riklam

عه‌بدوڵڵا میروه‌یس له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك جێی رێبوار ته‌ها ده‌گرێته‌وه‌

کوردستان 06:45 PM - 2024-08-11
 رێبوار ته‌ها و عه‌بدوڵڵا میروه‌یس  PUKMEDIA

رێبوار ته‌ها و عه‌بدوڵڵا میروه‌یس

كەركوك

له‌دوای هه‌ڵبژاردنی رێبوار ته‌ها به‌پارێزگاری كه‌ركوك، كاندیدێكی دیكه‌ی هاوپه‌یمانی كه‌ركوك هێزو ئیراده‌مانه‌ جێگه‌ی رێبوار ته‌ها له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌گرێته‌وه‌.

عه‌لی شوانی لێپرسراوی به‌شی كارگێڕ‌ی و هه‌ڵبژاردن له‌ مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتی PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" له‌جێی رێبوار ته‌ها كه‌بووه‌ته‌ پارێزگاری كه‌ركوك، كاندیدێكی دیكه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ به‌ناوی (عه‌بدوڵڵا میروه‌یس) جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌و بڕ‌یاره‌ له‌دانیشتنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌دا وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن سوێندی یاسایی بخوات".

" عه‌بدوڵڵا میروه‌یس كاندیدی ژماره‌ 9 له‌هاوپه‌یمانی كه‌ركوك هێزو ئیراده‌مانه‌ به‌پێی ریزبه‌ندی ده‌نگه‌كان كه‌ خاوه‌نی 4789 ده‌نگه‌ ده‌چێته‌ شوێنی رێبوار ته‌ها و ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك" عه‌لی شوانی واده‌ڵێت.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ راوێژكاری یاسایی PUKMEDIA ده‌ڵێت:"به‌پێی یاساو پره‌نسیپی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان ناكرێت كه‌سێك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن بێت و له‌هه‌مانكاتیشدا پۆستی پارێزگاری هه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌و كاندیده‌ی یه‌كێتی جێگه‌ی رێبوار ته‌ها پارێزگاری نوێی كه‌ركوك له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پڕ‌ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ 10ی ئابی 2024ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك دا كه‌ له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا رێبوار ته‌ها وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك له‌پشكی كورد هه‌ڵبژێردراو هه‌روه‌ها محه‌مه‌د حافز له‌پشكی عه‌ره‌ب به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هه‌ڵبژێردرا.

هاوپه‌یمانی كه‌ركوك هێزو ئیراده‌مانه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراقدا له‌پارێزگای كه‌ركوك توانی به‌ به‌ده‌ستهێنانی پێنج كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ زۆرترین ده‌نگی پارێزگاكه‌ به‌ده‌ستبهێنێت و پارێزگاری شاره‌كه‌ بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات. 

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket