riklam

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: وردبینی لەخشتەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان تەواوبووە

کوردستان 11:31 AM - 2024-05-24
دراوی عیراقی PUKMEDIA

دراوی عیراقی

مووچە

 پشتبەست بە بڕگەی دووەم لە مادەی 77ی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024، 2025،پرۆژە یاسای هەموواری یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 بەمەبەستی پەسەندکردنی گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵیت:" لیژنەکەمان بۆ گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە خشتەکانی داهات و خەرجییەکان و ئامادەکردنی بۆ پەسەندکردنی لەئەنجومەنی نوێنەران دوو دانیشتنی ئەنجامداوە و هۆکارێکی دواخستنی پشووی پەرلەمانیش هەر بۆ ئەوە بوو"، دەشڵێت:" وردبینی لەخشتەی مووچەی هیزە ئەمنییەکان تەواوبووە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەکانیان دەگات".

 

قەبارەی بودجەی ئەمساڵ لە ساڵی پار زیاترە

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:" پێش کۆتایهاتنی وەرزی یەکەمی یاسادانی ماوە درێژکراوەی پەرلەمان پێویستە پرۆژە یاسای هەموواری یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024، پەسند بکرێت و وەک لیژنەی دارایش دوو دانیشتنمان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام داوە".

" قەبارەی بودجەی ئەمساڵ نزیکەی 211 ترلیۆن دینارە و بە 13 ترلیۆن دینار لە بودجەی ساڵی پار زیاترە، بەڵام هاوشێوەی ساڵی 2023 رێژەی خەرجی بەکارخستن نزیکەی 74٪ی بودجەیە، نزیکەی لە 26٪ی بودجەش کە دەمێنێتەوە تەرخانکراوە بۆ خەرجی بواری وەبەرهێنان"، د.نەرمین مەعروف وایوت.

مووچەی هیزە ئەمنییەکان دابەشدەکرێت

دوای راگەیاندنی خشتەی مووچەی مانگی ٤ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەبێ مووچەی هێزە ئەمنییەکان و ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ، تا ئێستا مووچەی ئەو هێزانەی ناویان لەخشتەکەدا نەبووە نەنێردراوە، د.نەرمین مەعروف دەڵێت:" سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش دەگات".

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:" بەپێی بەدواداچونەکانمان لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە وردبینی بۆ خشتەی مووچەی هیزە ئەمنییەکان کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزیری دارایی لەدەرەوەیە، تا ئێستا ئیمزا نەکراوە و ئەوەش هۆکاری دواکەوتنەکەیەتی".

" چاوەڕواندەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو بەشەی هێزە ئەمنییەکانیش کە ماون رەوانەی هەرێم بکرێت"، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی وایوت.

د.نەرمین مەعروف: داواکاری خانەنشینان بەجێیە

لەچەند رۆژی رابردوودا وەفدێکی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ خانەنشینانی عیراق و چەند داواکارییەکی دیکە، سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق کۆبوونەوە، ئەندامێکی لیژنەی دارایش دەڵێت:" داواکارییەکەی خانەنشینانی هەرێم رەوایە و پشتگیرییان دەکەین".

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:" لەساڵی 2022 و لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دادگای فیدراڵی ژمارەیەک بڕیاری تایبەت بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و عیراقی دەرکرد، بەڵام تائێستا لە هەرێمی کوردستان کاری بۆ ناکرێت".

"داواکاری خانەنشینانی هەرێم رەوایە و لەئێستادا وەفدێک لە بەغدان بەمەبەستی پێدانی راپۆرتی زانیاری و داتا و داواکارییەکانی خانەنشینانی کوردستان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئێمەش وەکو لیژنەی دارایی پاڵپشتیان دەبین تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان". د.نەرمین مەعروف وایوت.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، کەمترین مووچە لە هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار دەبێت، لە عیراق 500 هەزار دینارە، جگە لەوەی لە عیراق 100 هەزار دیکەیان بەناوی گرانیی بژیوی پێدەدرێت، هاوکات بەشێک لەهیزە ئەمنییەکان لەهەرێم نزیکەی 50 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و ناویان لەو خشتەیەشدا نییە کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە.



PUKMEDIA




ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket