riklam

سەرۆکوەزیرانی عیراق پێنج پرس لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریکا تاوتوێ دەکات

عیراق 10:21 AM - 2026-07-11
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق واع

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە سەردانی ئەمریکا دەکات و پرسی ئابوری و وزە و ژێرخانی وڵات و تەکنەلۆژیا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ دەکات، ئەمە جگە لەوەی پرسی چەکدانانی گروپەکان بەشێکی گرنگی سەردانەکەی دەبێت.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران، رۆژی چوارشەممە 15ی7ی2026، بەغداد بەرەو واشنتن جێدەهێڵێت و بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای وەزاری و فەرماندە سەربازییەکان و سەرمایەداران دەگاتە ئەمریکا و چەندین پرسی جێی بایەخی هەردوو لا تاوتوێ دەکەن.

لە بارەی ئەو پرسانەی کە سەرۆکوەزیرانی عیراق، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەمریکا باسیان دەکات، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عیراق، بە ئاژانسی هەواڵەکانی عیراقی راگەیاند: سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا چانسێکی ستراتیژییە بۆدووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان عیراق و ئەمریکا.

 پەیوەست بەو پرسانەشی باس دەکرێن، راوێژکاری سەرۆکوەزیران، ئاشکرای کرد: چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوو لا باس دەکرێت، لەوانە: پرسی ئابوری گرنگترینیان دەبێت و گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرێت، کە زیاتر پەیوەست دەبێت بە کەرتی وزە، کە ئەمەش لە رێگەی گەشەپێدانی کێڵگەکانی نەوتەوە دەبێت، ئەمە جگە لەوەی باس لە پرۆژەکانی وزەی نوێبووەوە دەکرێت.

راشیگەیاند: هەر لە کۆبوونەوەکاندا، باس لە پەرەپێدانی پرۆژەکانی ژێرخانی وڵات دەکرێت، وەک رێگاوبان و پرد و فڕۆکەخانە و هێڵی ئاسنین، هەروەها کەرتی تەکنەلۆژیا یەکێکی دیکە دەبێت لەو پرسە گرنگانەی باس دەکرێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە حکومەتی ئەلیکترۆنی.

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عیراق، باس لە چەند کەرتی دیکە دەکات، کە لە کۆبوونەوەکان باس دەکرێت، وەک کەرتی کشتوکاڵ لە رێگەی ئاودانی سەردەمەوە، لەگەڵ گەشپێدانی پیشەسازی خۆراکی و پاراستنی ئاسایشی خۆراک.

ئەمەش لەکاتێکدا، سەرۆکوەزیرانی عیراق، بە جدییەوە پرسی چەکدانانی گروپە چەکدارەکانی خستووەتە بەرنامەی حکومەتەکەیەوە و بەشێک لە گروپەکانیش پابەندی چەکدانان بوون و موقتەدا سەدریش وەک سەرکردەیەکی دیاری عیراق، گروپی سەرایا سەلامی هەڵوەشاندەوە، هاوکات ئەمریکاش پشتگیری لەم هەوڵەی سەرۆکوەزیران دەکات، بۆیە لە کۆبوونەوەکانیدا، پرسی گروپە چەکدارەکان، بەشێک دەبێت لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکان.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket