ئەنفال تاوان و جینۆساید لەبەردەم ویژدانی مرۆڤایەتیدا
کوردستان 03:36 PM - 2024-04-13تاوانی ئەنفال
36 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تاوانی ئەنفالدا، كە پڕۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعس بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی مۆركی نەتەوایەتی كورد و لەناوبردنی گشت شوێنەوارێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی كۆمەڵگەی كوردەواری، بەڵام سەرئەنجام تاوانبارانی ئەنفال لەسەر كەیسی جینۆساید و كارە نامرۆڤانەكانیان بەرامبەر بە گەلی كورد خرانە قەفەسی دادگاییەوە و سزای یاسایی دران.
قۆناغی یەكەمی پڕۆسەی ئەنفال
لە (23 /2 تا 18 / 3 / 1988)
سنووری پەلاماری ئەنفالی یەك بریتی بوو لە )دوكان، بنگرد، زێی بچوك، ماوەت، چوارتا، ئەزمەر سلێمانی سوسێ، سورداش)ـی سەر بەپارێزگای سلێمانی دەستی پێكرد، لەسەعات 1:30 خولەك بۆ 2ی شەوی 23 ی شوبات بو كە خەڵكی یاخسەمەرو سەرگەڵو بەرگەڵو لەتاریكی و باراندا بەدەنگی ناڵەو زرمەی راجیمە بەئاگاهاتنەوە، ئەم بۆردومانە بە هەموو نیاز و مەبەستێك، بەیەكەم تەقەی پەلاماری ئەنفال دەژمێردرێت.
دوای نزیكەی یەك مانگ لە شەڕو پێكدانان و روبەڕوبوونەوەی سەخت لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق لە رۆژی 18 / 3/ 1988 یەكەكانی سوپا رژانە ناو سەرگەڵو بەرگەڵو لە رۆژی 19 / 3 / 1988 دا بە بەیانی ژمارە (3087) لەهەمو دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیەوە گیرانی بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتی وەكو مژدەیەك بڵاو كردەوە.
قۆناغی دووەمی پڕۆسەی ئەنفال
لە 22/3 تا 1/ 4/ 1988
قۆناغی دوەمی ئەنفال بۆسەر ناوچەكانی (قەرەداغ، بازیان، دەربەندیخان) بوو، وەكو نەریتی خۆی رژێم سەرەتای هەر قۆناغێكی ئەنفال بە هێرشی كیمیاوی دەستی پێدەكرد، بۆیە ( 6 ) رۆژ دوای كارەساتی هەڵەبجە لە 22/ 3 / 1988 گوندی (سێوسێنان) بەسەختیو بە شێوازی بەعسیانە درایە بەر كیمیاوی. بۆیە ئەم چەكە بوو بەسامناكترین چەك كە دژی كورد بەكار بهێنرێت، ئەم هێرشە بە دەستپێكی قۆناغی دوەمی ئەنفال دائەنرێ، لەئەنجامی ئەم كیمیابارانەدا وێڕای زیانێكی ماددی زۆر، بوو بەهۆی شەهید بوونی زیاد لە (66) كەس و بریندار بوونی دەیانی تر لە ناو شەهیدەكاندا (30)یان مناڵ بوون. پاش ئەوەی رژێم ئەم ناوچەیەی داگیر كردبوو سەرجەم گوندەكانی ئەم ناوچەیەی روخاند كە نزیكەی (80) گوندو (2241) خانو كە (12254) كەس لەم ناوچەیەدا دەیان، نزیكەی (5637) كەس بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن و سەرنگوم كران.
پاش روخان و گشت گوندەكانی ئەم ناوچەیە ئەنفالی دوو لە 1 ی نیسانی 1988 كۆتایی ئەم شاڵاوەش هات.
قۆناغی سێیەمی ئەنفال
7/ 4تا 20 / 4 / 1988
ئەم قۆناغەی ئەنفال بە پڕ زیانترین و ترسناكترین پڕۆسەی ئەنفال دادەنرێت كە زۆرترین مرۆڤی كوردی تیادا ئەنفالكرا، سنووری ئەم ناوچەیە لە رۆژئاواوە شاڕێی نێوان شاری پڕنەوتی كەركوك و شارۆچكەی دوزخورماتووە، لە باكورەوە رێگای كەركوك – چەمچەماڵ، لەلای رۆژهەڵاتەوە چیاكانی قەرەداغ و لە باشوریشەوە هەرسێ شارۆچكەی كەلار، كفری، پێبازە ئەم هێرشە بەكاریگەرترین و كوشندەترین و بەزیانترین هەڵمەت دادەنرێت ئەمیش بۆسەر ناوچەكانی (چەمچەماڵ، سەنگاو، قادركەرەم، دوز، كفری، كەلار، بێباز، تیلەكۆ)، ئەم ناوچانە سەر بەهەرسێ پارێزگای (كەركوك، سلێمانی، دیالا) بوون، ئەمیش فراوانترین هێرشی ئەنفال بو كە پتر لە (500) گوندی گرتەوە سەرەڕای تەختكردنی 4 ناحیە. لە رۆژی (14 / 4/ 1988) لوتكەی هێرشی ئەنفال بوو، لەم رۆژەدا بەپێی خەمڵاندنی (كۆمیتەی بەرگریكردن لە مافی قوربانیانی ئەنفال) نزیكەی (20) هەزار لە ژن و پیاو و پیرو مناڵ كۆكرانەوە و بەئیڤای سەربازی و تراكتۆری گوندنشینەكان رەوانەی قەڵا سەربازییەكەی (قورەتو) كران و لەوێشەوە بەرەو چارەنووسی نادیار رۆیشتن، هەر بۆیە ئەم رۆژە كرا بەرۆژی (ئەنفالەكان).
ئەم هێرشەی قۆناغی سێیەم لە رۆژی 20 / 4 / 1988 كۆتایی هات و یەك گوند لە گەرمیاندا بە پێوە نەماو روخێندرا، خەڵكەكەشی بەزۆری لەقادركەرەم كۆكرانەوە و پاش تەواوبوونی ئەم قۆناغە (عەلی حەسەن مەجید و بارق و سوڵتان هاشم) هاتن بۆ سەیری ئەو گیراوانەی كە لە قادر كەرەم كۆكرابوونەوە، چەند رۆژێك تەلەفیزیۆنەكانی رژێم پیشانی دەدان .
قۆناغی چوارەمی ئەنفال
لە 3 / 5 تا 15/ 5 / 1988
ئەنفالی چوار بۆسەر ناوچەكانی دۆڵی زێی بچوك و دەشتی كۆیەو ئاغجەلەرو تەقتەق و شوان و بوو. ئەنفالی چوار لە رۆژی 3/5/1988 بە كیمیایبارانكردنی خەستی گوندی گۆپتەپەو عەسكەری سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر دەستی پێكرد، ئەو بۆمبارانە كیمیاویە بووە هۆی كوشتنی 154 كەس و برینداربوونی سەدان كەسی دیكە.
سوپا لەرۆژی 15/5 سەرجەم گوندەكانی ئەم ناوچەیەی روخاند و ئەم قۆناغەی ئەنفالیش كۆتایی هات.
قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی ئەنفال
لە 15 / 5 تا 26 / 8 / 1988
قۆناغەكانی (پێنجەم و شەشەم و حەوتەم)ی ئەنفال، بۆسەر دۆڵی نێو چیاكانی (شەقڵاوە و رەواندوز) بوو لەرۆژی 15ی مایس دەستی پێكرد، ئەم پەلامارەش بەسەرپەرشتی فەرماندەی فەیلەقی (5)و سەرپەرشتیاری ئەم قۆناغەی ئەنفال (یونس محەمەد زەرب بوو)، سەرەتای ئەم پەلامارەش هەروەكو سەرجەم پەلامارەكانی دی رژێم بەهێرشی كیمیاوی دەستیپێكرد، رۆژی 15 / 5 / 1988 دوا روژی رەمەزان بوو خەڵكی خۆیان بۆ جەژنی رەمەزان ئامادەكردبوو چەند فڕۆكەیەك كەوتنە كیمیابارانكردنی گوندەكانی (وەرە، عەلی یاوا، سماقولی، نازەنین) لەم پەلامارەدا لە گوندی وەرە (36) كەس شەهید بون (17)پیاوو (19)ئافرەت .
قۆناغی هەشتەم و كۆتایی ئەنفال
26 / 8 تا 6 / 9 / 1988
سنووری پەلاماری قۆناغی هەشتی ئەنفال بریتی بوو لە: دهۆك، زاخۆ، باتوفە، كانی ماسێ، زێوە، دێرەلوك، ئەتروش و زاوێتە. لەدوای وەستانی شەڕی نێوان عیراق ئێران لە 8/8/1988 سوپای عیراق تەواوی هێزەكانی لە ناوچە سنوورییەكان كشاندەوە بۆ بەرەكانی ئەنفال، كە لەوكاتەدا 7 قۆناغی ئەنفال كۆتایی هاتبوو تەنها قۆناغی هەشتەمی ئەنفال مابوو، قۆناغی هەشتەمی شاڵاوی ئەنفال بۆسەر دەڤەری بادینانی سنووری توركیا بوو.
سەرەتای هێرشەكەش بۆ چاوترساندنی خەڵكە بە كیمیابارانكردن دەستی پێكرد، پاش كیمیابارانێكی خەست رژیم هێرشی زەمینی لەرۆژی 28 / 8 / 1988 دەستی پێكرد، ئەم شاڵاوە لە رۆژئاواوە لەزاخۆوە تا ئامێدی درێژبوەوە لە باشورو رۆژهەڵاتیشەوە شێخان و ئاكرێی گرتەوە .
پاش روخانی سەرجەم گوندەكانی ئەم ناوچەیە لە رۆژی 6 / 9 خاتمەی ئەنفال راگەیەندرا و هەربە بۆنەیەشەوە لێبوردنی گشتی راگەیەندرا.
زیانەكانی پڕۆسەی ئەنفال
پڕۆسەی ئەنفال بووە هۆی وێران كردنی نزیكەی (4)هەزار گوندو، (4)قەزا، (30) ناحیە، ( 3100)مزگەوت و (100)كڵێسا، لەڕوی ژەڵدارییەوە بووە هۆی بەتاڵان بردنی (2)ملیۆن سەر مەڕو ماڵات و ئاژەڵ.
ئەنفال جگە لەو زیانانەی سەرەوە كارەساتێكی ژینگەیی ئایكۆلۆژی گەورە بوو كە بووە هۆی شێواندنی رواڵەتی ئاژەڵداری و روەكی ناوچەكەو بووە هۆی لەناوبردنی روبەرێكی فراوان لە باخ و رەزو چەم و چنار كە هاوسەنگی ژینگە لاسەنگ دەكات.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سالار مەحمود: ماف بۆ مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش دەگەڕێنینەوە
05:13 PM - 2024-09-20 -
وەفدێکی باڵای یەکێتیی بەشداری یادی دامەزاندنی کۆماری چین دەکات
11:02 AM - 2024-09-20 -
بەهەوڵی فراکسیۆنی یەکێتی هاوردەکردنی تەماتە قەدەغەدەکرێت
03:09 PM - 2024-09-19 -
فەهمی بورهان: سەرژمێری دوردەبێت لەمەرامی سیاسی
02:56 PM - 2024-09-19
ئەمانەش ببینە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 8 ملیار دینارە
09:03 AM - 2024-09-20
یهكێتی بهكاندیدی گهنج و خاوهن بڕوانامهوه دهچێته ههڵبژاردنهوه
05:54 PM - 2024-09-19
كۆمسیۆن بۆ دیاریكردنی وادەی دەستپێكردنی بانگەشە كۆدەبێتەوە
01:50 PM - 2024-09-19
١١ مامۆستای زانكۆی سلێمانی ناویان دهچێته ناو توێژهرانی جیهانهوه
12:43 PM - 2024-09-19
زۆرترین خوێنراو
-
سالار مەحمود: ماف بۆ مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش دەگەڕێنینەوە
کوردستان 05:13 PM - 2024-09-20 -
ئاسایش تۆمەتبارانی تەقەکردنەکەی سلێمانی دەستگیردەکات
کوردستان 11:10 AM - 2024-09-20 -
وەفدێکی باڵای یەکێتیی بەشداری یادی دامەزاندنی کۆماری چین دەکات
کوردستان 11:02 AM - 2024-09-20 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 8 ملیار دینارە
کوردستان 09:03 AM - 2024-09-20