riklam

حەوت رۆژە مووچە لای حکومەت دەستبەسەرەو یه‌كێتی داوای دابه‌شكردنی ده‌كات

کوردستان 04:50 PM - 2024-03-18
لۆگۆی یەکێتی PUKMEDIA

لۆگۆی یەکێتی

یەکێتی مووچە

زیاتر له‌هه‌فته‌یه‌كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق بڕی 568 ملیار دیناری وه‌ك مووچه‌ بۆ هه‌رێم ناردوه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستیبه‌سه‌ردا گرتووه‌و ئاماده‌نییه‌ دابه‌شی بكات، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 45 رۆژه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، هاوكات له‌دواكۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشدا، تیمی وه‌زاری یه‌كێتی داوایكردوه‌، "به‌و بڕ‌ه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتووه‌ ده‌ستبكرێت به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆران".


وته‌بێژ: له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مووچه‌ین

وەک چۆن لەرابردوو یەکێتی لەهەڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران بووە، لەئێستاشدا داوا دەکات ئەو بڕە پارەیەی لەبەغداوە هاتووەو حکومەتی هەرێم دەستی بەسەرداگرتووە، بەسەر مووچەخۆراندا دابەشبکرێت.

 

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKMEDIA ی رایگه‌یاند:"یه‌كێتی له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆراندایه‌و داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ مووچه‌ هاتووه‌ به‌سه‌ر مووچه‌خۆراندا دابه‌شی بكات".

 

"یه‌كێتی له‌ساڵی 2014 ه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌خۆراندایه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ هه‌وڵیداوه‌، ئێستاش پێمانباشه‌ هه‌رچی زووه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ مووچه‌ هاتووه‌، حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر مووچه‌خۆراندا دابه‌شی بكات، چونكه‌ له‌مانگی ره‌مه‌زانداین و هاووڵاتیان له‌چاوه‌ڕ‌وانیی مووچه‌كانیاندان و پێویستیان پێیه‌تی"، وته‌بێژی یه‌كێتی وایوت.

 

 زیاتر له‌ 45 رۆژه‌ مووچه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌

 

به‌پێی به‌دواداچوونێكی PUKMEDIA، وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 2-2-2024 لیستی مووچه‌ی مانگی یه‌ك ( كانونی دووه‌م) ی راگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 6 رۆژدا مووچه‌ی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی دابه‌شكرد، به‌ڵام له‌و واده‌یه‌ به‌دواوه‌ كه‌ زیاتر له‌ 45 رۆژه‌ تائێستا مووچه‌ی مانگی دوو(شوبات)ی دابه‌شنه‌كردوه‌و ده‌ستی به‌سه‌ر پاره‌كه‌ی به‌غداشدا گرتووه‌ كه‌ بۆ مووچه‌ ناردویه‌تی.

 

مووچه‌خۆران داوای دابه‌شكردنی پاره‌ی عیراق ده‌كه‌ن

 

ماوه‌ی دوو رۆژە بایكۆتی به‌شێك له‌فه‌رمانه‌گه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن مووچه‌خۆرانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌و مووچه‌خۆران داوای دابه‌شكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌به‌غداوه‌ بۆیان هاتووه‌.


تیمی یه‌كێتی له‌حكومه‌ت: لایه‌نێكی سه‌ره‌كی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مووچه‌ نه‌بوون

 

له‌باره‌ی دواكه‌وتنی مووچه‌شه‌وه‌ تیمی وه‌زاری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ حكومه‌ت له‌روونكردنه‌وه‌یه‌كدا بۆ رایگشتی رایده‌گه‌یه‌نێت:"له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، تیمی وه‌زاری یه‌كێتی داوایكردووه‌ به‌و بڕ‌ه‌ پاره‌یه‌ی له‌به‌غداوه‌ هاتووه‌ ده‌ستبكرێت به‌دابه‌شكردنی مووچه‌و هه‌وڵبدرێت داوای ئه‌و به‌شه‌ی تریش له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق بكرێت بۆئه‌وه‌ی بینێرێت".

 

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو: "هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لایه‌نی سه‌ره‌كی حكومه‌ت هه‌بوو دژی ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێمه‌بوون و جگه‌ له‌و راستییه‌ش هه‌رچییه‌ك وترابێت راست نییه‌ و مه‌رام و موزایه‌ده‌ی سیاسی له‌پشته‌".

 

دارایی عیراق داوای لیستی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌كات

 

دارایی عیراق ته‌نها مووچه‌ی ئه‌و توێژو ده‌سته‌و وه‌زاره‌تانه‌ی بۆ هه‌رێم ناردووه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیستی مووچه‌كانیانی بۆ دارایی عیراق ناردووه‌، هاوكات دارایی عیراق داوای لیستی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌كات.

 

رۆژی 11-3-2024 وه‌زاره‌تی دارایی عیراق به‌چوار لیست بڕی 568 ملیار دیناری خسته‌ سه‌ر هه‌ژماری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ د.نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی عیراق به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" وه‌زاره‌تی دارایی عیراق ته‌نها مووچه‌ی ئه‌و توێژانه‌ی ناردوه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیستی مووچه‌كانیانی به‌ لیست بۆ ناردون".

 

"وه‌زاره‌تی دارایی عیراق بۆ ناردنی مووچه‌ی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی هه‌رێم داوای لیستی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی كردوه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم به‌شێك له‌و لیستانه‌ی نه‌ناردوه‌و حكومه‌تی عیراقیش مووچه‌ی ئه‌و توێژانه‌ نانێرێت". د.نه‌رمین مه‌عروف واده‌ڵێت.

 

زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم گیرۆده‌ی بێ مووچه‌ین

 

ماوه‌ی 10 ساڵه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان پێشێلده‌كات و له‌واده‌ی خۆیدا مووچه‌كانیان پێنادات، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیش به‌پشوو درێژییه‌وه‌، درێژه‌ به‌بارودۆخه‌كه‌ ده‌ده‌ن و چاوه‌ڕوانی باشبوونی بارودۆخه‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی مافه‌كانیانن، له‌و واده‌یه‌شه‌وه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی حزب و حكومه‌ت چه‌ندین هه‌وڵی جدی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ ناوه‌و به‌رده‌وامیشه‌ له‌هه‌وڵه‌كانی.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket