riklam

ئەمڕۆ یادی دەنگە زوڵاڵەکەی ئێزگەیە

کوردستان 10:10 AM - 2024-03-20
 دەنگی گەلی کوردستان PUKMEDIA

دەنگی گەلی کوردستان

سەرۆک مام جەلال یەکێتی

45 ساڵ بەسەر دامەزراندنی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە لە نەورۆزی ساڵی (1979) لە بارودۆخێکی سەختی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەی گەلی کوردستان سەرەتا بە ناوی (دەنگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) دامەزرا، دوای زیاتر لە مانگێک لە ژێر ناوی (دەنگی شۆڕشی عیراق) بەرنامەکانی بڵاوکردەوە و تا ساڵی (1984) هەر بەو ناونیشانە مایەوە، دواتر بەهۆی گۆڕانی دۆخی سیاسی کوردستان و پەیڕەوکردنی دروشم و پرۆگرامی نوێوە، ناوی رادیۆکە بوو بە (دەنگی گەلی کوردستان) و تا ئێستاش هەر هەمان ناوی هەیە.

دەستپێکردنی ئیزگە

لەلایەن سەرۆک مام جەلالەوە بریاڕدرا لە شەوی نەورۆزی ساڵی ١٩٧٩ ، ئیزگەكه‌ بە ناوی (دەنگی شۆڕشی عیراق) دەست بەکار بکات و کاتژمێری شەشی ئێوارە بە وتارێکی مام جەلال پەخش بکرێت، سەرەرای چەند کێشەیەک کە دروسەتبوون، بەڵام رادیۆکە بە قورئان خوێندن و سرودی ئەی رەقیب و سرودی شۆرشگێڕی دەستی بە پەخش کرد.

گرنگی ئیزگەکە

دەنگی گەلی کوردستان لە زەمەن و کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ دا ئامانجی ئەوە بووە هەموو کۆمەڵانی خەڵک بە ئاراستەی شۆڕشگێڕی و خەباتی کوردانە بەرێت وەک لە ساڵی 1991 دا بەڕوونی ئەو ئامانجەی هاتەدی.

لەسەردەمی خەباتی کوردو قۆناغەکانی شۆڕش هۆیەکی پەیوەندی گرنگ بوو بۆ گەیاندنی پەیام و بەرنامە و هەواڵ و زانیارییەکانی شۆڕش بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پەیوەندییەکی راستەوخۆبوو لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و رێکخستنەکان.

هەمیشە جێی متمانەبوو لە هەواڵەکانی بۆ میدیا جیهانییەکان و گرنگییەکی زۆری هەبوو لە جۆشدانی خەباتی پێشمەرگایەتی و جەماوەری و گەیاندنی فیکر و ئاراستەکردنی کۆمەڵانی خەڵک بە شێوەیەکی دروست و هەڵماڵینی سیاسەتی تەعریب و تەبعیس و تەهجیر لە ناوچەکانی کوردستان بە تایبەتی کەرکوک.

لەو سەردەمەدا ئیزگەکە ببووە جێی نیگەرانی و ترسی گەورەی لە دڵی بەعس دروست کردبوو، هەر بۆیە بەردەوام هەوڵی دەدا بێ دەنگی بکات ئەگەر بە خومپارە و کیمیاویش دەستی پێی نەگەیشتبێ ئەوە بە پێشکەوتووترین تەکنیکی پارازێت هەوڵی دەدا تەشویشی بخاتە سەر تا نەگاتە گوێی گوێگرانی، بۆیە میدیاکارانی رادیۆکە چۆن پێشمەرگە لە شەوانی پڕئەستەمدا مەحاڵیان دەکردە واقیع و خەویان لە دوژمن دەزڕاند، ئەوانیش نیوەشەو بۆ خۆپارێزی لە پارازێت بەرنامەی جیاجیایان پەخش دەکرد و کۆمەڵانی خەڵکیش هاوزەمان لەگەڵ کاتەکانا گوێگر بوون.

 

دەنگی هەموو خەڵک بوو

 

دەنگی گەلی کوردستان دەنگی هەموو کۆمەڵانی خەڵک بوو بێ جیاوازی، هەروەها دەنگی گەلی عیراقیش بوو پەیام و بەرنامەکانی ئاراستەکراو بوو بۆ کورد و عەرەب و تورکمان و هەموو پێکهاتەکان، سەرچاوەی گەیاندنی سروودی نیشتمانی و گۆرانی و شیعر و وتار و دەنگی ژنان و ئەدیبان و مامۆستایان ..هتد بوو.

دەنگ و سەداو حەماسەتی و راستگۆیی وایکردبوو ببێتە هێزێکی کاریگەری جۆشدانی راپەڕینی جەماوەر و گرێدانی پێشمەرگە و جەماوەر لە هەموو کاتەکاندا بێ ئاگانەبوون لە هەواڵی شارەکان، لە راپەڕیندا رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان دەنگی راپەڕین و رزگاركردنی سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان بوو.

دیارە رادیۆکە گرنگ و پێویست بوو تا بتوانرێ پرنسیپ و بەرنامەو سیاسەتی (ی .ن.ک) بگەیەنێتە هەموو خەڵکی عێراق و کوردستان ،هەر بۆیە لە وتارێکیدا لە یادی کردنەوەی کەناڵی گەلی کوردستاندا، لەساڵی 2008هەڤاڵ مام جەلال فەرمووی: لە پێشەوە پیرۆزبایی دەکەم لە راگەیاندنی خۆمان و هەموو حزبەکانی تر و خەڵکی کوردستان، تەنیا دەمەوێت یەک شتان بیربهێنمەوە، ئەم راگەیاندنەی ئێمە بە رادیۆیەکی بچووک و دکتۆر خدر و هێسترێک و دوو پێشمەرگە دەستیپێکرد کە بە کۆڵ دەیانگواستەوە، لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر ئەمڕۆ کە هاتم خۆشحاڵبووم بینیم ئەو هەموو ئۆتۆمبیلە لەوێ راوەستاوە، پێمخۆشە کە دەبینم ئێستا سەدان کەس ئەگەر زیاتر نەبێت لە راگەیاندندا کاردەکەن و هیوادارم بەرهەمیان زیاتر بێت.

رادیۆکە ئەمڕۆ بە دەنگ و لەریی ویب تیڤیەوە بە رەنگ دەگاتە بەر گوێ و دیدی بیسەرو بینەران، ئەویش گرنگیەکی خۆی هەیە دەتوانێ لەگەڵ قۆناغەکاندا پەرەی پێ بدرێ لەگەڵ تەکنیک و پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆدا پێش بکەوێت بەهەمان جدییەت و راستگۆیی سەردەمی شاخ و مەدەنیەتی سەردەم بمێنێتەوە و بەردەوام بێت لە داهێنان و پێشکەوتنەکان و پێویستییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket