riklam

بەهەوڵی فراكیسیۆنی یەكێتی پڕۆسەی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیاران خێراتر دەكرێت

کوردستان 01:54 PM - 2026-06-11
گەنم PUKMEDIA

گەنم

گەنمی جوتیاران

حكومەتی فیدراڵ رەوتی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان خێراتر دەكات، ئەمەش دوای هەوڵەكانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دێت لەئەنجومەنی نوێنەران، هاوكات یەكێتی جووتیارانی كوردستان روونیدەكاتەوە كە دواكەوتنی پێدانی شایستە داراییەكانیان، كاریگەریی نەرێنی و زیان بە كەرتی كشتوكاڵ لەهەرێم دەگەیەنێت.

سروە محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: فراكسیۆنی یەكێتی و نوێنەری لیژنە پەیوەندیدارەكان لەئەنجومەنی نوێنەران، بەردەوام بەدواداچوونیان بۆ داخوازیی جووتیارانی كوردستان كردووە تا شایستە داراییەكانیان لەكاتی خۆیدا بۆ خەرجبكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش چاویان بە لێپرسراوانی هەردوو وەزارەتی بازرگانی و دارایی حكومەتی فیدراڵ كەوتووە، دەرئەنجامی ئەو بەسەركردنەوانەش خەرجكردنی بەشێكی دیكەی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بوو لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا.

هاوكات نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەچەند رۆژی رابردوودا و لەچوارچێوەی قۆناغی شەشەمدا، حكومەتی فیدراڵ بڕیاریداوە بڕی 41 ملیار و 450 ملیۆن دینار وەك پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان خەرج بكات، كە لەساڵی 2025دا بەرهەمەكانیان رادەستی سایلۆكان كردبوو. ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد كە تا ئێستا 141 ملیار و 755 ملیۆن دینار لەشایستەكانی جووتیارانی كوردستان لای حكومەتی فیدراڵ ماوەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە هەڵكەوت محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەنفیزیی یەكێتی جووتیارانی كوردستان رایگەیاند: پڕۆسەی پێدانی شایستە داراییەكانی جووتیارانی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە ساڵانە زۆر دوادەكەوێت، بەجۆرێك ئێستا كە وەرزی دروێنەی ئەمساڵ دەستیپێكردووە، هێشتا بەشێك لەجووتیاران پارەی بەرهەمی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket