riklam

26 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دا تێدەپەڕێت

کوردستان 09:48 AM - 2026-04-08
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد PUKMEDIA

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

26ساڵ بەسەر كۆچی دوایی سیاسەتمەدار و خەباتگێڕ و نوسەری ناوداری گەلەكەمان ئیبراهیم ئەحمەد تێدەپەڕێت، ئەو تێكۆشەرە گەورەیەی گەلەكەمان كە دوای دەیان ساڵ خەبات و تێكۆشان لە پێناو دۆزی رەوای گەلەكەمان، لە 8-4-2000، لە تەمەنی 86 ساڵیدا لە لەندەن ماڵئاوایی لە خاك و نەتەوەی كورد كرد و لە دوای خۆیشی خەرمانێك لە بڵاوكراوە ئەدەبییەكانی بۆ گەلەكەمان جێهێشت.

ئیبراهیم ئەحمەد، لە 6-3-1914، لە بنەماڵەیەكی ناسراوی شاری سلێمانی لە‌دایكبووە، لە ساڵی 1937 لە شاری بەغداد كۆلێژی یاسای تەواو كردووە.

ژیانی سیاسی

لە ساڵانی سییەكاندا و لەگەڵ كۆمەڵێك خوێندكاری كورد لە بەغداد، گروپێكی بەناوی "لاوانی كورد" پێكهێناوە و گۆڤارێكیشی بەناوی "دیاری لاوان" بڵاوكردووەتەوە.

بە دامەزرێنەر و لێپرسراوی كۆمەڵەی "ژ ك" لە كوردستانی باشوور دەناسرێت، پاش رووخانی كۆماری مەهاباد، لە ساڵی 1947 دا ئیبراهیم ئەحمەد و لقی "ژ ك" لە پاش كۆبونەوەیەك بڕیاریاندا بچنە ‌ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، مامۆستا ئیبراهیم بە سەرۆكی لقی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرا.

لە ساڵی 1948 ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ماوەی 18 مانگ بەندكرا، دوای ئازادكردنیشی تا هەڵگیرسانی شۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958، رێگای خەباتی نهێنی گرتەبەر، لە شوباتی ساڵی 1951، لە میانەی كۆنگرەی دووەمی پارتی لە شاری بەغداد، ئیبراهیم ئەحمەد بە كۆی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە بە سكرتێری گشتی پارتی هەڵبژێردرا، هەر لەو كۆنگرەیەدا و لەسەر پێشنیازی مامۆستا ئیبراهیم، ناوی پارتی گۆڕا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان- عیراق.

لە هاوینی 1951 دا، لە سلێمانییەوە گوازرایەوە بۆ كەركوك، ساڵی 1961 ئیبراهیم ئەحمەد وەك سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات كاری دەكرد، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، روویكردە شاخ و لە رووی سیاسییەوە شۆڕشەكەی بەڕێوەبردووە، پاش هەرەسی شۆڕشەكە، روودەكاتە هەندەران و زۆربەی ژیانی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا گوزەراندووە.

ژیانی ئەدەبی و رۆژنامەوانی

ئیبراهیم ئەحمەد هەر لە سەرەتای ژیانییەوە دەستی داوەتە كاری نووسین و رۆژنامەوانی، لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە رۆژنامەی "ژیان" كاریكردووە و نۆبەرەی نوسینەكانی لەوێ بڵاوكردووەتەوە.

لە ساڵی 1939 بۆ ساڵی 1949 لەگەڵ مامۆستا عەلائەدین سەجادی گۆڤاری "گەلاوێژ"‌ دەردەكەن، هەر بۆیە ناچار دەبێت لە ساڵی 1944 دەست لە كاری میریی هەڵبگرێت.

پاش سەركەوتنی شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958، مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی چەند ژمارەیەكی گۆڤاری رزگاری پێبەخشرا و هاوكات بەرپرسیارێتی رۆژنامەی خەبات-یشی دەكرد.

ئیبراهیم ئەحمەد بێجگە لەو رۆژنامانەش، خاوەنی رۆژنامەی "كوردستان" بوو، كە هەڤاڵ مام جەلال سەرنووسەری بووە.

ساڵی 1961 بەهۆی بڵاوكردنەوەی وتارێكی بە رووی دەسەڵاتدارانی عیراقدا، خەبات و كوردستان داخران و فەرمانی زیندانیكردنیش بۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەرچوو.

لە بواری ئەدەبیشدا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد-ی نووسەر و پارێزەر، چەندین كاری بەنرخی نووسیوە، ئەویش بە چەند شاكارێكی بە نرخ وەك "ژانی گەل"، "كوێرەوەری"، "دوا تیری كەوان" و چەند بەرهەمێكی ناوازەی دیكە.

نامیلكەی "الاكراد و العرب"-یش كە لەساڵی 1937 بە عەرەبی نووسیوێتی، هەوڵێك بووە بۆ رێكخستنی پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب لە عیراقدا.


ماڵئاوایی یەكجارەكی

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دوای خەبات و تێكۆشانێكی نەپساوە لەپێناو مافە رەواكانی گەلی كورد، ئێوارەی 8-4-2000 لە تەمەنی 86 ساڵیدا لە شاری لەندەن كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی گەڕێندرایەوە بۆ‌ شاری سلێمانی و لە رێوڕەسمێكی گەورەدا كە شایستەی زیاتر لە نیو سەدەی خەبات و كۆششی ئەو كەسایەتییە بوو، لە زێدی خۆی لە سلێمانی بە خاكسپێردرا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket