوونی ئەرکی هاوپەیمانان کۆتایی پێ نایەت، بەڵکو لەبری ئەوە رەنگە بخرێتە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و حکومەتی فیدراڵیی عیراق. هاوپەیمانان لە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عیراق، رەنگە چەند بڕگەیەک جێ بکەنەوە بۆ پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە لە بوارەکانی راوێژکاری و مەشق و راهێنان و چەندین بواری دیکە.
لێكتێگەیشتنسەبارەت بە لێكتێگەیشتنی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەش دوای كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانان، فەریق روكن بەختیار محەمەد ئاشکرایکرد، لێکتێگەیشتن هەیە سەبارەت بە بەردەوامیی هاریکارییە سەربازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. پێشبینیدەکرێت دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانییەکە، ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی لە شێوەی هاوپەیمانیی سەربازیدا ئامادەییان هەبێت، بەڵام بە فۆرمێکی نوێ و جیاواز لەوەی ئێستا هەیە لە چوارچێوەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا.
لێكەوتەكانلەلایەكی دیکەوە دەربارەی ئەوەی ئایا لێکەوتەکانی کۆتایهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان چییە؟ ناودار زیاد، مامۆستای زانكۆ، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان و توێژەری سیاسی، باسى لەوە کرد: ئەگەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان رووبدات، یەکەم لێکەوتە دەکەوێتە سەر داهاتووی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بڕینی هاوکارییە دارایی و لۆجستییەکان و وەستانی مەشقەکانیان. بەتایبەت کە هەرێم خۆی گیرۆدەی قەیرانی دارایی و کێشەی بودجەیە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی. هەروەها، رەنگە داعش بۆشاییە ئەمنییە کوێرەکان لە ناوچە كوردستانییە جێناكۆكەكان وەک حەشارگە و ناوەندی خۆڕێکخستنەوە بەکاربهێنێت، بەمەش مەترسی سەرهەڵدانەوەیان لەو ناوچانەدا دێتەئاراوە.هەرێمی کوردستان ئەو ناوبژیوانە نێودەوڵەتییە لەدەستدەدات، کە رۆڵی پارسەنگی لە ململانێکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەگێڕا، چونكە ئامادەیی سەربازیی ئەوان قورسایی هەڵوێستەكانیانی زیاتر كردبوو، بۆیە ئەگەری هەیە کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت توندتر ببنەوە، بەتایبەت کە لە کارنامەی حکومەتەکەی (عەلی زەیدی)دا هیچ ئاماژەیەک بە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی كوردستان نەکراوە. هاوکات، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان چەتری پاراستنیان لەدەستدەدەن و دەشێت لە هەر پێشهاتێكی نەخوازراودا بكرێنە ئامانج. لەپاڵ ئەوەشدا، بۆشاییەکی گەورە دروستدەبێت، کە دەستی وڵاتانی دراوسێ واڵاتر دەكات بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێمدا.
پێگەی هەرێم و عیراقدەربارەی پرسیاری، رەهەندە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکانی قۆناغی دوای نەمانی هێزەکانی هاوپەیمانان چییە؟ ناودار زیاد وتی: لە رەهەندی سیاسیدا، لەوانەیە پێگەی دانوستانکاریی هەرێم بەرامبەر بەغداد لاواز بێت و کێشە دەستوورییەکان قووڵتر ببنەوە. بەتایبەت كە هەردوولا جیاوازییان هەیە لە لێکدانەوەی دەستوور؛ هەرێم بەپێی ماددەی 121، پێشمەرگە بە بەشێک لە سیستمی بەرگریی عیراق دەزانێت، بەڵام بەغداد تەنها وەک پاسەوانی هەرێم پێناسەیان دەکات. ئەم قۆناغە وا دەکات هەرێم سروشتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوە بۆ دیپلۆماسی و ئابووری بگۆڕێت، وەک رۆڵگێڕان لە ناوبژیوانی ناوچەیی (وەک ساڵی 2026 لەنێوان هەسەدە و ئەحمەد شەرع)، پەرەپێدانی وەبەرهێنان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و درێژەدان بە هەناردەی نەوت بۆ تورکیا. لە رەهەندی سەربازیشدا، قۆناغەکە پڕ دەبێت لە ململانێ، چونکە بەغداد بەپێی ماددەی 110ی دەستوور رێگری دەکات لەوەی پێشمەرگە چەکی قورسی وەک سیستمی پاتریۆت دەستبکەوێت. هەروەها سەرخستنی پڕۆژەی چاکسازی و هەڵوەشاندنەوەی یەکەکانی 70 و 80 کە لە شوباتی 2026 بڕیاری لێدراوە بۆ گواستنەوەیان بۆ سەر فەرماندەییەكانی دەڤەری یەك و دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لە قۆناغی بێ هاوپەیمانان قورس دەبێت و مەترسی پێکدادانیش لە ناوچە جێناکۆکەکان زیاتر دەبێت.
عیراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتانیەکخستنی گوتاری سیاسیی لایەنە کوردستانییەکان لە دوای كۆتاییهاتنی ئەركی هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ رۆڵێکی دەبێت بۆ ئایندەی کورد؟ ئەو مامۆستای زانكۆیە وتی: یەکخستنی گوتاری سیاسیی لایەنە کوردستانییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لەدوای کشانەوەی هاوپەیمانان. گرنگترین خاڵ ئەوەیە حزبەکان بتوانن گوتارێکی یەکگرتوو بەرامبەر بەغداد دروستبکەن لەکاتێکدا رۆڵی ئەمریکا وەک ناوبژیوان کەمدەبێتەوە. بەبێ یەکدەنگی، کورد ناتوانێت بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات، چ لە پرسی مووچەی پێشمەرگە، چ لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و کێشەی دەسەڵاتی ئەمنیی کەرکوک و شنگال، یان پرسی نەوت و پشکی هەرێم لە بودجەدا. لەلایەکی دیکەشەوە، یەکگرتوویی سیاسی زامنی سەرخستنی یەکخستنەوەی پێشمەرگەیە تا دیموکراتیزەکردنی حوکمڕانی و پاراستنی ئاسایشی هەرێمیش دژبە تیرۆر. بۆیە تەنها بە یەکخستنی گوتاری سیاسی، هەرێم دەتوانێت خۆی وەک یەک قەوارەی خاوەن شەرعیەت پیشان بدات و پێگەی نێودەوڵەتی خۆی بپارێزێت، رێگرییش بکات لەوەی وڵاتانی دراوسێی، بۆشاییە ئەمنییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە.
PUKMEDIA / کوردستانى نوێ
هەواڵی زیاتر
-
جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ راوێژکاری سەربازیی هۆڵەندا کۆبووەوە
01:55 PM - 2026-07-27 -
ڕفعەت عەبدوڵا: یەکێتی لەگەڵ سازانی سەرجەم لایەنەکاندایە
01:43 PM - 2026-07-27 -
کوردایەتی، ئایدیۆلۆژیای ماوتسی تۆنگ، یان کیم ئیل سۆنگ؟
01:23 PM - 2026-07-27 -
184هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
09:17 AM - 2026-07-27
ئەمانەش ببینە
ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ: 8 هەزار بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر چارەسەرکراون
11:48 AM - 2026-07-27
پهرلهمانتارێك: پرۆژهی رووناكی له سهرما و گهرمادا كار ناكات
10:31 AM - 2026-07-27
ئێران داوای 11 ملیار دۆلار قەرز لە عیراق دەكاتەوە
10:46 PM - 2026-07-26
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و كونسوڵی رووسیا تاوتوێی دۆخی ناوچەكەو پێكهێنانی حكومەت دەكەن
08:01 PM - 2026-07-26
زۆرترین خوێنراو
-
خولی پەرەپێدانی کاری میدیایی بەڕێوەدەچێت
کوردستان 04:45 PM - 2026-07-26 -
پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای سەنگاو-دەربەندیخان دەکرێتەوە
کوردستان 04:32 PM - 2026-07-26 -
پەرلەمانتارێکی یەکێتی: قەرزی کارەبا بخرێتە بری لێبڕین و پاشەکەوت
کوردستان 03:25 PM - 2026-07-26 -
شێخ جەعفەر پشتیوانيی بۆ چالاكییەكانی دامەزراوەی كەریمی عەلەكە دەردەبڕێت
کوردستان 02:54 PM - 2026-07-26 -
ناوی جێگرەوەكانی حەج بەدەرچوو هەژمار دەكرێن
کوردستان 01:30 PM - 2026-07-26 -
لیستی مووچەی مانگی 7ــی فەرمانبەرانی هەرێم پەسەندکرا
کوردستان 12:04 PM - 2026-07-26 -
بۆیەكەمجار لەئەمساڵدا دینار بەرامبەر دۆلار نرخی پێوانەیی تۆماركرد
ئابوری 11:55 AM - 2026-07-26 -
یەکێتی و پارتی تەئكید لەهەماهەنگی و برایەتی و پێكەوە كاركردن دەکەنەوە
کوردستان 11:19 AM - 2026-07-26







دابەزێنە

