ئابڵوقە، شوێنی مووشەك دەگرێتەوە
جیهان 04:55 PM - 2026-04-30
کوردستانى نوێ
گرافیکێک ئاماژە بە ململانێ و جەنگ دەدات
لەنێوان خستنەڕووی پێشنیاز و رەتکردنەوەی و بەردەوامیدان بە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەگشتی چاوەڕێی دوا پەیامەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن. ئەو دۆخەی لە گەرووی هورمزیش هەیە هەر رۆژێك کە درێژە دەکێشێت، زیانەکانی لەسەر ئابووری، زیاتر دەبێت و نرخی وزەش بەرزتر دەکاتەوە.
پێشنیازی ئێران و وەڵامی ئەمریکا
ئێران پێشنیازی کردبوو، کە کۆتاییهاتنی جەنگ و کردنەوەی هورمز پێکەوە دەبن، قسەکردنیش لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بخرێتە قۆناغی داهاتوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەهیچ شێوەیەك بەو پێشنیازە رازی نییە و ناچێتە ژێر باری ئەوجۆرە بیرکردنەوەیەی ئێرانییەکان، بۆیە بڕیاری داوە درێژە بە ئابڵوقەی دەریایی سەر ئێران بدات تا ئەوکاتەی دەگەنە دەرئەنجامێك. رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی، کە بەردەوام زانیاری نوێ لەبارەی دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە، ئاشکرایکرد، سەرۆك ترەمپ رێنمایی بۆ یاریدەدەرەکانی دەرکردووە ئامادەبن بۆ ئابڵوقەی درێژخایەنی سەر ئێران، تا تاران ناچاربێت لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆی بدات بەدەستەوە، کە ماوەیەکی دوورودرێژە ئامادەنییە لەسەری رێکبکەوێت.
چەند لێپرسراوێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکانی ماوەی رابردوو، بە گفتوگۆکانی رۆژی دووشەممەشەوە لەگەڵ گەورە لێپرسراوانی ئیدارەکەی لە ژووری ئۆپەراسیۆن، ترەمپ بژاردەی درێژەدان بە گوشاری سەر کەرتی ئابووری و هەناردەی نەوتی ئێرانی هەڵبژاردووە ئەویش لە رێی ئابڵوقەی دەریایی، کە ناهێڵن جموجوڵی بازرگانی هەبێت، نە کەشتیی بگات بە بەندەرەکانی و نە کەشتی لێیانەوە بروات. ئەو لێپرسراوانە باسیان لەوەشکردووە، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە بژاردەکانی دیکە وەك دەستپێکردنەوەی بۆردومان، یان کشانەوە لە ململانێکە، مەترسی گەورەتریان لەخۆگرتووە وەك لەوەی بەردەوامبن لە ئابڵوقەکە.
چارەنووسی ناوچەکە
هەرچەندە درێژەپێدانی ئابڵوقەی سەر هورمز لەلایەن ئێران و ئەمریکاشەوە بۆتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەڵام پێدەچێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت تا رێککەوتنێکی ئاشتی دێتەئاراوە و وێنای داهاتووی ناوچەکە دەکێشرێتەوە.
لە دوای 40 رۆژ لە جەنگ، ئێران و ئەمریکا لە 7ی نیسانی رابردووەوە چوونەتە ئاگربڕەوە، سەرەتا بۆ دوو هەفتە و دواتریش ئاگربڕەکە تا ئێستا درێژەی هەیە، هەرچەندە بەردەوام تاران و واشنتۆن هەڕەشە لە یەکتر دەکەن، بەڵام بوار بۆ دیپلۆماسیی ماوەتەوە و پاکستان ئەرکی نێوەندگیریی گرتووەتەئەستۆ.
رۆژنامە ئەمریکییەکە زیاتر چووەتە ناو قسەکانی رۆژی دووشەممەی ترەمپ و وتوویەتی؛ پێشنیازی ئێران، کە لە سێ هەنگاو پێکدێت بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و دواخستنی دانوستانی ئەتۆمی بۆ قۆناغی کۆتایی، دەیسەلمێنێت بە نیازپاکی دانوستاندن ناکەن.
پیاوی باش
ترەمپ دەخوازێت بەو ئابڵوقە دەریاییەی خستوویەتییە سەر ئێران، تاران تەسلیم ببێت، چونکە پێیوایە ئابوورییەکەی بەرگەی ئەو گوشارە گەورەیە ناگرێت و زیانی زۆر مەزن دەکات، لەپێشەوەدا کەرتی نەوت هەرەسدەهێنێت و وڵاتەکە دادەڕمێت. هەر دوێنێ ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی (تروس سۆشیاڵ) لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی بە چەکەوە لەناو شەڕدا، هۆشداری بە ئێران دا، کە چیتر پیاوە باشەکە نامێنێت. سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەیدا رایگەیاند: تاران ناتوانێت کاروباری خۆی رێكبخات و نازانێت چۆن رێککەوتنێکی نائەتۆمی ئیمزابکات، بۆیە پێویستە بەزوویی زیرەكتر بن لە ئێستایان.
لایەنی زاڵ
ئێوارەی سێشەممەش بە کاتی واشنتۆن، لە ئێوارەخوانێکدا لە کۆشکی سپی کە بۆ شا چارلزی سێیەم پادشای بەریتانیا رێکخرابوو، ترەمپ جەختیکردەوە، لە رووی سەربازییەوە بەسەر ئێراندا سەرکەوتوون و شکستیانپێهێناون. هەرگیز رێگەشی پێنادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئیسرائیل بۆچی هێرشی کرد؟
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرۆنۆت) لە زاری جەدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، ئێران لە دوای هێرشی ئەمریکا بۆسەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی لە حوزەیرانی 2025ەوە دەستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم نەکردووەتەوە، ئەوەش پێچەوانەی لێدوانەکانی ترەمپە. ساعر لە گفتوگۆیەکی داخراودا باسی لە هۆکاری هێرشەکانی ئەمساڵی ئیسرائیلیش بۆسەر ئێران کردووە و وتوویەتی؛ ئێران بەنیازبووە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگوازێتەوە بۆ ناو قووڵایی زەوی. ئەوکات هیچ هێرشیكی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، یان ئیسرائیل پێی نەدەگەیشت، بۆیە پێویست بووە بڕیاربدەن، چونکە بژاردەی باشتریان لەبەردەستدا نەبووە.
تاران کەوتۆتە جووڵە
ئێرانیش لە جموجوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی بەردەوامە و ئەمجارە رێگای ئەنجومەنی ئاسایشی گرتووەتەبەر. ئەمیر سەعید ئیروانی باڵیۆز و نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نامەیەکی ئاراستەی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە و دووپاتیکردووەتەوە، تاران هەموو مافێکی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی رێوشوێنەکانی ئەمریکا. هەروەها داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە ئەمریکا ئاگاداربکاتەوە دەستبەجێ رێوشوێنە نایاساییەکانی لە ناوچەی کەنداو رابگرێت و هەموو ئەو کەشتی و بار و کەلوپەلانە ئازادبکات، کە دەستی بەسەرداگرتوون. جەختیشیکردووەتەوە، کردەوەکانی ئەمریکا پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتین و ئەوەی دەیکات لە دەریادا چەتەگەرییە و بە ئەنقەست دەستی بەسەر دوو کەشتی بازرگانیدا گرتووە.
PUKMEDIA / کوردستانی نوێ
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
ئەمانەش ببینە
کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم دەست بەکارکردن دەکەنەوە
06:40 PM - 2026-06-03
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
03:47 PM - 2026-06-03
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
02:27 PM - 2026-06-03
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
11:46 AM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03



.png)
.png)
.png)

دابەزێنە

