riklam

ئابووری عیراق لە لێواری داڕماندایە؟

بیروڕا 02:49 PM - 2026-06-17
بورهان شێخ رەئوف PUKMEDIA

بورهان شێخ رەئوف

بیروڕا

عیراق ئەمڕۆ لەبەردەم یەكێك لە هەستیارترین قۆناغەكانی ئابووریدایە، نەك بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بە تەنها، بەڵكو بەهۆی ئەو ئاڵەنگارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە زۆر و خێرایانەوە كە هەڕەشە لە شادەماری ئابووریی عیراق دەكەن ئەویش نەوتە.

عیراق بە رێژەی %90 پشت بە نەوت دەبەستێت بۆ دابینكردنی بودجەی گشتی، ئەمەش وایكردووە بە ئاستێكی زۆر هەستیار بێت بەرامبەر هەر ئاڵۆزی و تێكچوونێك لە بازاڕە جیهانییەكانی نەوتدا، ئیتر نرخ بێت یان شێواز و رێگەی هەناردەكردن، لە چەند مانگەی رابردوودا ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر عیراق دەركەوت، بە هۆی دروستبوونی كێشە بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی كە رەنگدانەوەی راستەوخۆی لە سەر داهاتەكانی حكومەت و سەقامگیریی نەختینە و نرخی دیناریش هەبوو.

عیراق تا ئێستاش زۆر كارتی گرنگ و بەهێزی هەیە، چونكە خاوەنی یەدەگێكی زۆری نەختینە و زێڕ و موڵك و قەباڵەی دەرەكی و ناوخۆییە، جگە لە یەدەكی زۆری گاز و نەوتی خاو، پێگە جوگرافییە ستراتیژییەكەشی ناوچەی كەنداو بە توركیا و ئەوروپاوە دەبەستێتەوە


نەوتی كوردستان

مەترسییەكە ئێستا زیاتربووە بە هۆی درێژەكێشانی هەناردە نەكردنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە، چونكە نەوتی هەرێم ئەگەر بەربەستەكانی بەردەمی لاببرێن، لە رێگەی بۆری هەرێمی كوردستان و كەركوكەوە بۆ بەندەری جیهانی توركیا هەناردە دەكرێت، ئەو كاتە رەنگە ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە بۆ داهاتی عیراق كە بەهۆی وەستانی هەناردەكردنی نەوتی باشوورەوە خوڵقاوە، عیراق لیستێكی گەورەی مووچە و خەرجیی بودجەی بەكاربردنی دامودەزگاكانی دەوڵەتی لەسەرە، لە كاتێكدا داهاتە نانەوتییەكان كەم و دیاریكراون و ناتوانێت قەرەبووی پاشەكشەی داهاتی نەوت بكاتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵەنگارییانە، عیراق تا ئێستاش كارتی گرنگ و بەهێزی زۆری هەیە، چونكە خاوەنی یەدەگێكی زۆری نەختینە و زێڕ و موڵك و قەباڵەی دەرەكی و ناوخۆییە، جگە لە یەدەكی زۆری گاز و نەوتی خاو، پێگە جوگرافییە ستراتیژییەكەشی ناوچەی كەنداو بە توركیا و ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.

بەربەستی گەورە
بەڵام كێشەی گەورە لە كەمیی داهاتەكاندا نییە، هێندەی ئەوەی پەیوەندیی بە چۆنێتی بەڕێوەبردن و خێرایی بڕیاردانی گونجاوەوە هەیە، پێش ئەوەی گوشارەكان بگۆڕێن بۆ قەیرانی ئابووریی فراوانتر و سەختر.

لە بارودۆخێكی ئاوادا عیراق پێویستی بە پلانێكی ئابووری و دارایی بەپەلە و فرەلایەن و هاوتەریب هەیە كە لێرەدا بە كورتی ئاماژەی پێدەكەین:

1- دەستكردن بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بە شێوازێكی ورد و رێكوپێك.

2- پاراستنی یەدەگی نەختینە و ئیدارەدانی دۆلار بە توانایەكی ورد و ژیرانە، گرنگیدانی لە پێشینە بە هاوردەكردنی كەرەستە بنەڕەتییەكان و ئەو مادانەی پێویستن بۆ بەرهەمهێنان، خۆلادان و هاوردە نەكردنی كاڵای كەمالیات كە پێویست نین بۆ ئێستا، خۆلادان لە حەواڵەكردنی پارە بۆ دەرەوە كە هەموو ئەمان هۆكاری خوێنبەربوونی ئابوورین.

3 -بەرزكردنەوەی داهاتە نانەوتییەكان.

ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە ئیتر حكومەتی عیراق بە هەموو دامەزراوەكانییەوە رابچڵەكێت و پێداچوونەوە بە هەموو سێكتەرەكانی بەڕێوەبردنی وڵاتدا بكات؟ لە كاتێكدا عیراق خاوەنی توانای مرۆیی گەورە و هێزی كاری گەنجە، بە تایبەتی لە بواری دیجیتاڵ و پرۆگرامسازی و چاكسازیكردندا، حەزدەكەم جارێكی تر ئەوە دووپات بكەمەوە مەترسییەكە لە كەمبوونەوە و دابەزینی داهاتی نەوتدا نییە، بەڵكو چۆنێتی هەڵسوكەوتە لەگەڵ قەیرانەكەدا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket