riklam

ئەمریکا و ئێران لە سویسرا کۆدەبنەوە و دەنگۆی داخستنی هورمز رەتدەکرێتەوە

جیهان 06:35 PM - 2026-06-20
گەرووی هورمز رۆیتەرز

گەرووی هورمز

ئەمریكا ئیسرائیل و ئێران

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پێشبینیدەکات لە ماوەیەکی نزیکدا بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، سەردانی سویسرا بکات.

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی رایگەیاند: پێشبینی دەکەم لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا بەڕێبکەوم، بەڵام وەک دەزانن ئەم بابەتە پێویستی بە هەماهەنگی ورد و پرۆتۆکۆلی دیبلۆماسی هەیە.

روونیشیکردەوە، وڵاتەکەی دەرفەت دەداتە دانوستان لەگەڵ ئێران و ئەگەری هەیە گفتوگۆ دووقۆڵییەکان لە کاتێکی زۆر نزیکدا دەستپێبکەن کە ڕەنگە سبەی یەکشەممە بێت و کاروبارەکان لە دۆسیەی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئێراندا بە باشی بەڕێوەدەچن.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشیکرد، هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر نێردراوانی ئەمریکا، لە ئێستاوە ئامادەن بۆ ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیانە و مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لایەنی تەکنیکی دانوستانەکان و یەکێکیش لەو کارە گرنگانەی سەرۆک رایسپاردین بۆ ئەنجامدانی، کردنەوەی گەرووەکان بوو، ئەوەش ئێستا ڕوویداوە و دوێنێ توانیمان  16 ملیۆن بەرمیل نەوت لە دەرەوەی گەرووی هورمز دەستەبەر بکەین.

لەلایەکی ترەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ئەمڕۆ 20ی حوزەیران جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا  زیادی کردووە، تێپەڕبوونی ئارام لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکەدا بەردەوام بووە، بە شێوەیەک کە 55 کەشتیی بازرگانی تێپەڕیون و بڕێکی زۆر لە کاڵا و زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستووەتەوە.

سێنتکۆم جەختیشی کردەوە، کە هێزەکانی ئەمریکا بە هۆشیارییەوە لە ناوچەکەدا دەمێننەوە بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە سەرجەم لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران.

لەوچوارچێوەیەشدا لەچاوپێکەوتنەکەدا جەی دی ڤانس بە (فۆکس نیوز)ی رایگەیاند: هیچ بەڵگەیەک لەسەر داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لەبەردەستدا نییە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket