riklam

چارەسەری کێشەی مووچە هەوڵی کرداری یەکێتی بووە

کوردستان 05:44 PM - 2024-04-04
 لۆگۆی یەکێتی و پارە PUKMEDIA

لۆگۆی یەکێتی و پارە

مووچە یەکێتی سەرۆک بافڵ

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام بەکردار هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی لەبەغدا داوەو بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی سەرۆک وەزیرانی عیراق و لایەنە سیاسییەکانی کردوەو داوای کردوە "مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە".

 

سەرۆک بافڵ: مووچەی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان دوربخرێتەوە

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەردانەکانیدا بۆ بەغداو لە کۆبونەوەکانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عیراق و لایەنەکان تەئکیدی لە چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە گەڕانەوە بۆ دەستوور کردوەتەوەو داوایکردووە: "مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان دوربخرێتەوەو پێویستە ژیان و گوزەرانی خەڵك كاری لەپێشینەی حكومەت بێت و هەموولایەكیش هاوكار و هەماهەنگبن لەو پێناوەدا".


هاوکات لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەت، لە رابردوودا چەندینجار سەردانی بەغدای کردوەو هەوڵی چارەسەرکردنی مووچە و بودجەی  خەڵکی هەرێمی کوردستانی داوە، لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵەکانی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوام بوەو لەدواکۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق داوای چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمیان کرد.

 

فراکسیۆنی یەکێتی داوای چارەسەری کێشەی مووچەیان لەسودانی کرد

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە دوا کۆبونەوەمان وەک فراکسیۆن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق داوامانکرد کە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزێتەوە".

 

"لەبەرامبەردا سەرۆک وەزیران بەڵێنی پێداین ئەو کێشانە چارەسەر بکات و سوپاس بۆ خوا لە ئێستادا هەوڵەکانی یەکێتی بەرەو ئامانج هەنگاوی ناوەو وەک فراکسیۆنی یەکێتی بەردەوام دەبین لەئەرکەکەمان بۆ بەرگریکردن لە شایستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان"، د. بڕیار رەشید وای وت.

 

د.نەرمین مەعروف: دەیسەلمێنم یەکێتی کێشەی مووچەی چارەسەرکردووە

 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە چەند خاڵێک دەیسەلمێنێت کە یەکێتی کێشەی مووچەی چارەسەر کردووە و دەڵێت:"تیمی وەزاری و فراکسیۆنی یەکێتی بوو سەرەتای هەفتەی رابردوو لە دیدارمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیران داوامان لێکرد تا یەکلابوونەوەی پرسی (تەوتین) ناردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتوو بە کاش بەردەوام بێت، بەسوپاسێکی زۆرەوە داواکەمانی قبوڵکرد".

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:" بە چەند خاڵێک دەیسەلمێنم سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە لەخەمی قووت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا بووە و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم دواییەی مووچەش لەلایەن تیمی وەزاری یەکێتییەوە بووە".

خاڵەکانیش ئەمانەن:

- چارەسەرکردنی قەیرانی چەندساڵەی مووچە و بودجەی هەرێم لە بنەڕەتدا دروشم و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

 

- لە دوو ساڵی رابردوودا پێداگری بۆ چارەسەری ریشەیی پرسی مووچە تەوەری سەرەکی و کاری لەپێشینەی سەرۆک بافڵ بووە لە هەموو سەردان و گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردەوە هێزە سیاسییەکاندا لە بەغدا.

 

- پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە هەر بڕە پارەیەک کە دێتە هەرێم پێشنیازی تیمی وەزاری و فراکسیۆنی یەکێتی بوو لە بەغدا کە پارساڵ لەبڕگەی 8ی مادەی 13ی بودجەی 2023 جێگیرکرا. 

 

- هەر ئێمەبووین لە شەش مانگی رابردوودا شەو و رۆژمان خستەسەر یەک لە بەغدا بە رۆژانی جەژن و پشووەکانیشەوە لە هەوڵدابووین بۆ ئەوەی مووچە بخەینەسەر خەرجی حاکیمە و بەدەریبکەین لە گشت پابەندییەکانی سەر هەرێم و بەدووری بکەین لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە شایەتی بەڕێز وەزیری دارایی فیدڕاڵ.

 

- لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە مانگی شوبات بۆ پابەندکردنی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بە زامنکردنی مووچەی مووچەخۆران، هەر یەکێتی بوو بە پێشوازیکردنی لە بڕیاری دادگا پشتیوانی خۆی بۆ مافی مووچەخۆران دووپاتکردەوە.

 

- لەدوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ مووچەی مانگی شوبات ئێمەبووین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان پێشنیازمانکرد کار بەو کۆدی بایۆمێتریانە  بکرێت کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بەڕێز کاک قوباد لە پڕۆژەیەکی گشتگیردا لە هەرێم جێبەجێیکرد، بەهۆیەوە بەغدا رازیبوو مووچەی ئەو هێزانە خەرجبکات.

 

- تیمی وەزاری و فراکسیۆنی یەکێتی بوو سەرەتای هەفتەی رابردوو لە دیدارمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیران داوامان لێکرد تا یەکلابوونەوەی پرسی (تەوتین) ناردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتوو بە کاش بەردەوام بێت، بەسوپاسێکی زۆرەوە داواکەمانی قبوڵکرد.

 

-  بۆ لەمەودواش وەک رابردوو تا زامنکردنی مووچە و قوتی هاووڵاتیان لە تەواوی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوودا، تا جێکردنەوە و جێگیرکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە ژمارە و پارە لە هەمواری یاسای بودجە 2024  کۆڵنادەین و هەوڵەکانمان بەردوامە.   

 

ئامانجی یەکێتی چارەسەری کێشەی مووچە بووە

 

لەهەموو هەنگاوێکی دا لە ناوخۆ و عیراق یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران هەوڵی داوەو لەو پێناوەشدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عیراق پێداگری کردووە.

 

رابیحە حەمەد لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە وێبسایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاند: "سەردان و پێداگری سەرۆکی یەکێتی لە کۆبونەوەکانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرکردەی لایەنە عیراقییەکان سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە یەکێتی بەردەوام هەوڵی داوە کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکات، کەبەخۆشحاڵییەوە لەئەمڕۆدا بەشێک لە ئامانجەکانی یەکێتی لەبارەی مووچەوە بەئەنجام گەیشتووە".

 

"بەنیشتمانیکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لەچوارچێوەی هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوەو خەڵکی هەرێمی کوردستان باش دەزانن کە جگە لەیەکێتی هیچ حزبێکی دیکە بۆ مووچە هیچ سەردانێکی رەسمی لە بەغدا ئەنجامنەداوە"، رابیحە حەمەد وای وت.

 

یەکێتی لەبەغداوە هەوڵی چارەسەری مووچەی داوە

 

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیشتر بە PUKMEDIA ی راگەیاندبوو: "لەچەند ساڵی رابردوودا کە کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان هەبووە بە تایبەت لە دوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە یەکێتی هەوڵەکانی لەگەڵ بەغدا خستەگەڕ بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم لەو قەیرانە داراییە رزگار بکات کەتێی کەوتبوو".

 

"لەگەڵ بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بۆ مووچە سەرۆک بافڵ لەبەغدا بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە گشتی، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی حکومی و فراکسیۆنەکەشمان لە نوێنەران کاریان کردوە بۆ ئەوەی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان دوربخەنەوە" سەعدی پیرە وای وت.

 

هەنگاوەکانی یەکێتی بە ئاڕاستەی چارەسەربوە

 

لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا راشیگەیاند: "یەکێتی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ حزب و لایەنەکان لەبەغدا لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێم بەکارهێناوەو لەو چوارچێوەیەشدا توانیویەتی هەنگاوەکانی بەهەند وەربگیرێت و کاری پێبکرێت، کەبێگومان لەسەر دەستی سەرۆک بافڵ بووە و بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بووە".

 

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌خێرو بێرو داهاته‌كانی عیراق سوودمه‌ندبن و خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌روه‌ك له‌ پرۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ به‌شداری له‌كابینه‌ی سودانی دا یه‌كێك له‌خاڵه‌كانی ئه‌وه‌بووه‌ كه‌: "نابێت قووتی خه‌ڵكی كوردستان تێكه‌ڵ به‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان بكرێت، هاوكات پێویسته‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر  بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن"، له‌ئێستاشدا كه‌ به‌شێك له‌داواكارییه‌كانی یه‌كێتی جێبه‌جێكراون و هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی داواكارییه‌كان كه‌ سه‌رجه‌میان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و عیراقدایه‌.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket