riklam

فەنزوێلا.. پیاوێک دوای هەشت رۆژ لەژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکەدا رزگارکرا

جیهان 03:03 PM - 2026-07-03
وێنەیەکى دواى بومەلەرزەکە euronews

وێنەیەکى دواى بومەلەرزەکە

بوومەلەرزە

ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس" بڵاویکردەوە، تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە پیاوێک بە زیندوویی لەژێر داروپەردووی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی فەنزوێلا دەربهێنن، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی هەشت رۆژ بەسەر کارەساتەکەدا، لە کاتێکدا ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ نزیکەی 2 هەزار و 300 کەس بەرزبووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی هێشتا چارەنووسی هەزاران کەس نادیارە، بەڵام رزگارکردنی "هێرنان گیل"ی تەمەن 43 ساڵ، کە وەک پاسەوان کاری دەکرد و زیاتر لە هەفتەیەک لەژێر داروپەردوودا مابووەوە، وەک موعجیزەیەک وەسف دەکرێت، ناوبراو لەژێر ژووری داڕووخاوی پاسەوانیی ئەو باڵەخانەیەدا گیری خواردبوو کە لێی کاری دەکرد، لە ناوچەی "کاتیا لا مار" لە ویلایەتی "لا گوایرا" لە باکووری فەنزوێلا.

"گوسپیمار گۆنزالێز"ی هاوسەری ناوبراو وتی: "ئەمە موعجیزەیە، من زۆر کاریگەر بووم، چونکە ئەمە یەکەمجارە دەبینم هێندە وڵاتی جیاواز پێکەوە کار دەکەن بۆ رزگارکردنی تەنیا یەک کەس."

تیمەکانی فریاگوزاری لە وڵاتانی فەنزوێلا، چیلی، ئەمریکا، پورتوگال، کۆستاریکا، ئێلسالڤادۆر و مەکسیک شەو و رۆژیان خستبووە سەریەک بۆ گەیشتن بەو پیاوە و رزگارکردنى و پڕۆسەکە زۆر قورس بوو، چونکە تیمەکان دەبوو زۆر بە وریاییەوە کار بکەن بۆ ئەوەی نەبنە هۆی داڕووخانی زیاتری باڵەخانە داڕوخاوەکانى دەوروبەریان، ئۆلیڤەر ڤێرا، سەرۆکی تیمی فریاگوزاریی چیلی لەمبارەیەوە وتی: "گەیشتن بەو شوێنە دیاریکراوەى کە قوربانییەکە گیری خواردبوو، کارێکی ئاسان نەبوو."

چەندین پڕۆسەی رزگارکردنی سەرنجڕاکێش لەم کارەستە سروشتییەى فەنزوێلادا ئەنجامدراوە، لەوانەش دۆزینەوەی منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ بە زیندوویی شەش رۆژ دوای کارەساتەکە، بەڵام هیوای دۆزینەوەی رزگاربووانی زیاتر کات لە دوای کات کەم دەبێتەوە.

خۆرخی رۆدریگێز، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانی رایگەیاند، کە ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 2  هەزار و 295 کەس بەرزبووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە زیاتر لە 11 هەزار کەس بریندار بوون و نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش بێماڵ و حاڵ بوون.

شایانی باسە، هێشتا دەیان هەزار کەس بێسەروشوێنن بەهۆی ئەو دوو بوومەلەرزە یەک لەدوای یەکەی کە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە لە 24ی حوزەیراندا روویان دا، ئەم کارەساتە کە بە یەکێک لە کوشندەترین بوومەلەرزەکانی مێژووی ئەمریکای لاتین دادەنرێت، گەڕەکێکی نیشتەجێبوونی تەواوی تەخت کرد و بووە هۆی دەستپێکردنی یەکێک لە گەورەترین پڕۆسەکانی گەڕان و رزگارکردن لە ناوچەکەدا.

ئەم کارەساتە سروشتییە لە کاتێکدا دێت کە فەنزوێلا لە قۆناغێکی راگواستنی سیاسی ئاڵۆزدایە، ئەمەش شەش مانگ دوای لادانی سەرۆکی پێشوو "نیکۆلاس مادورۆ" بە پاڵپشتی ئەمریکا، ئێستاش سەرنجەکان زیاتر چووەتە سەر ئەو قەیرانە مرۆییە گەورەیەی کە رووبەڕووی رزگاربووان بووەتەوە، کە زۆربەیان بێ پەنان و بەدەست کەمیی خۆراک و ئاوی خاوێنەوە دەناڵێنن.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket