riklam

سەرۆکایەتی کۆمار: هەڵەبجە بکرێتە پارێزگایەک لە هەرێم

عیراق 01:16 PM - 2024-03-16
رێوڕەسمی ماتەمینی بۆ قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار

رێوڕەسمی ماتەمینی بۆ قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە

سەرۆککۆمار

بە چاودێری و ئامادەبوونی د. لەتیف رەشید سەرۆكکۆماری عیراق، ئەمڕۆ شەممە 16-3-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی پێشووەوە، سەرۆکایەتی کۆمار رێوڕەسمی ساتێك وەستانی ماتەمینی رێکخست.

لەڕێوڕەسمەکەدا قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆك و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسیەکان لە بەغداد و لێپرسراوانی باڵا و فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی کۆمار و هەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد.

رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سورەتی فاتیحە بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و عیراق دەستیپێکرد، دواتر د.کامیل کەریم دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا جەختیکردەوە، بەئامانجگرتنی هاووڵاتیان لە هەڵەبجە بەچەکی کیمیایی، تاوان و کردەوەیەکی قێزەونە، کە ویژدانی زیندووی مرۆڤایەتی هەژاند و جیهانی بەئاگاهێنایەوە سەبارەت بەڕەفتاری ستەمکاری و خوێنڕێژی و ئەوەی دیکتاتۆریەت ئەنجامی دەدات لە بەکارهێنانی یەکێک لە قێزەونترین چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هاووڵاتیانی سڤیلی کورد.

هەروەها د.دلێمی رایگەیاند: "بەردەوامبوون لە بونیادنانی ئەزموونی دیموکراسی لەدەوڵەتێکی فیدراڵیدا یەکێکە لە گرنگترین وانە پێویستەکان بۆ رێگریکردن لە دوبارەبونەوە و گەڕانەوە بۆ ستەمکاری، هاوکات ڕێز و ستایشی بۆ قوربانیان و خێزانەکانیان و شاری هەڵەبجە وەک سیمبولێکی نیشتمانیی پایەبەرز و شکۆمەند دەربڕی".

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی کاری دڵسۆزانەش کردەوە بۆئەوەی شاری هەڵەبجە ببێتە پارێزگا لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها خزمەتگوزارییەکان پەرەیانپێبدرێت و پێداویستییەکانی هاووڵاتیانی لەژیانێکی ئازاد و شکۆمەند و ئارامدا دابینبکرێت.

دەقی وتەکەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار...

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لە ساڵیادی پڕئازاری تاوانی کیمیابارانی هاووڵاتیانی هەڵەبجەدا، لێرە لە سەرۆکایەتی کۆمار ئەم یادە بە توڕەیی و دڵتەنگییەکی زۆرەوە بەبیردەهێنینەوە، هەروەها بە ڕێز و ستایشەوە یادی ئەو قوربانیدانە مەزنانەی گەلەکەمان دەکەینەوە، کە پێشکەشیانکرد لەبەرەنگاربونەوەی زوڵم و ستەمکاریی دیکتاتۆریەت و بێباکی لە بەرامبەر گشت بەها مرۆییەکان.

ئەم تاوانە کردەوەیەکی قێزەون بوو، کە ویژدانی زیندووی مرۆڤایەتی هەژاند و جیهانی بەئاگاهێنایەوە بەرامبەر بە رەفتاری خوێنمژانەی ستەمکاری و  دیکتاتۆریەت، کە قێزەونترین چەکی  قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی دژی هاووڵاتیانی سڤیلی کورد بەکارهێنا.

تاوانی هەڵەبجە و قوربانییەکانی خاڵێکی جیاوازە لەمێژووی ستەمکاریدا، نەك تەنها لە وڵاتەکەماندا، بەڵکو لە تەواوی مێژووی دیکتاتۆرەکانی وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا، تاوانێکی بێ وێنەیە لەمێژوودا لەڕووی هەڵسوکەوتی وەحشیگەرانەی ستەمکاران دژی گەلەکانیان.

گرنگترین وانە، کە ئەم تاوانە دوپاتیدەکاتەوە، بریتییە لە بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤایەتی لە لادانی ستەمکاری و پاراستنی سەلامەتیی مرۆڤەکان و مافی ژیانیان لە وڵاتەکانیان بە ئاسایش و ئاشتی و ئازادی و شکۆمەندی.

لەبەرئەوە بەردەوامبون لەبونیادنانی ئەزمونی دیموکراسی لەدەوڵەتێکی فیدراڵیدا، یەکێکە لە گرنگترین وانە پێویستەکان بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوە بۆ ستەمکاری.

لەم بۆنە ئازاربەخشەدا، کاتێك یادی قوربانیدانە مەزنەکانی گەلەکەمان دەکەینەوە، ستایشی گەورەیی ئەو قوربانیدانانە دوپاتدەکەینەوە و بە ڕێز و پێزانینەوە یادی شەهیدان دەکەینەوە، سڵاو لەو خانەوادانە دەکەین کە ستەمیان لێکرا و بە ڕێزێکی زۆریشەوە دەڕوانینە شاری هەڵەبجە وەك هێمایەکی نیشتمانیی پایەبەرزی خاوەن شانازی و شکۆمەندی.

لەم بۆنەیەدا جەخت لە گرنگی بەردەوامبوونی کاری دڵسۆزانە دەکەینەوە بۆئەوەی شاری هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها پەرەبدرێت بە خزمەتگوزارییەکان و پێداویستییەکانی هاووڵاتیانی لەژیانێکی ئازاد و شکۆمەند و ئارامدا دابینبکرێت.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی عێراق..
شانازی بۆ خانەوادە بەخشندەکانیان.
شکۆمەندی بۆ هەڵەبجه.
دوبارە سڵاوی خوداتان لێ بێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket