riklam

سەرۆكکۆمار: پەلە بکرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان

عیراق 02:38 PM - 2024-03-10
سەرۆککۆمار نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار

سەرۆککۆمار

سەرۆککۆمار ئەنجومەنی نوێنەران

د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەشداری لەو ئاهەنگە کرد کە ئەنجومەنی نوێنەران سازیکردبوو بەبۆنەی ساڵیادی سەدەی یەکەمیەوە لەژێر دروشمی ( ژیانی پەرلەمانی.. خواستی گەل).

لە میانەی ئاهەنگەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 10-3-2024، بەڕێوەچوو سەرۆک کۆمار وتەیەکی پێشکەش کرد و ستایشی بۆنەکەی کرد، راشیگەیاند: "هەرکەسێک لە مێژووی سیاسی هاوچەرخی عێراق بڕوانێت، بۆی دەردەکەوێت لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە دیموکراسی ترین و پێشکەوتوترین بنەماکانی دەستوورییان دامەزراندووە لەو کاتەدا".

"عێراق قۆناغی ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی تێپەڕاندوە، دوای ئەوەی گەل نادادپەروەری دیکتاتۆریان ڕەتکردەوە و لە چەند ڕاپەڕینێکدا ڕەتکردنەوەی ئەو ستەمکارییەیان دەربڕی، کە ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و لەناوبردن بوونەوە هەتا ئەو کاتەی خاکی عێراق پڕبوو لەتەرمی شەهیدان، کە لە ئەنجامدا سیستمێکی دیموکراسی بەرجەستە بوو لە دەستووری ساڵی 2005 دا"، سەرۆککۆمار وای وت.

سەرۆک کۆمار داوای تەواوکردنی دامەزراوەکانی کرد کە لە دەستووردا دیاریکراون، کە گرنگترینیان ئەنجومەنی فیدراڵییە، هەروەها پەلەکردن لەهەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ داڕشتنی ئەو یاسایانەی کە خزمەتی وڵات و هاوڵاتیان دەکات.

دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆمار

 بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
 خوشکان برایان ئامادەبووانی بەڕێز
 سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت

ئەمڕۆ ئاهەنگی بۆنەیەک دەگێڕین کە قۆناغێکی دامەزراندن و شانازی بە میراتی سیاسی گەورەی عێراق دەبەخشێت، هەرکەسێک لە مێژووی سیاسی هاوچەرخی عێراق بڕوانێت، بۆی دەردەکەوێت لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کەدیموکراسی ترین و پێشکەوتووترین بنەماکانی دەستووریی ودەستەبەرکردنی ماف وئازادییەکانی دامەزراندووە لەو کاتەدا .

دامەزرێنەرانی حکومەتی نیشتمانی کاریان کردوە بۆ ئەوەی یاسای بنەڕەتی عێراق بە دەستی عێراقیەکان بنووسرێت و لە ساڵی ١٩٢٤ بۆ ئەو مەبەستە ئەنجوومەنی دامەزرێنەری عێراقیان دامەزراند.

عێراق یەکێکە لە پێشەنگەکانی دەوڵەتی دەستوری و دامەزراندنی دەستوری، بڕگەکانی یاسای بنەڕەتی عێراقیش ژیانی سیاسی عێراقی بەڕێوە دەبرد، هەروەها دەستوور سیستمی پەرلەمانی وەک میتۆدێکی حکومەت پەسەند کرد و یەکەم وڵاتی عەرەبیش بوو کە دەسەڵاتی دادوەری دەستوری دامەزراند، بەو پێیەیش یاسای بنەڕەتی دامەزرانی دادگای باڵای بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستووریبوونی یاساکان و لێکدانەوەی دەستووری دامەزراند.

  لەکاتێکدا یادی 100 ساڵەی یەکەمی دامەزراندنی یەکەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مێژووی هاوچەرخدا دەکەینەوە، مێژووی وڵاتێک وەبیر دێنینەوە کە سەرکردایەتی لە پراکتیزەکردنی ژیانی سیاسی و دامەزراندنی دەستووری و ئەزموونی پەرلەمانی و دیموکراسی لەسەر بنەمای بۆچوونە جیاوازەکان چەسپاندوە.

عێراق قۆناغی ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی تێپەڕاندوە، دوای ئەوەی گەل نادادپەروەری دیکتاتۆریان ڕەتکردەوە و لە چەند ڕاپەڕینێکدا ڕەتکردنەوەی ستەمکارییان دەربڕی، کە ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و لەناوبردن بوونەوە هەتا ئەو کاتەی خاکی عێراق پڕبوو لەتەرمی شەهیدان، کە لە ئەنجامدا سیستمێکی دیموکراسی بەرجەستە بوو لە دەستووری ساڵی 2005 دا. کە سیستمی پەرلەمانی پەسەند کرد، دوای زنجیرەیەک دەستووری کاتی کە نزیکەی نیو سەدە حوکمڕانی عێراقی دەکرد .

وبەپێی ئەو دەستوورە بڕیاردرا هەموو لایەنەکانی نیشتمانیی عێراق بەشداری بکەن لە حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و تاکڕەوی لە بڕیارداندا.

ڕژێمە تۆتالیتارییەکان توانیان - بەداخەوە- سروشتی حوکمڕانی لە عێراقدا بگۆڕن و ڕژێمی نیشتمانی بگۆڕن بۆ ڕژێمێکی دیکتاتۆری کە چەندین دەیە بەدەستیەوە ناڵاندمان.

دەبێت ئەوە بزانین کە جیهان ئەمڕۆ بەهۆی پاشەکشێی دیموکراسیەوە دەناڵێنێت، لە ژێر کاریگەری سامان و پراکتیزەکردنی ستەمکاری کە کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی زۆرێک لە وڵاتان هەبووە .

بۆ ئەوەی ئەزموونی دیموکراسیمان سەربکەوێت، ئێمە وەک سەرکردە سیاسییەکان و خاوەن بڕیار، پێویستە ئەو دامەزراوانە تەواو بکەین کە لە دەستووردا دیاریکراون، کە گرنگترینیان ئەنجومەنی فیدراڵییە، بەم بۆنەیەشەوە داوا لە هێزە سیاسییەکان و ئەنجومەنە بەڕێزەکەتان دەکەم، کە پەلە بکەن لەهەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ داڕشتنی ئەو یاسایانەی کە خزمەتی وڵات و هاوڵاتیان دەکات.

 

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ هەمووتان دەخوازین لەپێناوی خزمەتی گەلی عێراق کە ئاواتەخوازی ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندان.

هەروەها سەرۆک کۆمار بەیاوەری موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە بەرپرسان، پێشانگایەکی وێنە و کتێبی تایبەت بە یاسادانانیان کردەوە کە قۆناغەکانی کارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەخۆ گرتبوو .
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket