riklam

ئەمریکا ئێرانی بۆردومان کرد و تاران گەرووی هورمزی داخست

جیهان 09:50 AM - 2026-06-11
جەنگ PUKMEDIA

جەنگ

سێنتکۆم بە ڕێنمایی ترەمپ، شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی کردە سەر چەندین ئامانج لە باشووری ئێران و واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی "بەرگری لە خۆکردن" و وەک وەڵامێک بووە بۆ هێرشەکانی پێشووی ئێران، ئێرانیش گەرووی هورمزی بەڕووی سەرجەم کەشتی و نەوتهەڵگرەکاندا داخستووە و بە 12 موشەکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر دوو بنکەی ئەمریکا.

سێنتکۆم هێرشی ئاسمانی کردە سەر چەندین ئامانج لە باشووری ئێران

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی کردە سەر چەندین ئامانجی سەربازی، سیستمی بەرگری ئاسمانی، ڕادار و ناوەندی کۆنترۆڵی درۆنەکان لە باشووری ئێران و واشنتۆن ڕایگەیاندووە، کە ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی "بەرگری لە خۆکردن" و وەک وەڵامێک بووە بۆ هێرشەکانی پێشووی ئێران.
تاران بە 12 موشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا

لە بەرامبەردا، تاران پێشهاتەکانی توندتر کرد و ڕایگەیاند، کە گەرووی هورمزی بەڕووی سەرجەم کەشتی و نەوتهەڵگرەکاندا داخستووە، هەروەها سوپای پاسداران و سوپای ئێران ڕایانگەیاند، کە وەک تۆڵەسەندنەوە، بە 12 موشەکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی "ئەزرەق" لە ئوردن کە هێزەکانی ئەمریکای لێیە، و بە درۆنی خۆکوژیش بنکەی بەلەمی پێنجەمی دەریایی ئەمریکایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.
سەرۆکی ئەمریکا: هێرشەكان بە توندی بەردەوام دەبن

لەلایەکی ترەوە سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت: ئیسرائیل هیچ بەشدارییەكی لەو هێرشە ئاسمانییانەدا نەكردووە كە وڵاتەكەی لە چەند سەعاتی رابردوودا دژی ئامانجەكانی ئێران ئەنجامی داون، راشیگەیان: خۆی سەرپەرشتی هێرشەكانی كردووە و هۆشداریشیدا ئەگەر تاران رێككەوتنی چوارچێوەیی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ ئیمزا نەكات، هێرشەكان بە توندی بەردەوام دەبن.

ئەوە لەكاتێكدایە سوپای ئەمریكا بۆ دووەم شەو لەسەر یەك لەدوای كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرێک لە كەنداو، هێرشی نوێی كردە سەر ناوخۆی ئێران و ڕایگەیاند كە بۆ ئەم مەبەستە 49 موشەكی تۆماهۆك و فڕۆكەی جەنگی بەكارهێنراون.
لایەنە نێودەوڵەتییەکان ترسییان لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕەکە هەیە


ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە کاریگەری خێرا و بەربڵاوی لەسەر ناوچەکە دروستکرد؛ سیستمی بەرگری ئاسمانی لە ئوردن، کوێت و بەحرەین کەوتە حاڵەتی ئامادەباشی و بەرپەرچدانەوەی تەنە فڕیوەکان، و کوێتیش ئاسمانی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی کاتی داخست، هاوکات لە باکووری ئیسرائیلیش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا دوای ئەوەی چەند موشەکێک لە خاکی لوبنانەوە تەقێنران، ئەمەش ترسی لایەنە نێودەوڵەتییەکانی لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕەکە لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket