riklam

یەكێتی و ژمارەیەك حزبی كوردستانی هەڵبژاردنیان دەوێت

کوردستان 10:01 AM - 2024-03-21
ئاڵای كوردستان، دەنگدان PUKMEDIA

ئاڵای كوردستان، دەنگدان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان كوردستان هەڵبژاردن

بەشێكی زۆری لایەنە كوردستانییەكان داوادەكەن هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كە 10ی 6ی 2024ـە ئەنجامبدرێت و هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەو وادەیەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە نییە. 

 

یەكێتی: هەڵبژاردن تاكە رێگای دیموكراسییە

 

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، تەئكیدی لەسەر، "هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی كردەوە كە پێویستە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا و بێ دواكەوتن ئەنجام بدرێت، چونكە تاكە رێگای راست و رەوای نوێكردنەوەی پڕۆسەی دیموكراسی و شەرعییەتی حوكمڕانییە لەوڵاتەكەماندا".
 
"هەر بیانوویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هەبێت، پاشەكشەیە لە كاروانی دیموكراسیی و سەرەنجام شەرعییەتی دامەزراوەكانی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هاوكات هەڵبژاردن قەوارەكەمان لە هەڕەشەو مەترسی دەپارێزێت و تەنها رێگای گەڕانەوەیە بۆ رای كۆمەڵانی خەڵك و دیاریكردنی نوێنەرەكانیان"، هەروەها، "ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی كوردستانی ئازاد بە قوربانیدانی خەڵكی كوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستكردنی دیموكراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای كۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتربكات كە پشتیوانی لە ئەزموونێك دەكات ئازاد و دیموكرات و شەرعی بێت"، لە راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسیدا هاتووە.

 

بزوتنەوەی گۆڕان: پێویستمان بە هەڵبژاردنە

بزوتنەوەی گۆڕان پێی وایە باشترین بژاردە لەبەردەم هەرێمی كوردستان بریتییە لە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا.

بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەداوە: "پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، هەروەها باشترین بژاردە لەبەردەم هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە، بە بەشداری و لێكتێگەیشتنی هەمو لایەنە سیاسییەكان، پێویستە هەڵبژاردنێك ئەنجام بدرێت كە وەڵامگۆی پێداویستییە نیشتمانی، یاسایی، دامەزراوەیی و بەپیرەوەچوونی ژیان و گوزەران و دابینكردنی موچەی فەرمانبەران بێت، لە هەمووی پڕبایەختر لەڕێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی كوردستانەوە نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بۆ داكۆكیكردن لە مافە دەستورییەكانی هەرێم بكرێت".

یەكگرتووی ئیسلامی: هەڵبژاردن پێویستییەكی نیشتمانییە

 

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، هەڵبژاردن بە ئیستحقاقێكی میلی دەزانێت و لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت.


سەبارەت بە هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، وتەبێژی حزبەكە رایگەیاندووە: "ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵبژاردن بە پێویستییەكی نیشتمانی و ئیستحقاقێكی میلی دەزانین و لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت".

 

كۆمەڵی دادگەری: لەمپەر بۆ هەڵبژاردن دروست نەكرێت

كۆمەڵی دادگەری كوردستان داوادەكات هیچ لەمپەر و رێگریەك نەخرێتە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن و لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە راگەیەندراوێكدا هەڵوێستی حزبەكەیان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن دەخاتەڕوو، ئاماژە بەوەدەكات: "لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و  هیوادارین هیچ لەمپەڕو رێگرییەك نەخرێتە بەردەم ئەنجامدانی پڕۆسەكە".

"هەرجۆرە ئینكارییەك كە وەستان بێ لەبەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فدراڵی، هەرێمی كوردستان روبەڕووی قەیرانی زیاتردەكاتەوە و دوورنییە چوارچێوە دەستوری و یاساییەكەی هەرێم لەدەست بدەین"، لە راگەیەندراوەكەی كۆمەڵی دادگەریدا هاتووە.

 

پشتیوانی راگەیەندراوەكەی یەكێتی دەكرێت

 

هاوكات لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا پارتی سەوزی كوردستانی و  بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان پشتیوانی لە راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا.

لەبەیانامەكەیدا پارتی سەوزی كوردستانی رایدەگەیەنێت: "هاوهەڵوێست و پشتیوانی لە ڕاگەیاندراوەكەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەین بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاری كراوی خۆیدا، نابێت چیتر پڕۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان دوابخرێت"، ئاماژەبەوەشدراوە: "لە ئێستادا، گەلەكەمان رووبەڕووی ژیانێكی زۆر قورس بووەتەوە، بۆیە دەبێت هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان بۆ دەربازبوون لە ئەم  دۆخی ئێستادا و گەڕانەوەی مافی دیموكراسی هەڵبژاردنی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی راستەقینەی هاووڵاتیان بێت، لەپەرلەمانی كوردستان".

هەروەها لە بەیاننامەی بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان هاتووە: "پشتیوانی لەبڕیارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەین سەبارەت بەپڕۆسەی هەڵبژاردن، هەڵبژاردن پایەیەكی گرنگە لەبنەماكانی دیموكراسی، ونوێبونەوەو خزمەت كردن بە خاك وگەل و پێشكەوتنی كۆمەڵگا".

 

بزوتنەوەی چاكسازیی نیشتمانی: هەڵبژاردن ئەم دۆخە تێدەپەڕێنێت

بزوتنەوەی چاكسازیی نیشتمانی سەبارەت بەبارودۆخی ئێستای كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لە راگەیەندراوێكدا پشتیوانی بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەكات و ئاماژە بەوەدەكات: "ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و دیموكراتیانە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستای كوردستان زۆر گرنگە".

بۆ جاری چوارەم رۆژی 3-3-2024، سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دەركردو بڕیاریدا كە رۆژی 10-6-2024 پڕۆسەكە بەڕێوەبچێت، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر سێ جار وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریكرابوو، بەڵام بە هۆكاری جیاجیا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا، لە ئێستاشدا لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان داوادەكەن هەڵبژاردنەكە لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و لەوە زیاتر دوانەخرێت.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket