riklam

زانکۆى سلێمانى شکۆ و دەستکەوتى زانستیى پڕۆفیسۆرەکانى بەرز رادەگرێت

کوردستان 09:07 PM - 2026-07-03
وێنەیەکى رێوڕەسمەکە راگەیاندنى زانکۆى سلێمانى

وێنەیەکى رێوڕەسمەکە

زانکۆی سلێمانی

لە پێناو بەرزڕاگرتنی پێشەنگایەتیی ئەکادیمی و پێزانین بۆ سەرمایەی مەعریفیی زانکۆی دایک، زانکۆی سلێمانی رێوڕەسمێکی شکۆدار و شایستەی بۆ رێزلێنان لە کۆمەڵێک مامۆستا و توێژەری داهێنەر سازکرد، کە توانیویانە بەربەستە زانستییەکان ببڕن و باڵاترین نازناوی ئەکادیمی (پڕۆفیسۆر) بەدەستبهێنن، کە ژمارەیان زیاتر لە 130 پڕۆفیسۆر بوو.

لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، ئامادەبووان چەند ساتێک بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان راوەستان، پاشان (پ. د. کۆسار محەمەد) سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتارێکی نیشتمانی و ئەکادیمیی پێشکەش کرد.

سەرۆکی زانکۆ لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە بەدەستهێنانی پلەی پڕۆفیسۆری، تەنیا گۆڕینی نازناوێک نییە لەسەر کاغەز، بەڵکو گەواهی وەرچەرخانی مامۆستایانە لە قۆناغی وەرگرتنی زانستەوە بۆ قۆناغی پێدان، رێنماییکردن و مەرجەعیەتی زانستی.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم پلەیە بەرهەمی ساڵانێک ماندووبوون، شەونخونی و ئەنجامدانی توێژینەوەی گەورە و کاریگەرە.

هاوكات سەرۆکى زانکۆى سلێمانى تیشکی خستەسەر دەستکەوتەکانی زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە رانکینە جیهانییەکانی وەک (Times Higher Education) و شانگهای، روونیکردەوە، کە ئەم سەرکەوتنانە بەرهەمی هەوڵێکی دەستەجەمعی و هاوبەشی مامۆستایان، فەرمانبەران و توێژەران بووە، کە توێژینەوەکانیان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر کۆمەڵگە دروستکردووە.

سەرۆکی زانکۆ سوپاسی تایبەتی لیژنەکانی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی لە کۆلێژەکان و بەتایبەت لیژنەی ناوەندیی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی کرد، کە توانیویانە لە ماوەیەکی پێوانەییدا و بە خێرایی، مامەڵەی پێدانی نازناوەکان بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە ستافی ئەکادیمی جێبەجێبکەن.

لە کۆتایی وتەکەیدا جەختی کردەوە، کە بەدەستهێنانی ئەم نازناوە کۆتایی رێگەکە نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆئەوەی پڕۆفیسۆرەکان لەڕێگەی توێژینەوەکانیانەوە چارەسەری راستەقینە بۆ کێشە گەورەکانی کۆمەڵگە، شاری سلێمانی و کوردستان بدۆزنەوە.
هەر لە مەراسیمەکەدا، پڕۆسەی دابەشکردنی خەڵاتی رێزلێنان بەسەر سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای بەرزکردنەوەی پلەی زانستیدا بەڕێوەچوو.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket