riklam

ئاگر زیانی ملیۆنان دۆلار لە كاسبكارانی هەولێر دەدات

کوردستان 12:17 PM - 2024-05-06
ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر PUKMEDIA

ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر

هەولێر

ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەری هەولێر، ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکانی لە پارێزگاکە گەیاندە 330 رووداو لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، کە بەشی زۆری زیانی رووداوەکان بەر کاسبکاران کەوتوون و لەو ژمارەیەش چوار ئاگری گەورەیان لە بازاڕەکانی هەولێر بوون ، کە بەپێی بەدواداچوونێکی PUKMEDIA زیانەکان بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێن".

بەهۆی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر، نزیکەی 400 دوکان سوتان، ئەمە جگەلەوەی چەندین دوکانی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە و زیانەکان بە چەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن.

قائیمقامی هه‌ولێر بۆ كاسبكاران: دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌دوكانی په‌رده‌

شەوی رابروو جارێکی دیکە ئاگر لە یەکێك لە بازاڕە گەورەکانی هەولێر کەوتەوە و سەدان دوکان زیانیان بەرکەوت، قائیمقامی شارەکەش دەڵێت: "هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە دیارنییە و تەشەنەکردنی ئاگرەکەش بەهۆی بوونی دوکانی پەردەوە بوو لە بازاڕی قەیسەری هەولێر ".

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر له‌گۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:"لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كه‌ی  سوتانی بازاڕ‌ی قه‌یسه‌ری به‌رده‌وامیی هه‌یه‌و هۆكاری ته‌شه‌نه‌كردنی ئاگره‌كه‌ش هه‌بوونی دوكانه‌كانی په‌رده‌بووه‌ كه‌ زۆر زوو ئاگره‌كه‌ی ته‌شه‌نه‌پێكردوه‌و به‌ئه‌سته‌م بۆمان كۆنترۆڵكرا، بۆیه‌ داوایان لێده‌كه‌م دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌په‌رده‌".

قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر  راشیگەیاند: "هۆكاری دروتسبوونی ئاگره‌كه‌ دیار نییه‌و ئه‌گه‌ر پێویست بوو هۆكاری ئاگره‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نین". هاوکات بەپێی بەدواداچوونێکی PUKMEDIA بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی 400 دوکان سوتاون و ژمارەیەک دوکانی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە کە زیانەکان بە چەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن کە لە کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری کەوتووە.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 650 دوکان سوتاون

لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی شێخەڵڵا و لەنگە و قەیسەری و ناوچەی پیشەسازی باکوور کەوتوونەتەوە، کە نزیکەی 650 دوکان سوتاون و زیاتر لە 1000 دوکانیش زیانیان بەرکەوتووە.

لەمساڵدا دووجار ئاگر لە بازاڕی لەنگەری هەولێر کەوتووەتەوە کە بازاڕێکی گەورەیە، هەروەها ئاگر لە کۆگاکانی ناوچەی پیشەسازی باکوور کەوتووەتەوە، نوێترین ئاگریش لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بووە.

رۆژی 17ی 2ی 2024 ئاگر لە دوکانێکی بازاڕاری رووناکی کەوتەوە و تەواوی دوکانەکە سوتا، لە هەمان مانگدا لە رۆژی 23ی 2 دا، ئاگر لە چەند کۆگایەکی ناوچەی پیشەسازی باکوور کەوتەوە و زیانی زۆر بە خاوەن کۆگاکان گەیشت، هەروەها رۆژی 27ی 2 ئاگرێکی گەورە  لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە کە بەهۆیەوە 166 دوکان سوتا، دواتریش لە رۆژی 9ی 3 دا کۆگایەکی نزیک ناوچەی پیشەسازی باکور سوتا، ئەمەش لەکاتێکدایە لە رۆژانی 13 و 27ی 3ی 2024 لە دوو رووداوی جیادا چەند دوکانێکی بازاڕی فەرمانبەران و چوار کۆگا نزیک لە قوشتەپە سوتان، دواتریش لە رۆژی 8ی 4ی 2024 دا جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوە و 48 دوکان سوتان، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر دوکانیش زیانیان بەرکەوت، هەر لە مانگی نیساندا و لە 23ی ئەو مانگەدا، ئاگر لە چەند دوکانێکی بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر کەوتەوە، نوێترین ئاگریش، ئاگرەکەی شەوی رابردوی 5ی 5ی 2024 بوو لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کە بەهۆیەوە نزیکەی 400 دوکان سوتان.

لە ساڵی 2024 دا ئاگرەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی بەرگری شارستانی هەولێر ژمارەیان نزیکەی 330 ئاگرە، کۆچەر عەبدوڵڵاش کە بەڕێوەبەری هونەری بەرگری شارستانی هەولێرە، دەڵێت: "80٪ تا 90٪ـی کەمتەرخەمی لە هاووڵاتیەنەوەیە و کەمتەرخەمن لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی بەرگری شارستانی".

کاسبکاران قەرەبوو نەکراونەتەوە

بەپێی بەدواداچوونەکانی PUKMEDIA لەو ئاگرانەی لە ئەمساڵدا روویانداوە و کاسبکاران لە هەولێر لێی زەرەرمەند بوون، تائێستا هیچ قەرەبوویەکیان بۆ نەکراوەتەوە، کە زیانەکانیان بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت، هاوکات کاسبکاران گومانیان لە کەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕەکانیان هەیە و پێیان وایە به‌مه‌به‌ست ئاگر له‌ بازاڕه‌كانیان به‌رده‌درێت، چونکە چاوی کەسی دەستڕۆشتوی لەسەرە و دەیانەوێت ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وییه‌كاندا بگرن.

بایز سدیقی ته‌مه‌ن 45 ساڵ كه‌ شاگرده‌ له‌ دوكانێكی فرۆشتنی پێڵاوی ئه‌وروپی به‌كارنه‌هاتووی بازاڕ‌ی لەنگە دا سەبارەت بە دروستبوونی ئاگر لە بازڕەکان به‌ PUKMEDIA  ی راگەیاند: "زۆربه‌ی دوكانداره‌كان گومانیان هه‌یه‌ و قسه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست ئاگر له‌بازاڕه‌کان به‌ربدرێت كه‌ له‌ ئاگره‌كه‌ی پێشووی بازاڕی لەنگەدا زیاتر له‌ 800 دوكان زیانیان به‌ركه‌وت ".

بەشێک لە شوێنەکان چەندین جارە ئاگرکەوتنەوە تێیاندا روودەدات

هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی هەولێر زۆربەیان بە نادیاری ماونەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێك لە شوێنەکان چەندین جارە رووداوی ئاگرکەوتنەوە تێیاندا روودەدات، یەکێک لەو شوێنانە بازاڕی لەنگەی هەولێرە کە لەماوەی ئەمساڵدا دووجار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تێیدا روویداوە، لە ساڵەکانی رابردووشدا بە هەمان شێوە بووە و لە رۆژی 5ی 8ی 2018 بەهۆی ئاگرەوە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر 300 دوکان سوتان و زیانەکەشی بە 10 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرا.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket